هیچ حیزبێک لیستی ناوی بەربژێرەکانی نەداوەتە کۆمیسیۆن

17-03-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، تاوەکو ئەمڕۆ هیچ حیزبێک لیستی ناوی بەربژێرەکانی نەداوەتە لقەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان.
 
13ی ئادار دەرگەی تۆمارکردنی ناوی حیزب و لیستی بەربژێرەکانیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرایەوە و 22ی مانگ دوایین رۆژە.
 
فەرهاد ئەسعەد شێتنە، بەرپرسی هۆبەی لایەنە سیاسییەکان لە لقی هەولێری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عیراق ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەموو حیزبەکان سەردانیان کردووین و کۆدی بەشدارییان وەرگرتووە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ کەس ناوی بەربژێرەکانی نەهێناوە."
 
بۆ پێدانی لیستی ناوی بەربژێرەکان بە کۆمیسیۆن، دەبێت هەر حیزبێک لە بازنەکەی خۆیدا بچێتە لقی کۆمیسیۆن و کۆد وەربگرێت بۆ ئەوەی بتوانێت بە ئۆنلاین فۆڕمەکە پڕبکاتەوە، هەر فۆڕمێکیش پڕکرایەوە راستەوخۆ دەچێتە بەغدا، بەڵام حیزب یان بەربژێرەکە کۆپییەکی بە چاپ رادەستی لقەکەی کۆمیسیۆن دەکات، دوای لێکۆڵینەوە لە مەرجەکان و دڵنیابوون لەوەی مەرجەکانی تێدایە، لقەکەی کۆمیسیۆن بەڵگەنامەکانی بە فەرمی لێ وەردەگرێت.
 
سەرچاوەیەکیش لە لقی سلێمانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئەمڕۆ هیچ حیزبێک لیستی ناوەکانی نەگەڕاندووەتەوە بۆ لقەکەمان."
 
ئەو هەڵبژاردنەی بڕیارە لە مانگی حوزەیران بکرێت، بە چوار بازنە دەبێت، کە بازنەیەکیان بۆ پارێزگای هەڵەبجەیە، بەڵام رێکارە کارگێڕی و یاساییەکانی پەیوەست بە هەڵەبجە لە لقی سلێمانی بەڕێوەدەبرێن.
 
هەر ئەمڕۆ خالید عەباس، سەرۆکی لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هیچ حزیبێک ناوی بەربژێرەکانی نەگەڕاندووەتەوە بۆ لقی کۆمیسیۆن و ئەوەی هەبووە لەوێش هەر وەرگرتنی کۆد بووە.
 
ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن لە کاتێکدان، 3ی ئەم مانگە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە فەرمانێک 10ی حوزەیرانی ئەم ساڵی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.
 
لە خوولی پێشوودا پەرلەمانی کوردستان 111 کورسیی هەبوو کە 11یان کۆتای پێکهاتەکان بوون. لەم هەڵبژاردنەدا بەگوێرەی فەرمانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق کە 21ی شوباتی 2024 دەریکرد، کورسی پێکهاتەکانی بە "نادەستووری" پێناسە کرد. بەگوێرەی ئەو بڕیارە، هەڵبژاردنی ئەمجارە 100 کورسی دەبێت و کۆتای پێکهاتەکانی تێدا نامێنێت.
 
هەروەها ئەم هەڵبژاردنە جیا لە پێشتر بە چوار بازنە دەبێت و دەنگدەری پارێزگایەک ناتوانێت دەنگ بە بەربژێری پارێزگایەکی بەدەر لە پارێزگاکەی خۆی بدات.
 
100 کورسییەکەی پەرلەمان بەمشێوەیە دابەشی سەر بازنەکان لە پارێزگاکاندا کراوە:
 
سلێمانی 38 کورسی
هەولێر 34 کورسی
دهۆک 25 کورسی
هەڵەبجە 3 کورسی
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان

نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی بردنەوەی خەڵاتی باشترین هاندەری جیهان لە یانەی زاخۆ دەکات

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە یانەی زاخۆ دەکات بەبۆنەی بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین هاندەری جیهان و دەڵێت، "ئەم نازناوە جیهانییه‌، تەنها سەرکەوتنێک نییە بۆ یانەی زاخۆ، بەڵکوو شانازییە بۆ تەواوی بزووتنەوەی وەرزشی لە هەرێمی کوردستان و عێراق".