بەفر رێگەی نێوان دوو شاری رۆژهەڵاتی کوردستانی داخست

16-11-2025
ژیلا ئەسعەد
ژیلا ئەسعەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەفربارین لە ملەی تەتە، رێگەی نێوان شارەکانی پاوە و مەریوانی لە پارێزگاکانی سنە و کرماشانی داخست. 
 
رۆژی شەممە، 15-11-2025، محەممەد شەبرەندی، بەڕێوەبەری رێگەوبانی سەوڵاوا لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی بارینی بەفر لە ملەی تەتە کە دەکەوێتە سەر رێگەی سەرەکیی نێوان شارەکانی پاوە-مەریوان، ئەم رێگەیە داخراوە.
 
محەممەد شەبرەندی گوتی، بەهۆی نەبوونی سەلامەتیی رێگەوبان، لەوانە تەم و مژێکی زۆر، نەبوونی مەودای بینینی پێویست، هەروەها بەردەوامبوونی بارینی بەفر، بڕیاریان داوە رێگەکە تاوەکو ئاگادارکردنەوەیەکی دیکە دابخرێت.
 
بەڕێوەبەری رێگەوبانی سەوڵاوا، داوا لە خەڵکی ناوچەکەش دەکات، رێگەی سەوڵاوا-هەجیج - هەورامان - ژاڵانە وەکو رێگەی جێگرەوە بەکاربێنن.
 
بە گوتەی محەممەد سەبرەندی، دووبارە کردنەوەی ملەی تەتە و رێگەی نێوان پاوە-مەریوان بەندە بە باشتربوونی بارودۆخی کەشوهەوا و دڵنیابوون لە سەلامەتی رێگەکە.
 
ملەی تەتە پارێزگاکانی سنە و کرماشان پێکەوە دەبەستێتەوە و لەنێوان شارەکانی پاوە و مەریوان هەڵکەوتووە و ساڵانە بەفری زۆری لێ دەبارێت. بەهۆی بارینی بەفری زۆر و سەختیی ناوچەکە، هەروەها مەترسیی رەنوەبەفر، رێگەکە هەموو ساڵێک لە وەرزی پاییزدا دادەخرێت و لە وەرزی بەهاردا دەکرێتەوە.
 
چوار کیلۆمەتری رێگەی ملەی تەتە دەکەوێتە سنووری پارێزگای سنە و 17 کیلۆمەتریشی دەکەوێتە پارێزگای کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باران بارین لە هەولێر. وێنە بڵند تاهیر-رووداو

پێشبینی دەکرێ سبەی لە بەشێکی باشووری کوردستان تاوەباران بێت

کەشناسیی هەرێمی کوردستان و شارەزایەکی بواری کەشناسی پێشبینی دەکەن سبەی شەممە باران لە بەشێکی باشووری کوردستان ببارێ؛ باران لە ناوچە شاخاوییەکان زیاتر دەبێت.