سەرۆکی کۆنفرانسی میونشن: لە سووریا مەترسیی پێکدادان لەنێوان ئەمریکا و تورکیا هەیە

17-02-2018
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
  وۆڵفگەنگ ئیشینگەر، سەرۆکی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن وەڵامی چەند پرسیارێکی رووداو دەداتەوە
وۆڵفگەنگ ئیشینگەر، سەرۆکی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن وەڵامی چەند پرسیارێکی رووداو دەداتەوە
نیشانەکردن میونشن
A+ A-

رووداو - میونشن

وۆڵفگەنگ ئیشینگەر، سەرۆکی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، لە هەڤپەیڤینێکی کورتدا وەڵامی چەند پرسیارێکی رووداوی دایەوە و لەبارەی ئاڵۆزتربوونی شەڕی سووریا رایگەیاند: "بەدڵنیاییەوە مەترسییەکی گەورە و گرژبوونی زیاتری دۆخەکە هەیە. مەترسیی پێکدادانی دوو ئەندامی ناتۆ هەیە کە تورکیا و ئەمریکان". 

سەرۆکی کۆنفرانسی میونشن لەبارەی گرنگیی بەشداریکردنی شاندی کوردستان بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی لە کۆنفرانسەکەدا رایگەیاند: "گرنگە هەر کەسێک قسەیەکی بۆ گوتن هەیە و بایەخ بە بابەتەکە دەدات لێرە ئامادەبێت. ئێمە نەتەوە یەکگرتووەکان نین، ئێمە رێکخراو و کۆبوونەوەیەکی نافەرمین. هەوڵدەدەین هەموو ئەو کەسانەی قسەیەکیان بۆ گوتن هەیە بانگهێشت بکەین".

دەقی پرسیار و وەڵامەکان

رووداو: هەڵوێستتان لەبارەی کێشەی سووریا چییە کە تەوەرێکی سەرەکی کۆنفرانسەکەیە؟

وۆڵفگەنگ: ئەوروپا نوێنەرایەتیی بەرژەوەندیی 500 ملیۆن کەس دەکات. یەکێیتی ئەوروپا زۆر کاریگەر بووە بە شەڕی سووریا لە هەر شوێنێکی دیکەی جیهان زیاتر. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا یەکێتیی ئەوروپا زۆر ناکارا و ناکاریگەر بووە لە بەدیهێنانی ئاشتی و کۆتاییهێنانی جەنگ لە سووریا. بەتایبەت بۆئەوەی هەوڵبدات کێشەکانی سووریا چارەسەربکرێن. یەکێتیی ئەوروپا لەو هەوڵانەدا نائامادە بووە، ئەمەش بەپێی پێیویست نییە.

رووداو: مەترسیی گەورە هەیە کێشەکانی نێوان ئەمریکا و رووسیا لە سووریا ئاڵۆزترببن؟

وۆڵفگەنگ: بەڵێ، بەدڵنیاییەوە مەترسییەکی گەورە و گرژبوونی زیاتر هەیە. مەترسیی پێکدادانی دوو ئەندامی ناتۆ هەیە کە تورکیا و ئەمریکان. من پێموایە ئەوەی کە ئێمە پێویستیمان پێیەتی ئەوەیە، رووسیا و ئەمریکا و تورکیا و ئەوانی دیکەش رووبەڕوو پێکەوە دەست بە دانوستاندن بکەن و بەدوای ستراتیژیەتێکی هاوبەشدا بگەڕێن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی سووریا. بەبێ رێكکەوتنێکی لەو جۆرە ئەم درامایەی سووریا هەر بەردەوامدەبێت، ئەمەش خراپە، هەر بۆیە ئێمە لێرەین.

رووداو: لە عێراقی دوای داعش چۆن دەڕواننە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا؟

وۆڵفگەنگ: ئەگەر ئەوە بکرێت کە بەڕاستی داعش لە رەگەوە هەڵکێشین ئەوا هەنگاوێکی زۆر گەورەیە، بەڵام نابێت خۆمان بخەڵەتێنین، چونکە  لەڕاستیدا کێشەی گرووپە جیهادییەکان لە ناوچەکەدا بەتەواوەتی چارەسەرناکرێت، راستە ئێمە لەڕووی سەربازییەوە ئەوانمان تێکشکاندوون، بەڵام ئەوە واتای ئەوە نییە جەنگەکە کۆتاییهاتووە. ئێمە پێویستیمان بە هەوڵی بەردەوام هەیە بەشێوەیەک چەندین نەوە کاری لەسەر بکەن، بۆ ئەمەش پێویستیمان بە دابینکردنی ئابووری و سەقامگیری و بنیاتنانەوەی عێراق هەیە. عێراق بۆ بنیاتنانەوەی خۆی پێویستی بە پارەیەکی زۆر هەیە. سووریاش بەهەمانشێوە کاتێک کە شەڕی سووریا تەواودەبێت پێویستی بە پارەیەکی زۆر هەیە. ئەمەش ئەو بەشەیە کە ئەوروپا دەبێت رۆڵی تێدا بگێڕێت.

رووداو: بەڕێزتان بەفەرمی نێچیرڤان بارزانیتان بانگهێشتکردووە، چەند گرنگە ئەو لێرە ئامادەبێت؟

وۆڵفگەنگ: من پێموایە گرنگە هەر کەسێک قسەیەکی هەیە بۆ گوتن و بایەخ بە بابەتەکە دەدات، پێویستە بێتە ئێرە. ئێمە نەتەوە یەکگرتووەکان نین، ئێمە رێکخراو و کۆبوونەوەیەکی نافەرمین، هەوڵدەدەین هەموو ئەو کەسانەی قسەیەکیان بۆ گوتن هەیە بانگهێشت بکەین بۆ ئێرە، ئەوانەی کە نوێنەرایەتیی بەرژەوەندی کەسێک دەکەن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە