عەبدولخالق تەڵعەت: 85%ی کارەکانی پێکهێنانی دوو لیوا هاوبەشەکە تەواو بووە

17-01-2022
گۆڤەند مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
نوێنەری هەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق لە بەغدا رایدەگەیێنێت، 85%ی کارەکانی پێکهێنانی دوو لیوا هاوبەشەکەی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق تەواو بووە، تەنیا تەرخانکردنی بودجەیەکی تایبەت و مووچەی تایبەت بەو دوو لیوایە ماوە.
 
رۆژی دووشەممە 17-01-2022، لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری هەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق لە بەغدا لە کاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی هەواڵەکانی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، لەسەر پرسی پێکهێنانی لیوا هاوبەشەکانی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق کە بڕیاربوو راستەوخۆ دوای سەری ساڵ پێکبهێندرێن، رایگەیاند "کارەکانی پێکهێنانی ئەو دوو لیوایە 85%ی تەواو بووە، هۆکاری دواکەوتنەکە زیاتر پەیوەندیی بە مووچەوە هەیە، چونکە مووچەی لیواکەی هەرێمی کوردستان دەچێتە سەر وەزارەتی بەرگریی عێراق؛ هەروەها هەندێک کەموکوڕی هەبوو لە زانیاریی ناوەکان کە رەوانەکرابوو؛ ئەو ناوانە بە نووسراوی فەرمی گەڕانەوە وەزارەتی پێشمەرگە و دواتر جارێکی دیکە گەڕێندرانەوە بەغدا؛ ئێستا تەنیا وردبینیکردن لە ناوەکان ماوە لەگەڵ دانانی بودجەیەکی تایبەت و هەروەها مووچە؛ پشتیوان بە خودا ئەویش لە ماوەیەکی نزیک کۆتایی دێت".
 
بە گوتەی عەبدولخالق تەڵعەت، جگە لە پرسی مووچە و بودجە "هیچ هۆکارێکی دیکە نییە لە دواکەوتنی پێکهێنانی ئەو دوو لیوا هاوبەشە. تاوەکو ئێستا هیچ گرفتێکی سیاسی نەهاتووەتە پێش، لەوانەیە هەندێک لایەن لەنێو حکومەتی عێراق هەبن حەز بە پێکهێنانی ئەو لیوا هاوبەشانە نەکەن، بەڵام پێکهێنانی ئەو دوو لیوایە سوودی بۆ هەرێمی کوردستان و عێراقیش دەبێت لە پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنیەی لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق هەیە".
 
سەبارەت بەو شوێنانەی ئەو لیوایانەی تێدا جێگیر دەکرێن، عەبدولخالق تەڵعەت ئاماژەی بەوە کرد، "هەموو شوێنەکان دیاریکراون؛ ئەوان بەسەر 8 میحوەردا دابەش دەبن هەر لە میحوەری خانەقینەوە تاوەکو دەگاتە سحێلا و سنووری سووریا؛ ئەو دوو لیوا هاوبەشە لەو شوێنانە جێگیر دەکرێن کە بۆشایی ئەمنییان هەیە بۆئەوەی داعش و هەر هێزێکی دیکە، ئەو هێزانەی کە هێرشیان کردە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و ویستیان ئارامیی شاری هەولێر تێکبدەن، نەتوانن کاری تێکدەرانە بەرامبەر هەرێمی کوردستان ئەنجام بدەن".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دوو کارمەندی هێزە ئەمنییەکان.

'شێرەکەی کەرکووک' دەستگیرکرا

'شێرەکەی کەرکووک' لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی بەغدا دەستگیرکرا. لە کەرکووکیش دوو کەس بە تۆمەتی وەرگرتنی پارەی حەواڵەی رێکخراوی داعش و دابەشکردنی بەسەر ئەندامانیدا، دەستگیرکران.