وردەکاریی رووداوەکەی گەڕەکی فەرمانبەران؛ برایەک برایەکی خۆی کوشتووە

17-04-2026
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمڕۆ دوو گەنج بە کوژراوی لە گەڕەکێکی هەولێر دۆزرانەوە. پۆلیس دەڵێت هەردووکیان بران، یەکێکیان ئەوی دیکەی کوشتووە و پاشان خۆیشی کوشتووە.
 
موقەدەم کیفاح حەسەن، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "یەکێک لە گەنجەکان لەدایکبووی ساڵی 2007ـەو و کاژێر 03:44ـی ئەمڕۆ برایەکی خۆی کوشتووە کە لەدایکبووی ساڵی 2005ـە".
 
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر، گوتی، دوای ئەوەی براکەی خۆی کوشتووە، گەنجەکە خۆی کوشتووە.
 
موقەدەم کیفاح ئاماژەی بەوەکرد، باوکی گەنجەکان کارمەندی هێزە ئەمنییەکانە و لە ئەرکدا بووە، ئەو کەسە تاوانەکەی بە چەکی باوکی کردووە.
 
لەبارەی هۆکارەکەیەوە گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر گوتی: "لێکۆڵینەوەی سەرەتایی دەستیپێکردووە و هێشتا هۆکارەکەی نازاندرێ".
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، کوژراوەکان ناویان (هۆشمەند محەممەد مەنتک) و (ئەمیر محەممەد مەنتک)ـە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە