سامانە سرووشتییەکان: 601 هەزار خێزان نەوتیان پێدراوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 120 ملیۆن لیتر نەوتیان بەسەر خەڵکدا دابەشکردووە. بەرپرسێکی نەوت و کانزاکان دەڵێت، ئەوەی دابەشکراوە بۆ ناوچە شاخاوییەکان و دەوروبەری پارێزگاکان بووە و قۆناخی دواتر لە سەنتەری پارێزگاکان دابەش دەکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "تاوەکو ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان 120 ملیۆن و 294 هەزار و 200 لیتر نەوت بەسەر 601 هەزار و 471 خێزاندا دابەشکراوە".
بەگوێرەی وەزارەتەکە، تاوەکو ئەمڕۆ 488 هەزار و 252 خێزان ماون نەوت وەربگرن.
ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەوەی دابەشکراوە بۆ ناوچە شاخاوییەکان و ناوچەکانی دەوروبەر بووە".
لەبارەی دابەشکردنی نەوت لە سەنتەری هەولێر، ئاری کاکەشین گوتی: "تاوەکو ئەمڕۆ ناوچە شاخاوییەکان و دەوروبەر تەواو نەبوون، دوای ئەوان لە سەنتەری شارەکانیش دابەش دەکرێت".
هەر ئەمڕۆ سەلام عومەر، ئەندامی لیژنەی دابەشکردنی نەوت لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "زۆرینەی ناوچەکانی سنوورەکەمان لە ناوچە شاخاوییەکان و دەوروبەر نەوتیان پێدراوە و دابەشکردنیش بەردەوامە".
سەلام عومەر گوتی: "دابەشکردن لە سەنتەری پارێزگاکان پێویستی بە فەرمان و رەزامەندی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانە، بۆ سەنتەری هەموو پارێزگاکان یەک بڕیار دەردەچێت و لە هەموویان دابەشکردن پێکەوە دەستپێدەکات".
یەکێک لەو ناوچە شاخاوییانەی نەوتی لێ دابەشکراوە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە. ئەمیر شانەدەری، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی سنوورەکە ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "زیاتر 93%ـی خەڵکی ناوچەکە نەوتیان پێدراوە، دابەشکردن بەردەوامە و لەم رۆژانەدا تەواو دەبێت".
بەگوێرەی پارێزگاکان تاوەکو ئەمڕۆ دابەشکردنی نەوت بەمشێوەیە بووە:
پارێزگای هەولێر:
هەولێر: 31 ملیۆن و 526 هەزار لیتر دابەشکراوە.
ئیدارەی سۆران: 16 ملیۆن و 290 هەزار و 400 لیتر دابەشكراوە.
پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە:
سلێمانی: 49 ملیۆن و 189 هەزار لیتر دابەش کراوە.
هەڵەبجە: 5 ملیۆن و 239 هەزار لیتر دابەش کراوە.
پارێزگای دهۆک
دهۆک: 15 ملیۆن و 731 هەزار و 200 لیتر دابەش کراوە.
ئیدارەی زاخۆ: 2 ملیۆن و 308 هەزار و 600 لیتر دابەش کراوە.
لە 13-10-2025 وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە لە ناوچە شاخاوییەکانی چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان دابەشکردنی نەوت دەستپێدەکات.
بەگوێرەی وەزارەتەکە، "دابەشکردنی نەوت بۆ زستانی ئەم ساڵ بۆ هەر خێزانێک 200 لیتر دەبێ و ئەمڕۆ لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە و دهۆک) هەروەها ئیدارە سەربەخۆکانی (سۆران، راپەڕین، گەرمیان و زاخۆ ) دەستپێدەکات".
لە سەنتەری شارەکان بەرمیلێک نەوت بە 104 هەزار دینار و بە نرخی پاڵپشتیکراو دەدرێت هاونیشتمانیان، لە گوندەکانیش بە 105 هەزار دینار.
ساڵی رابردوو دابەشکردنی نەوت بە نرخی پاڵپشتیکراو لە 12ـی ئەیلوولەوە دەستیپێکرد.