کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و ماكرۆن: پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان گرنگە

رووداو دیجیتاڵ 

سه‌رۆکوەزیرانی هه‌رێمى كوردستان و سه‌رۆكى فه‌ره‌نسا کۆبوونەوە. حکومەتی هه‌رێمى كوردستان دەڵێت، ماکرۆن "پشتگیریی تەواوی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە." 
 
رۆژی چوارشەممە 17-01-2024، مەسرور بارزانى، سه‌رۆکوەزیرانی هه‌رێمى كوردستان له‌گەڵ ئيمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكى فه‌ره‌نسا له‌ داڤۆس کۆبووەوە. 
 
تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە، بەگوێرەی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بوو بە هێرش و پەلامارەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر کە "هەڕەشەیەکی راستەقینەیە بۆ سەر هەرێمی کوردستان و پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەری عێراق و هەرێمی کوردستانە." 
 
شەوی دووشەممە، 15-01-2024 سوپای پاسداران بە مووشەک هێرشی کردە سەر ماڵێکی سەرمایەداری ناسراوی هەولێر پێشڕەو دزەیی و لەئەنجامدا بووە هۆی گیانلەدەستدانی پێشڕەو دزەیی، کچێک، هاوڕێیەک و کارگوزارێکی ماڵەکەی، هەروەها 16 کەسیش بریندار بوون.
 
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا رۆژی سێشەممە، 16-1-2024، لەبارەی هێرشی مووشەکیی ئێران بۆ سەر هەولێر لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "فەرەنسا زۆر بە تووندی سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان دەکات لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە."
 
مەسرور بارزانى و ئيمانوێل ماكرۆن، "هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان." 
 
سه‌رۆكى فه‌ره‌نسا "هاوخەمیی قووڵی" خۆی بە سه‌رۆکوەزیرانی هه‌رێمى كوردستان گەیاند و "پشتگیریی تەواوی وڵاتەکەی بۆ  هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە." 
 
وەکو حکومەتی هه‌رێمى كوردستان دەڵێت، سه‌رۆکوەزیران سوپاسی ماکرۆن و فەرەنسای کردووە، "بۆ هاوخەمی و پشتیوانیی بەردەوامیان لە هەرێمی کوردستان کە لە قۆناخە جیاوازەکاندا، فەرەنسا هەمیشە پشتیوانیی لە گەلی کوردستان کردووە." 
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "گرنگیی چاره‌سه‌ركردنى کێشەكانى هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لەسەر بنەمای دەستوور، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو."