پێشمەرگە لە سنووری گەرمیان گۆڕێکی بە کۆمەڵ دەدۆزێتەوە

16-12-2021
هونەر حەمید
جێگری بەرپرسی میحوەری قەرەتەپەی حەمرین: ئەو گۆڕە بە کۆمەڵە تەرمی 10 سەربازیی عێراقی تێدایە
جێگری بەرپرسی میحوەری قەرەتەپەی حەمرین: ئەو گۆڕە بە کۆمەڵە تەرمی 10 سەربازیی عێراقی تێدایە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە نێوان هەردوو گوندی پەلکانە و دووراجی لە زنانەی سنووری گەرمیان گۆڕێکی بە کۆمەڵ دۆزرایەوە کە 10 سەربازی سوپای عێراقی تێدایە. 
 
محەممەد سیاسی، جێگری بەرپرسی میحوەری قەرەتەپەی حەمرین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەو گۆڕە بە کۆمەڵە کە دۆزراوەتە تەرمی 10 سەربازیی عێراقی تێدایە کە لە ساڵی 2018 لەلایەن چەکدارانی داعشەوە رفێندرابوون."
 
جێگری بەرپرسی میحوەری قەرەتەپەی حەمرین دەڵێت، بڕیارە ئەمڕۆ تیمێکی هەندەسی بۆ هەڵدانەوەی گۆڕەکان بێن و دەشڵێت، ئەو گۆڕە بە کۆمەڵە رۆژی چوارشەممە 15-12-2021 "لەنێو زیندانێکی چەکدارانی داعش دۆزراوەتەوە کە لە ماوەکانی پێشوو بەکاریان هێناوە بۆ زیندانیکردنی خەڵك."
 
بەگوتەی محەممەد سیاسی، ئۆپەراسیۆنەکانی هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت و هەموو ئەو ناوچانە دەپشکنین کە پێشووتر چەکدارانی داعشی لێبووە.
 
رۆژی 8-12-2021 ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە میحوەری گەرمەسێر دەستیپێکرد، ئەم ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لەچوارچێوەی ئەو رێککەوتنانە دێت کە پێشتر کراون.
 
ماوەیەکە چەکدارانی داعش کەلێنی ئەمنیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقیان بۆ چڕکردنەوەی هێرشەکانیان زیاتر قۆستووەتەوە و هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی پێشمەرگە و گوندنشینانی ناوچە کوردستانییەکان.
 
لەدوای رووداوەکانی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە و کشانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، چەکدارانی داعش لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان خۆیان رێکخستووەتەوە و چالاکییەکانییان زیاترکردووە، ئەمەش پێویستیی گەڕانەوەی پێشمەرگەی بۆ ئەو ناوچانە زیاترکردووە، بەڵام چەند لایەنێکی عەرەبی و تورکمانی و گرووپەکانی حەشدی شەعبی لەدژی دروستکردنی لیوا هاوبەشەکانی نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەن و دژی گەڕانەوەی پێشمەرگەشن بۆ ئەو ناوچانە.
 
حەوت هەزار پێشمەرگە و سەربازی سوپای عێراق لە سەرەتای ئەم مانگەوە دەستیان بە مەشق و راهێنان کردووە، دوای تەواوبوونی مەشقەکان کە 60 رۆژ دەخایێنێت، تێکەڵ بە یەکدی دەکرێن و لیوایەکیان لە خانەقینەوە تاوەکو ناوچەی ناو شوان لە سنووری پارێزگای کەرکووک بڵاوەیان پێدەکرێت، لیواکەی دیکەشیان لە ناوچەی ناو شوانەوە تاوەکو بەنداوی موسڵ بڵاودەبنەوە و ئەو کەلێنە ئەمنیانە پڕدەکەونەوە کە لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەیە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە