هونەرمەند سەلام کۆیی کۆچی دواییکرد
رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەند سەلام کۆیی، کە شەی رابردوو بەهۆی تووشبوونی بە جەڵتەی مێشک گەیێندرایە نەخۆشخانە، کەمێک لەمەوبەر کۆچی دواییکرد.
هونەرمەند و دەرهێنەر کارۆخ ئیبراهیم، هەواڵی مردنی هونەرمەند سەلام کۆیی پشتڕاستکردەوە و بە (رووداو)ی راگەیاند "بەداخەوە ئەم بەیانییە، هونەرمەند سەلام کۆیی لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر کۆچی دواییکرد".
هونەرمەند سەلام کۆیی کاژێر 9:00ی شەوی دووشەممە 16-8-2021 تووشی جەڵتەی مێشک بوو و بەپەلە رەوانەی نەخۆشخانەی رۆژئاوای هەولێر کراوە.
هونەرمەند سەلام کۆیی ساڵی 1955 لەدایکبووە، سەرەتای حەفتاکانی سەدەی رابردوو دەستی بەکاری هونەری کردووە، نزیکەی 50 ساڵە لە بواری نواندندا کار و بەرهەمی هەیە.
بەناوبانگترین ئەو کارانەی کە سەلام کۆیی بەشداری تێدا کردووە، درامای 'هەبوو نەبوو' و 'تاپۆ هەقی چییە'، کە لەوەی دواییان رۆڵی حاجییەکی چاوچنۆک و رەزیل و فێڵبازی بەناوی 'حاجی یادگار' بینیوە.
هونەرمەند سەلام کۆیی، لەم ساڵانەی دوایی تووشی چەند نەخۆشییەک بووبوو، لەوانەش نەخۆشیی شەکرە، دوو ساڵ لەمەوبەریش نەشتەرگەریی دڵی بۆ کرابوو.