گوتەبێژی یەکگرتوو: پێش نەورۆز کابینەی دەیەم پێکدەهێنرێت
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ پارتی و یەکێتی بۆیان دەرکەوتووە، پێکهێنانی کابینەی 10ـیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە پێش نەورۆز. لەبارەی ئاگربەستی غەززەش دەڵێت، "رێککەوتنی نێوان حەماس و ئیسرائیل، سەرکەوتنە بۆ حەماس".
شەوی 15-1-2024 قەتەر، رێککەوتنی نێوان حەماس و ئیسرائیلی راگەیاند و بڕیارە یەکشەممە رێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت، بەرەبەیانیی ئەمرۆ پێنجشەممەش، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە گوتاری ماڵئاواییدا رێککەوتنەکەی بە دەستکەوتێک بۆ کابینەکەی ناوبرد.
سەلاحەدین بابەکر، گوتەبێژی نوێی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) لەبارەی رێککەوتنەکە دەڵێت: "ئەمە دەستکەوتێکە بۆ حەماس و سەرکەوت، بەپێچەوانەوە ئیسرائیل ناچار کراوە بە رێککەوتن و شکستی ستراتیژیشی تووشبووە".
بە گوتەی سەلاحەدین بابەکر، حەماس دەستبەرداری هیچ هێڵێکی سوور نەبووە، بە پێچەوانەوە ئیسرائیل ناچارکراوە دەستبەرداری کۆمەڵێک هێڵی سوور ببێت، لەکاتێکدا پێشتر رایگەیاندبوو، دەستبەرداریان نابێت، "ئەمەش پێماندەڵێت چۆن حەماس لەماوەی 15 مانگی رابردوو لە گۆڕەپانی جەنگەکە سەرکەوتوو بووە، لەسەر مێزی گفتوگۆش سەرکەوتنی بەدەستهێناوە".
چەند رۆژێکە یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان کۆمەڵێک سەردانی بۆ لای لایەنە سیاسییەکان دەستپێکردووە، تاوەکو ئێستا بە جیا لەگەڵ پارتی و یەکێتی کۆبوونەتەوە، گوتەبێژی حیزبەکە دەڵێت، "کۆبوونەوەکانیان بەردەوام دەبن". ئەوەش وەک بڕیارێک ناودەبات کە دوای کۆنگرە، ئەو حیزبە داویەتی بۆ ئەوەی بەبێ جیاوازی سەردانی هەموو لایەنەکان بکات.
سەڵاحەدین بابەکر روونیکردەوە کە یەکگرتوو لەو سەردانانەیدا دوو بابەت لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان تاوتوێدەکات، یەکەمیان، ئەنجامەکانی کۆنگرەی یەکگرتوو و دووەمیش دۆخی ناوچەکە، لەنێویاندا دۆخی سووریا و پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا.
لەبارەی هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەت و رێککەوتنی پارتی و یەکێتیش، گوتەبێژی یەکگرتوو ئاشکرای کرد "لە یەکێتی و پارتی بیستوومانە هەردووکیان حەز دەکەن بە زوویی کابینەکە پێکبێت، گوتوویانە گفتوگۆکانیان پێشڤەچوون، ئێستا لیژنە هونەرییەکان خەریکی نووسینی کارنامەی حکومەتن، حەز دەکەن کابینەکە زوو پێکبیێهنن، وەک لەوانمان بیستووە، پێش نەورۆز کابینەی 10 پێکدەهێندرێت".
لەبارەی دۆخی رۆژئاوای کوردستانیش، سەڵاحەدین بابەکر نایشارێتەوە کە رەنگە شاندی یەکگرتوو سەردانی رۆژئاوای کوردستان بکات، بەڵام گوتی: "پەیاممان بۆ لایەنە سیاسییەکانی رۆژئاوای کوردستان ناردووە".