لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە گیانلەدەستدانی مێرمنداڵێک لە نێو چاکسازیی سلێمانی پێکهێنرا

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
ئەو گەنجەی گیانیلەدەستدا (داریووش)
ئەو گەنجەی گیانیلەدەستدا (داریووش)
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە نێو گرتووخانەی چاکسازیی ژنان و منداڵانی سلێمانی، تەرمی هەرزەکارێکی راگیراو لە گەرماوێکدا دۆزرایەوە. بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بۆ زانینی هۆکاری سەرەکیی رووداوەکە چەند لیژنەیەک پێکهێنراوە.
 
رۆژی یەکشەممە، 17ـی ئایاری 2026، ئیحسان عەبدولڕەحمان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەبارەی گیانلەدەستدانی ئەو زیندانییە راگیراوە، ئەمڕۆ لە سلێمانی لیژنەیەکمان بە چاودێریی مافی مرۆڤ و داواکاری گشتیی سلێمانی پێکهێناوە؛ هاوکات تەندروستی، پۆلیس و ئاسایشیش لیژنەیان پێکهێناوە بۆ زانینی هۆکاری سەرەکیی خۆکوشتنی ئەو گەنجە."
 
لەبارەی ناسنامە و هۆکاری دەستگیرکردنی، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکان ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەو گەنجە ناوی داریووشە و تەمەنی خوار 18 ساڵ بووە و بەو هۆیەوە لە چاکسازیی ژنان و منداڵان بووە. گوتیشی: "ئەم کوڕە پێشتر سێ جار لەسەر مادەی 446 (دزی) دەستگیر کراوە، بەڵام هیچ جارێک سزا نەدراوە و وەک راگیراو لای پۆلیس ماوەتەوە."
 
ئیحسان عەبدولڕەحمان گوتی، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، ئەو کوڕە بە "قەیتانی بیجامەکەی خۆی خنکاندووە. لێکۆڵینەوەکان دەستیان پێکردووە و دوای گەیشتن بە ئەنجامی کۆتایی، بۆ رای گشتی رادەگەیێندرێت."
 
کەسوکاری داریووش بە تەواوی گێڕانەوەی فەرمی رەتدەکەنەوە و دەڵێن کوڕەکەیان کوژراوە. شۆرش کەمال، خاڵی داریووش، لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ی رووداو، کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی: "گومانمان هەیە 100% خنکێندرابێت، نەوەک خۆی خنکاندبێت. بەیانی تەرمەکەیم بینی، مل و سینگی شین ببوویەوە و ئەستوور ببوو، ئەمە لەوە ناچێت کە بە پەتی بیجامە بێت."
 
فەردین محەممەد، برای داریووش، پشتڕاستی دەکاتەوە کە براکەی هیچ کێشەیەکی دەروونیی نەبووە. ئەو لە بەرپرسیار، گوتی: "ئێوارە قسەمان لەگەڵی کرد، گوتی بەیانی وەرە بۆ سەردانم. دڵی خۆشبوو پێدەکەنی." فەردین باسی لەوەش کرد، کاژێر 3ـی شەو گیانی لەدەستداوە، بەڵام کاژێر 9ـی بەیانی ئاگادارکراونەتەوە.
 
لە چاکسازیی ژنان و منداڵانی سلێمانی نزیکەی 115 راگیراو و سزادراو هەن.
 
بەگوێرەی نوێترین ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان کە دراوە بە رووداو، ئێستا 6057 حوکمدراو لە هەموو چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستاندان و سزاکانیان بەسەر دەبەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سەڵاحەدین محەممەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان

یەکگرتوو: سبەی لەگەڵ سەرکردایەتیی پارتی کۆدەبینەوە

دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بڕیارە سبەی ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و شاندە یاوەرەکەی، لەگەڵ سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستانیش کۆدەبێتەوە.