مەسعود حەیدەر وازی لە بزووتنەوەی گۆڕان هێنا

17-04-2018
راوچی حەسەن @Rawchihasan
نیشانەکردن مەسعود حەیدەر گۆڕان
A+ A-

رووداو - هەولێر 

مەسعود حەیدەر، پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق وازهێنانی خۆی لە بزووتنەوەی گۆڕان راگەیاند و دەڵێت، ئەو دوو مانگ و نیوەی لەم خولەی پەرلەمان ماوە، وەکو کوردێکی بێ لایەن نوێنەرایەتی دەکەم. 


بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، مەسعود حەیدەر، پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق وازهێنانی خۆی لە بزووتنەوە و فراکسیۆنی گۆڕان راگەیاند. سەرچاوەیەکی نزیکیش لە مەسعود حەیدەر هەواڵەکەی بۆ رووداو پشتڕاستکردەوە. 

لەبارەی دەستلەکارکێشانەوەی لە بزووتنەوە و فراکسیۆنی گۆڕان لە روونکردنەوەیەکدا مەسعود حەیدەر دەڵێت، "دوای دیراسەتکردنی چوار ساڵی کارکردنم لە پەرلەمانی عێراق و دۆخی ناوخۆی بزووتنەوەی گۆڕان و نەھج و سیاسەتی بزووتنەوەکە، دوای نۆ ساڵ خەباتکردن لەڕێگای بزووتنەوەی گۆڕانەوە بۆ میللەتەکەم، گەشتمە ئەو بڕوایەی لە بزووتنەوەی گۆڕان دەستلەکاربکێشمەوە".

لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەدا هاتووە "دەستلەکارکێشانەوەی من وەکو حیزب وەکو فراکسیۆنە، ئەو دوو مانگ و نیوەیشی لەم خولەی پەرلەمان ماوە وەکو کوردێکی بێ لایەن نوێنەرایەتی دەکەم".

لەبارەی هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکەیشی مەسعود حەیدەر ئاماژە بەوە دەدات "ھۆکارەکان زۆرن بۆ گەیشتنم بەم قەناعەتە و لەکاتی گونجاودا روونیدەکەمەوە".

مەسعود حەیدەر لە خولی سێیەمی پەرلەمانی عێراق، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان بوو. 

دەقی روونکردنەوەکەی مەسعود حەیدەر لەبارەی دەستلەکارکێشانەوەی

هاونیشتمانیانی بەڕیز

وەکو چۆن لە چوار ساڵی رابردوو بێ بنەما زۆرترین جنێو تەشھیر و تەخوین ئاراستەمان کرا لەسەر ھەڵوێستە نیشتمانێکانمان و دوور لە ھەموو بەھاو ئاکارێک و لەلایەن گرووپێکی دیارەوە، دوای دەستلەکارکێشانەوەم کە ئەمە مافێکی سەرەتایی ھەموو مرۆڤێکە، دیسان ھەمان گرووپ بەھەمان ئاکار و بە درۆ و دراو تەخوین و تەشھیرمان بۆ دەکەن، تا ئەو رادەی ھەوڵی زەوتکردنی ئازادی ھەڵبژاردنی بێ لایەنیشمان ئەدەن. ھەم وەکو خانەوادە وەھەم لەسەر ئاستی کەسی ھەمیشە خەباتمان کردوە بۆ خاک و خەڵکی کوردستان و لەبەری حەق و گەل بووینە و دەبین و دوای دەستلەکارکێشانەوەم بێ لایەن دەمێنم، پەیوەندی بە ھیچ حیزب و لایەنێکەوە ناکەم.

مەسعود حەیدر
ئەندام پەرلەمانی عێراق
17-4-2018
بەغداد

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە