ڤالا فەرید: بیانووی فراکسیۆنێک بووە رێگر لەبەردەم تێپەڕاندنی یاسای چاکسازی

17-09-2018
گۆڤەند مستەفا
شێرکۆ جەودەت: سەرۆکایەتی پەرلەمان و حکومەت بەرپرسیارن لە تێنەپەڕاندنی
شێرکۆ جەودەت: سەرۆکایەتی پەرلەمان و حکومەت بەرپرسیارن لە تێنەپەڕاندنی
نیشانەکردن چاکسازی
A+ A-

رووداو  هەولێر

سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، بیانووەکانی فراکسیۆنێک بووە رێگر لەبەردەم ئەوەی پڕۆژەیاسای چاکسازی لە پەرلەمانی کوردستان تێپەڕێندرێت و بیانووی ئەوەیان دەگرت گوایە لە ئەنجامی پەسندکردنی ئەو یاسایە مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەران کەمدەکرێتەوە. پەرلەمانتارێکی یەکگرتووش دەڵێت، سەرۆکایەتی پەرلەمان و حکومەت بەرپرسیارن لە تێنەپەڕاندنی ئەو یاسایە.

د.ڤالا فەرید، سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان و بەربژێری پارتی بۆ خوولی داهاتووی پەرلەمان لە میانی بەشداریکردنی لە گەشێکی هەواڵەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لەبارەی ئەو پڕۆژەیاسای چاکسازی رایگەیاند "گرنگترین پرۆژەی چاکسازی لە تەمەنی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستاندا بریتیبوو لەو پرۆژە چاکسازییەی کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە نێردرا بۆ پەرلەمانی کوردستان، بە واژۆی بەڕێز سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، لە پەرلەمانی کوردستانیش کارێکی زۆری لەسەر کراو زیاتر لە پێنج راپۆرت تەنها لە لیژنەی یاسایی و لیژنە پەیوەندیدارەکان لەسەر ئەو بابەتە نووسرا، بەمەبەستی ئەوەی بچێتە دانیشتنی پەرلەمان و بواری جێبەجێکردنەوە".

ڤالا فەرید دەڵێت "لە دانیشتنی پەرلەمان دەنگ لەسەر زۆربەی ماددەکانی درا، دواجار یاساکە پەسندکرا، بەڵام لەبەر ئەوەی خەڵکێکی زۆر ناڕازایبوون لەسەر خانەنشینی پەرلەمانتاران، لەسەر ئەوەی نابێت پەرلەمانتار بەو مووچە زۆرە خانەنشین بکرێت و نابێت پێش ئەوەی تەمەنی یاسایی خۆی تەواوبکات بەو شێوەیە خانەنشین بکرێت، بۆیە یاسایەکە لەلایەن دەستەی سەرۆکایەتی رەتکرایەوە".

سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان دەشڵێت، "ئێمە وەکو پەرلەمانتار و وەکو سەرۆکی لیژنەی یاسایی داکۆکیمان لەوەکرد تەنها ماددەی سێ بگەڕێتەوە و چارەسەربکرێت، خانەنشینی پەرلەمانتارانی کوردستان وەکو عێراق هاوتا بکرێت، هیچ پەرلەمانتارێک تاوەکو تەمەنی 50 ساڵی تەواو نەکات و 15 ساڵ خزمەتی نەبێت بە هیچ شێوەیەک سوودمەندنەبێت لە بابەتی خانەنشینی، دیارە هەر لەسەر ئەو خاڵە و چەند خاڵێکی دیکە ناکۆکی لەنێوان ئەندامانی پەرلەمان دروستبوو".

ڤالا فەرید ئاماژە بەوەدەکات "یاساکە رێگری زۆری لێکرا، ئەندامانی پەرلەمان بەشێکی زۆریان لە فراکسیۆنە جیاوازەکان بەشێکیان لەگەڵ تێپەڕاندنی یاسایەکە بوون، بەڵام بەشێکیشیان بەربەستیان بۆ دروستکرد، تاوەکو ئێستاش ئەو یاسایە ماوەتەوە، کۆتا راپۆرتیش لە لیژنەی یاسایی لەسەر نووسراوە، بابەتی خانەنشینی پەرلەمانتاران چارەسەرکراوە، خانەنشینی فەرمانبەرانیش بەو شێوەیە دانراوە، کە هیچ فەرمانبەرێک لە 400 هەزار کەمتر وەرنەگرێت و خانەنشینییەکەی وەکو ئەوەی عێراقی لێبکرێت، بەو شێوەیە رێکخراوە و بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان بەرزکراوەتەوە، ئێمەش چاوەڕێی دانیشتنی پەرلەمانین، ئێستاش پەرلەمان دەتوانێت دانیشتنێکی نائاسایی گرێبدات و یاسایەکە تێپەڕێندرێت".

ڤالا فەرید، رەتیدەکاتەوە حکومەت خۆی بتوانێ بڕیارەکان بدات بەبێ ئەوەی لە پەرلەمان یاسای بۆ دەربکرێت و گوتی "حکومەت 70%ی چاکسازی کە لەو پرۆژەیە جێگری کردووە، پێویستی بە یاسا بووە، چونکە ئەو کارانە بە یاسا کراون، تەنها 30% دەمێنێتەوە لە حکومەتی دەیتوانی دەستی بۆ ببات، ئەگەر حکومەت تەنها ئەو 30%مە چاکسازی بکات و 70%ی وەکو خۆی بمێنێتەوە، ئەوە بە چاکسازییەکی ئەوتۆ ئەژمارناکرێت".

ڤاڵا فەرید، دەشڵێت "هەندێک لە فراکسیۆنەکان و فراکسیۆنێک بە دیاریکراوی بیانوی ئەوەیان دەدەیتەوە گوایە ئەو پڕۆژەیاسایە مووچەی خەڵک کەمدەکاتەوە، دەرماڵەکان دەبڕێت و یان مووچەیان کەمدەکرێتەوە، ئەوەش هیچ ئەسڵ و ئەساسێکی نەبوو. بۆیە ئەو فراکسیۆنانە رێگربوونە لە تێپەڕاندنی ئەو یاسایە، لە ئەنجامی ئەو بیانوانەی دروستیانکردووە، بۆیە ئەو پرۆژەیە دەست بۆ دەرماڵەی یاسایی نابات".

شێرکۆ جەودەت: سەرۆکایەتی پەرلەمان و حکومەت بەرپرسیارن 


د. شێرکۆ جەودەت، سەرۆکی لیستی بەرەو ئیسڵاح و ئەندامی خوولی چوارەمی پەرلەمان لە هەمان گەشتی هەواڵەکانی رووداو لەبارەی هۆکاری سەرەکی تێنەپەڕاندنی پاکێجی چاکسازی گوتی "تێنەپەڕاندنی ئەو یاسایە پەیوەندی بە تەوافوقاتی نێوان بڕیاردەکان لە ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە هەیەوە، ئەگینا یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، کاتێک دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێممان دابەشکرد بەسە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکایەتی پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری، خۆپیشاندان کرا و خەڵکیش هاتنە سەر پەرلەمان، بەڵام هەر تێپەڕێندرا، چونکە بڕیاربوو تێپەڕێندرێت. بەڵام پاکێجی چاکسازی لە پەرلەمانیش تێپەڕی، بەڵام چەند کەسێک هاتنە سەر شەقام و لەسەر چەند خاڵێک ناڕازیبوون، لەسەر ئەوە سەرۆکایەتی پەرلەمان بەبێ ئەوەی تێبگەین و نازانین بۆچی گەڕاندیەوە بۆ پەرلەمان".

شێرکۆ جەودەت ئامادەیی یەکگرتووی ئیسلامی بۆ تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای چاکسازی لە پەرلەمان پیشاندەدات و دەڵێت: "ئەگەر سبەی کۆبوونەوەی پەرلەمان بکرێت ئێمە وەکو یەکگرتوو بەشداری تێدا دەکەین و دەنگی پێدەدەین، جا کۆبوونەوەکە لە 1ی 10 بێت یان هەر کاتێکی دیکە، بە ئەرکی سەرشانی خۆمانی دەزانین".

شێرکۆ جەودەت بەپێویستی دەزانێت "یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش بەدەم پڕۆژەی چاکسازییەوە بێت و بەربەستی بۆ دروست نەکات". دەشڵێت "سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکایەتی حکومەت لە یەکێتی و پارتییە، دانیشتنێکی پەرلەمان بە زووترین کات سازبکەن، ئەوانیش بەرپرسیارن بەرامبەر بە تێنەپەڕاندنی یاسای پاکێجی چاکسازی، دەبێ سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەشی پشتیوانبن بۆ ئەوەی بە زووترین کات ئەو پاکێجە چاکسازییە تێپەڕێندرێت، بەپێچەوانەوە پارتی و یەکێتی بەرپرسیار دەبن بەرامبەر بە تێنەپەڕاندنی یاسای چاکسازی".

شێرکۆ جەودەت گوتیشی "هەمیشە چاکسازی و ئیسڵاح مارکەی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و ئێستای لیستی بەرەو ئیسڵاحە. لە قۆناخی رابردوودا لە پەرلەمانی کوردستان نەک هەر بۆ پەرلەمان، بەڵکو بۆ حکومەتیش پرۆژەبارانی حکومەت و پەرلەمانمان کردووە، بە پرۆژەی چاکسازی لەبواری نەوت و گاز، ئابووری، مووچە و بوارەکانی دیکە".

شێرکۆ جەودەت دەڵێت "چاکسازی لە قەناعەت و دیدی ئێمە پێویستە بەدەر بخرێت لە ناکۆکی سیاسی، چونکە چاکسازی بۆ هەمووانە، ئەوەی کە زۆر گرنگە هەموو لایەک بیزانێت، ئەوەیە کە 90%ی بڕگەکانی یاسای پاکێجی چاکسازی، لە دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجوومەنی وەزیران خۆی دەتوانێت راستەوخۆ بڕیاربدات لەسەر ئەو هەموو پێشێلکارییە یاساییانەی کە لە بندیوار، فرەمووچە و خانەنشینی نایاساییدا هەیە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە