پۆرتاڵی رووداو راپرسی كەسایەتی گەنجی ساڵی 2014 رادەگەیێنێ

16-12-2014
محه‌مه‌د نه‌جات
نیشانەکردن کەسایەتی ساڵ
A+ A-

رووداو- هەولێر

پۆرتاڵی رووداو راپرسی بۆ دیاریكردنی كەسایەتی گەنجی ساڵی ٢٠١٤ لە كوردستان رادەگەیێنێ، بە بەشداری 7 كەس، كە لەو ساڵەدا ناویان هەبووە و بوونەتە جێی سەرنجی هاونیشتمانیان. راپرسییەكە بۆ ماوەی ١٥ رۆژ دەبێ و دەتوانن بە پێدانی یەك دەنگ بەشدار بن.

هێمن لهۆنی، بەڕێوەبەری پۆرتاڵی رووداو رایگەیاند: "دیاریكردنی ئەم كەسایەتییانە لەسەر بنەمای كارەكانیان بۆ ساڵی رابردوو كراوە و كارەكتەرێكی دیاری رووداوەكانی كوردستان بوون".

لهۆنی گوتیشی: "پۆرتاڵی رووداو مەبەستیەتی ساڵانە تەنیا بۆ گەنجە دیارەكانی ساڵ راپرسی بكات".

ساڵی پاریش لە راپرسی رووداو عەلی حەمە ساڵح وەك گەنجی ساڵ دیاریكرا.

بەشداربووانی كەسایەتی گەنجی ساڵی 2014:

  قوباد تاڵەبانی 
قوباد، كوڕی مام جەلال كەسایەتی ناودار و سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، كە خاوەنی بڕوانامەی ئەندازیارییە و ساڵانێكی زۆر نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە لە ئەمریكا. تاڵەبانی كوڕ لە كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك جێگری سەرۆكی حكومەت دەستبەكاربووە و لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان رۆڵی بەرچاوی هەبووە لە بەرزكردنەوەی دەنگی حیزبەكەی بە بەشداریكردنی لە هەڵمەتی هەڵبژاردن.


 فەرهاد ئەتروشی 
یەكێكە لە گەنجە سیاسییە دیارەكانی ساڵی رابردوو لە هەرێمی كوردستان. لە هەڵبژاردنی پارێزگاكان زیاتر لە 30 هەزار دەنگی بەدەستهێناو و بووە پارێزگاری دهۆك لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان. پێشتریش لە پەرلەمانی عێراق رۆڵێكی بەرچاوی هەبووە لە داكۆكیكردن لە مافەكانی كورد. هەر لەگەڵ دەستبەكاربوونی وەك پارێزگار تووشی كێشەی گەورەی ئاوارەكان بووەوە.
ئێستا لە پارێزگاكەی نزیكەی 700 هەزار ئاوارە دەژین. ئەتروشی سەركەوتووانە كارەكانی جێبەجێكردووە لەگەڵ ئەوەی ژمارەی دانیشتووانی پارێزگاكەی 60% زیادیكردووە.


 عەممار كوڤی 
لە كۆتا مانگەكانی ساڵی 2014 عەممار كوڤی بووە بابەتی میدیاكان و چووە پێش هەواڵەكانی شەڕی داعش. كوڤی بەشداربوویەكی كورد بوو لە بەرنامەی ئەرەب ئایدڵی كەناڵی ئێم بی سی. عەممار لە قۆناخەكانی كۆتایی لە بەرنامەكە دوورخرایەوە بەهۆی نەهێنانی دەنگی پێویست. كوڤی بە رۆژنامەی رووداوی گوت كە كەناڵەكە پێیان ناخۆش بوو گۆرانیی بۆ پێشمەرگە گوتبوو.



 هەڤاڵ ئەبوبەكر 
كاندیدی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاكان لە سلێمانی، 241 هەزار دەنگی هێنابوو.

ئەمەش یەكێكە لە ریكۆردەكان لە ئاستی عێراق. هەڤاڵ ئەبوبەكر بۆ دوو ساڵ دەبێتە پارێزگاری سلێمانی بەپێی رێككەوتنی یەكێتی و گۆڕان. ئەو چەندین ساڵە ناوێكی دیارە لە سلێمانی بەتایبەتی لەناو گەنجەكانی ئەو شارە و ساڵانێكی زۆرە مامۆستایە لە زانكۆی سلێمانی.


 سەڵاحەددین دەمیرتاش 
دەنگێكی دلێری ئازای باكووری كوردستانە. دەمیرتاش وەك كاندیدی كورد چووە مەیدانی هەڵبژاردنەكان و بووە ركابەری رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆككۆماری توركیا. دەمیرتاش وەك براوەیەكی گرنگی هەڵبژاردنەكان بینرا، بەهۆی ئەوەی توانی دەنگی كورد بۆ یەكەمجار بگەیێنێتە 10%. ئێستا دەمیرتاش یەكێكە لە كارەكتەرە گرنگەكانی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا.


 هێڵی لەڤ 
هەر بە دەركەوتنی بووە باس و خواستی میدیا كۆمەڵایتییەكان. یان زۆر پەسنكرا یان زۆر رەخنەی لێگیرا. هێڵی لەڤ گۆرانیبێژی لاوی كورد بە كلیپی (risk it all) توانی ببێتە جێگای سەرنجی زۆرێك. لە فەیسبووك زیاتر لە ملیۆنێك لایكی هەیە و گۆرانییەكەی نزیكەی 4 ملیۆن جار بینراوە.


 حافز نازری
حافز ،کوری شارام نازری شوالیەی ئاواز و هونەرمەندی بەناوبانگی رۆژهەڵاتی کوردستانە،ژەنینی ئامێرەکانی میوزیکی لە تەمەنی سێ ساڵییەوە لەژێر چاودێری باوکی دەسپێکردووە ،ناوبراو ژەنیاری حافز(سازێکە کە خۆی دایهێناوە) و دەفە .
حافز نازری لەگەڵ ئەوەی تا ئێستا لەدەیان وڵاتی جیهان کۆنسێرتی بووە، دوو جار بەربژێری خەڵاتی گرێمی(گەورەترین خەڵاتی جیهانی میوزیک) بووە ،ساڵی 2007 بۆ ئاڵبۆمی "شوری رۆمی" و  ساڵی 2014 بۆ  ئەلبومی "دووای یازەدەهەم" ،بەوەش یەکەم کوردێکە کە لەمێژووی گرێمیدا رکابەری هونەرمەندانی گەورەی جیهانی کردووە .
هەروەها ئەلبومی ”دووای یازەدەهەم"  نازناوی دوهەمین ئاڵبومی پڕفرۆشی میوزیکی کلاسیکی ساڵی ئەمریکای بەدەسهێناوە .
حافز نازری لەدووایین چاوپێکەوتنیدا رایگەیاندووە" هۆکاری سەرکەوتنم کورد بوونمە " .








 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە