نێچیرڤان بارزانی: داننان بە مافی کورد هەنگاوێکی دروستە بۆ سووریای نوێ
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە مەرسوومەکەی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا دەکات بۆ داننان بە کورد وەک پێکهاتەیەکی رەسەن و دەڵێت: "ئەمە هەنگاوێکی گرنگی سیاسی و یاسایی دروستە."
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا کە (17-1-2026) بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاند: "داننان بە کورد وەک پێکهاتەیەکی رەسەن و پاراستنی مافەکانی، هەنگاوێکی گرنگی سیاسی و یاسایی دروستە بۆ بنیاتنانی سووریای نوێ و مسۆگەرکردنی مافی هەمووان."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوا دەکات ئەو بڕیارانە لە دەستووری داهاتووی سووریادا جێگیر بکرێن بۆ ئەوەی پارێزراو بن.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا هاتووە: "پشتیوانیی هەر هەوڵێک دەکەین بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێک لە سووریا کە هەموو پێکهاتەکان بێ جیاوازی و پەراوێزخستن لەباوەش بگرێت و تێیدا مافە سیاسی و کولتوورییەکانی هەمووان مسۆگەر و پارێزراو بن."
نێچیرڤان بارزانی ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی بۆ هەموو هاوکارییەک لەپێناو ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە دووپاتکردووەتەوە.
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
پێشوازی لە مەرسوومی دوێنێی بەڕێز ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کۆماری سووریا دەکەم. داننان بە کورد وەک پێکهاتەيهكى رەسەن و پاراستنی مافهكانى، هەنگاوێكی گرنگى سياسى و ياساييى دروسته بۆ بنیاتنانی سووریای نوێ و مسۆگەرکردنی مافی هەمووان.
رێزگرتن لە فرەیی و یەکسانی وەک سەرچاوەی هێز، نەک هۆکاری دابەشبوون، بنەمای سەقامگیری و ئاشتییە و پێکەوەژیانی نیشتمانی بەهێز دەکات. له كاتێكدا ئهم مهرسوومه بهرز ههڵدهسهنگێنين، دووپاتى دهكهينهوه كه بەهای تەواوەتیی ئەم بڕیارانە لهوهدايه بکرێنە یاسای بەکار و لە دەستوورى داهاتووى سووريادا جێگير بكرێن بۆ ئەوەی پارێزراو و بەردەوام بن.
پشتیوانیی هەر هەوڵێک دەکەین بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێک له سووریا کە هەموو پێکهاتەکان بێ جیاوازی و پەراوێزخستن لەباوەش بگرێت، تیایدا مافه سیاسی و کولتوورییهکانی ههمووان مسۆگهر و پارێزراو بن و ئارامى و سهقامگيريى ناوچهكه بههێز بكات.
بۆيه داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین دوور لە توندوتیژی، پێکەوە کار بكهن بۆ دانانی میکانیزمی روون بۆ جێبەجێکردنی ئەم مەرسوومە و گۆڕینی بۆ سیاسەت و کرداری بەرجەستە. ههروهها دووپاتى دهكهينهوه كه ههرێمى كوردستان بۆ ههموو هاوكارييهك لهپێناو ئاشتى و سهقامگيريدا ئامادهيه.
نێچیرڤان بارزانی
سهرۆکی ههرێمی کوردستان
2026/1/17