رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی کۆچی دواییی میری کوێت، سەرەخۆشی لە گەلەکەی دەکات و دەڵێت، "ئێمە لە هەرێمی کوردستانی عێراق هاوبەشی خەم و پەژارەی وڵاتی کوێتی دۆستین لەم ساتە سەختەدا."
رۆژی شەممە، 16-12-2023، تەلەفزیۆنی دەوڵەتی کوێت بڵاویکردەوە، "شێخ نەواف ئەحمەد جابر ئەلسوباح، میری کوێت لە تەمەنی 86 ساڵیدا گیانی لەدەستدا."
هەر ئەمڕۆ شەممە، 16ـی کانوونی یەکەمی 2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی سەرەخۆشی بەبۆنەی کۆچی دوایی میری کوێت بڵاوکردەوە و گوتی: "سەرەخۆشیی قووڵی خۆم ئاڕاستەی گەل و سەرکردایەتیی وڵاتی کوێتی دۆست دەکەم بەبۆنەی کۆچی دوایی شێخ نەواف ئەحمەد جابر ئەلسوباح."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، "ئێمە لە هەرێمی کوردستانی عێراق هاوبەشی خەم و پەژارەی وڵاتی کوێتی دۆستین لەم ساتە سەختەدا. داواکارین لە خودای گەورە خوالێخۆشبوو بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و سەبووری هەموو لایەک بدات."
راگەیاندنی کۆچی دوایی میری وڵاتەکە بە چەند ئایەتێکی قورئانی پیرۆز لە تەلەفزیۆن راگەیێندرا و دواتر خوێندرایەوە کە "بە خەم و پەژارەیەکی زۆرەوە بە کۆچی دوایی شێخ نەواف ئەحمەد جابر ئەلسوباح، میری کوێت تازیەبارین".
چەند کاژێرێک دوای راگەیاندنی کۆچی دوایی شێخ نەواف ئەلسوباح، میری کوێت، تەلەڤزیۆنی فەرمی وڵاتەکە میری نوێی راگەیاند کە شێخ میشعەلی برای شێخ نەوافە و تەمەنی 83 ساڵە.
هەرچەندە تا ئێستا هۆکاری سەرەکیی گیانلەدەستدانی میری کوێت بە فەرمی رانەگەیێندراوە، بەڵام لە کۆتاییەکانی مانگی پێشوو (تشرینی دووەم) بەهۆی نەخۆشییەوە میری کوێت لە نەخۆشخانە خەوێندرا.
شێخ نەواف ئەحمەد لەدایکبووی ساڵی 1937 و کوڕی ئەحمەد جابر ئەلسوباحە؛ میرە کۆچکردووەکە لە ساڵی 1962 لە تەمەنی 25 ساڵی بووە پارێزگاری پارێزگای حەوەلی لە کوێت؛ لە ساڵی 1978 بۆ 1988 وەک وەزیری بەرگریی وڵاتەکە کاری کرد. دوای ئازادکردنی کوێت لە شەڕی کەنداو، شێخ نەواف وەک وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بۆ ماوەی ساڵێک کاری کرد.
کوێت وڵاتێکی بچووکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە و دەکەوێتە ناوچەی کەنداو؛ هاوسنووری عێراق و سعودیەیە. وڵاتەکە لە ساڵی 1613 دامەزراوە و لە ساڵی 1752 سەربەخۆیی لە ئەمارەتی بەنی خەلیل وەرگرتووە و پاشان دوای دوو رێککەوتننامە لەگەڵ بەریتانیا لە ساڵەکانی 1899 و 1913 دواجار لە 1961 سوپای بەریتانیا لە خاکەکەی چووەتە دەرەوە. لە 1991 دوای داگیرکردنی لەلایەن عێراقەوە، بە یارمەتیی ئەمریکا و هێزی هاوپەیمانان ئازادکرا.
دانیشتووانی وڵاتەکە 4.4 ملیۆن کەسن، 1.45 ملیۆن لەو ژمارەیە کوێتی رەسەنن کە 32.5%ـی دانیشتووان پێکدەهێنن و سێ ملیۆنەکەی دیکە هاووڵاتی بیانیی 100 وڵاتی جیاوازن و زۆربەی دانیشتووانەکە نیشتەجێی شاری کوێتی پایتەختن.
زمانی فەرمیی وڵاتەکە عەرەبی و ئینگلیزییە، جگە لەوانە زمانەکانی هیندی، بەنگالی، ئۆردو، مالیزی، فارسی، تورکی، فەرەنسی و پەشتویی قسەیان پێدەکرێت. سیستمی بەڕێوەبردنی وڵاتەکە پەرلەمانی و پاشایەتییە.
%76.6ی دانیشتووانی کوێت موسڵمانن، 17.3% کریستیان و 6%یش ئایینی دیکەیان هەیە. دراوی وڵاتەکە دیناری کوێتییە و یەکێکە لە دراوە زۆر بەهێزەکانی جیهان بە جۆرێک یەک دیناری کوێتی بەرامبەر 3.24 دۆلاری ئەمریکییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ