رووداو دیجیتاڵ
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) نێوەڕۆکی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی ئاشکرا دەکات و دەڵێت: جەختمان لە یەکهەڵوێستیی کورد لە سووریا کردەوە.
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 16ی کانوونی دووەمی 2025، لە پیرمام سەرۆک بارزانی پێشوازی لە مەزڵووم عەبدی کرد.
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لەو بارەیەوە، لە پۆستێکی ئێکس دا نووسیویەتی: "کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی جێگای دڵخۆشی بوو."
لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەش دەڵێت: "باسی ئەو گۆڕانکارییانەمان کرد کە سووریا پێیدا تێدەپەڕێت و پێکەوە جەختمان لەوە کردەوە کە پێویستە هەڵوێستی کوردان لە سووریا یەک بێت و دەبێت ئەو دیالۆگەی لەگەڵ شام دەکرێت، بە شێوەیەکی ئاشتییانە مافی گەلی کورد بپارێزێت. هەروەها جەختمان لەوە کردەوە کە گرنگیی یەکێتیی کورد و ئارامیی ناوچەکە بەگشتی بەرپرسیارێتیی هەموومانە و پێکەوە هاوکار دەبین."
دوێنێ، بارەگای بارزانی لەبارەی کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی رایگەیاند: "لەم دیدارەدا بارودۆخی سووریا و دوا پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی سووریا و هەروەها چوارچێوەی گشتیی مامەڵەکردنی لایەنە کوردییەکان لەگەڵ بارودۆخی تازەی سووریا و چۆنیەتیی گرتنەبەری هەڵوێستێکی هاوبەشی لایەنە کوردییەکانی سووریا تاوتوێ کرا."
بارەگای بارزانی گوتیشی: "هەر لەم دیدارەدا جەخت لەوەکرایەوە کە پێویستە لایەنە کوردیەکانی سووریا بەبێ دەستوەردانی هیچ لایەنەک و بە رێکاری ئاشتیانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و لەپێناو زامنکردنی مافەکانیان بە یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی هاوبەش لەگەڵ حکومڕانانی تازەی سووریا بگەنە لێک تێگەیشتن و رێککەوتن، و فاکتەری ئاشتی و سەقامگیری بن و رێگری بکەن لە دووبارەبوونەوەی ئەو نەهامەتیانەی بەسەر گەلی کورد و پێکهاتەکانی تری سووریادا هاتوونە."
کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و فەرماندەی هەسەدە لەلایەن سیاسەتڤانانی کوردەوە پێشوازیی لێکرا.
لەیلا زانا، سیاسەتڤانی کورد لەبارەی کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی دەڵێت: سوپاستان دەکەین. پیرۆز و بەردەوام بێت. پێکەوەژیانی گەلان پێوەری ئێمەیە. هیوای گەلانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستتان گەورە کرد. pic.twitter.com/PKHfx8AFD8
— Rudaw (@Rudawkurdish) January 16, 2025
لەیلا زانا، ژنە سیاسەتڤانی باکووری کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "سوپاستان دەکەم.. پیرۆز و بەردەوام بێت! پێکەوەژیانی گەلان پێوەری ئێمەیە. هیواتان بە گەلانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گەورەتر کرد."
لای خۆیەوە، عوسمان بایدەمیر، پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە و سیاسەتڤان نووسیویەتی: " پیرۆز بێت.. ئەمە داواکاریی ملیۆنان کوردستانی بوو.. ماڵتان هەزار جار ئاوا بێت.. هیوامان ئەوەیە کە ئەمە بەردەوام بێت و دەرگای خێر بکاتەوە."
ئەم سەردانەی رۆژی پێنجشەممەی مەزڵووم عەبدی، دوای سەردانێکی د. حەمید دەربەندی، نوێنەری سەرۆک بارزانی هات بۆ رۆژئاوای کوردستان و کۆبوونەوەی لەگەڵیدا، کە لەو کۆبوونەوەدا بەفەرمی بانگهێشتنامەی سەرۆک بارزانی بە فەرماندەی گشتیی هەسەدە گەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ