نێچیرڤان بارزانی لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع: تاوتوێی ئامانجی هاوبەشمان کرد

17-04-2026
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئەنتاڵیا کۆبوونەوە. نێچیرڤان بارزانی دەڵێت، "تاوتوێی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق، هەرێمی کوردستان و سووریامان کرد".
 
کۆبوونەوەکە بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، 17-4-2026 بوو لە ئەنتاڵیای تورکیا.
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەژماری خۆی لە ئێکس رایگەیاند، "ستایشی سەرۆک شەرعم کرد بۆ هەوڵە بەردەوامەکانی بە مەبەستی سەقامگیرکردنی سووریا و ئەو پێشکەوتنە بەرچاوەی لە جێبەجێکردنی رێککەوتنامەی لەگەڵ هەسەدەدا بەدیهاتووە".
 
دەشڵێت، "تاوتوێی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق، هەرێمی کوردستان و سووریامان کرد بۆ پێشخستنی ئامانجە هاوبەشە ئەمنی و ئابوورییەکان".
 
کۆڕبەندی ئەنتاڵیا لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی تورکیاوە رێکخراوە. خولی ئەم ساڵ لەژێر ناوی "بەڕێوەبردنی نادڵنیاییەکان لە نەخشەسازیی سبەیدا" بەڕێوەدەچێت و لە (17 تاوەکو 19ی نیسانی 2026) بەردەوام دەبێت. 
 
لە لایەکی دیکە، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "لە کۆبوونەوەکەدا، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ سووریا به‌تايبه‌تى له‌ بوارى ئابوورى و بازرگانيدا، دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و لێکەوتەکانی شەڕ تاوتوێ کران. هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر پێويستيى هاوكاريى ناوچه‌يى بۆ رێگريكردن له‌ هه‌ڕه‌شه‌كانى سه‌ر ئارامى و سه‌قامگيرى".
 
"دۆخى سووريا، كورد و پێكهاته‌كان له‌ سووريا تەوەرێکی دیکەی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو. تيایدا سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سوپاسى سه‌رۆك شه‌رع و حكومه‌تى سوورياى كرد بۆ هه‌نگاوه‌كان و هه‌وڵه‌كانى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات"، بەپێی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان.
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەروەها دەشڵێت، "لاى خۆيه‌وه‌ سه‌رۆك شه‌رع سوپاسى هه‌وڵه‌كان و رۆڵى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و سه‌ركردايه‌تيى هه‌رێمى كوردستانى كرد بۆ په‌رۆشى و هاوكارى و پشتگيرييان له‌ ئاشتى و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان.. چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هه‌ردوولا، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو".

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە