رووداو دیجیتاڵ
لێکۆڵینەوەیەکی نوێی زانستی ئاشکرای کردووە، پێدەشتەکانی زنجیرە چیاکانی زاگرۆس لە سنووری هەرێمی کوردستان بەردەوام رۆدەچن، بەڵام بە شێوەیەکی زۆر هێواش کە ملیۆنان ساڵ دەخایێنێت، ناتوانرێت بە چاو ببیندرێت و مرۆڤ هەستی پێناکات.
رێناس ئیسماعیل خۆشناو کە خەڵکی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانە و مامۆستای زانکۆیە لە ئەڵمانیا، سەرۆکایەتیی تیمی توێژینەوەیەکی هاوبەشی زانکۆکانی گۆتینگن-ی ئەڵمانی و بێرن-ی سویسریی کردووە.
زەویناسەکە و تیمەکەی ویستوویانە بزانن چی بەسەر پلێتی زەریایی نێوان دوو پلێتی کیشوەریدا دێت کاتێک پێکدادەدەن.
لە ئەنجامی توێژینەوەکە بۆیان دەرکەوتووە، پلێتی زەریای نیۆتێتیس کە لە نێوان پلێتی عەرەبی و ئۆراسی هەبووە و ئێستا سەدان کیلۆمەتر لە ناواخنی زەوی نقوم بووە، بە درێژایی سەدان کیلۆمەتر بە شێوەیەکی ئاسۆیی لەژێر باکووری کوردستان تووشی پچڕان بووە، بەڵام لە ناوچەکانی باشووری کوردستان ئەم پلێتی زەریاییە لە پلێتی عەرەبی دانەبڕاوە و بەردەوامە لە نقوم بوون؛ بەو واتایەی کە پلێتە زەریاییەکە لە نقومبوونی زیاتردایە و پلێتی تەکتۆنی عەرەبیش لەگەڵ خۆی رادەکێشێت، سەرەنجام پێدەشتی زنجیرە چیاکانی زاگرۆس لەگەڵی رۆدەچێت.
وەکو رێناس ئیسماعیل ئاماژەی پێدەکات، لە زەویناسیدا زانراوە کە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس لە ئەنجامی بەریەککەوتنی دوو پلێتی توێکڵی زەوی دروستبوون، کە ئەوانیش پلێتی تەکتۆنیی ئۆراسیا و پلێتی تەکتۆنی عەرەبی، بەڵام پێش بەریەککەوتنی ئەم دوو پلێتە، 30 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر، پێش ئەوەی چیاکانی زاگرۆس دروستبن، ئەو شوێنە زەریا بووە.
پسپۆڕەکە کە ئێستا لە پەیمانگەی ماساچووسێتس بۆ تەکنەلۆژیا لە ئەمریکا سەرقاڵی توێژینەوەی نوێیە، نووسەری سەرەکی توێژینەوەیەکەیە، سەرنجی کارەکانی لەسەر جووڵەی پلێتە تەکتۆنییەکان و چیاکانی زاگرۆسە.
رێناس ئیسماعیل بە رووداوی گوت: "ناتوانرێت دەستبەجێ هەست بەم جووڵە جیۆلۆجییانە بکرێت، ئێمە باسی دەیان ملیۆن ساڵ دەکەین، بەڵام لەڕێگەی لێکۆڵینەوەی تۆماری بەردەکان و ئەستووریی نیشتووەکان، بە پشتبەستن بە وێنەی قووڵایی زەوی، توانیمان روونی بکەینەوە کە پچڕانی پلێتی ئۆقیانووسی چ کاریگەرییەکی لەسەر رووی زەوی هەیە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ