رووداو- هەولێر
دەستەی گشتی ئاماری هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەو ئامارانەی کە وەزارەتی پلاندانی عێراق لەبارەی ژمارەی دانیشتوان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بڵاویدەکاتەوە بێبنەمان، هاوکات بەپێی دوایین پێشبینی، ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان 5 ملیۆن و 300 هەزار کەسە.
سیروان محەممەد ئەمین، بەڕێوەبەری دەستەی گشتی ئاماری هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:"ئەو ئامارانەی کە وەزارەتی پلاندانی عێراق لەبارەی ژمارەی دانیشتوان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بڵاویدەکاتەوە بێبنەمان و پشت بە هیچ ئامارو داتایەکی دروستەوە نابەستن، لە کاتێکدا لە ناوەڕاستی ساڵانی نەوەدی سەدەی رابردووەوە سەرژمێری لە عێراق ئەنجام نەدراوە".
سیروان محەممەد گوتیشی "ئەو ئامارانەی عێراق لەبارەی دانیشتووانەوە بڵاویدەکاتەوە و بەغدا پشتی پێ دەبەستێ، بەڵام هەرێمی کوردستان دانی پێدانانێ، هاوکات بەپێی دوایین پێشبینی دەستەی گشتی ئامار ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان گەیستووەتە ٥ ملیۆن و٣٠٠ هەزار کەس".
ئەمە لەکاتێکدایە وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاشکرای کرد کە پێشبینی دەکات ژمارەی دانیشتوانی عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە لە ساڵی 2014 بگاتە 36 ملیۆن و 4 هەزارو 552 کەس و نزیکەی 18ملیۆن لەو دانیشتوانە نێر دەبن و نزیکەی 17 ملیۆنیش مێ دەبن.
هەروەها راشیگەیاند، کە ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای سلێمانی بۆ ساڵی 2014 دەگاتە 2ملیۆن و 39 هەزارو 767 کەس، هاوکات دانیشتوانی پارێزگای کەرکووک دەگاتە ملیۆنێک و 508 هەزارو 854 کەس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ