رووداو دیجیتاڵ
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران بە تووندی سەرکۆنەی "تیرۆرکردن"ی شوکری سەرحەد، ئەندامی کۆمیتەی ماڵباتی شەهیدانی پەکەکە لە باشووری کوردستان دەکات.
کاژێر 09:00ی سەر لە بەیانی ئەمڕۆ هەینی 17-9-2021 شوکری سەرحەد، ئەندامی کۆمیتەی شەهیدانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە گەڕەکی چوارچرای شاری سلێمانی تەقەی لێکرا و کوژرا.
قوباد تاڵەبانی، لەو بارەیەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "بە تووندی ئیدانەی تیرۆركردنی (شوكری سەرحەد) دەكەم، كە ئەمڕۆ ھەینی 17/9 لە سلێمانی تیرۆركرا".
قوباد تاڵەبانی داوا لە لایەنە ئەمنییەكان دەكات: "شەو و رۆژ بخەنە سەر یەك لەپێناو دەستگیركردنی تاوانباران و رادەستكردنیان بە دادگا بۆ ئەوەی سزای یاسایی خۆیان وەربگرن".
جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران دڵنیایی دەدات کە "سلێمانی شاری ئارامی و سەقامگیرییە بۆ ھەمووان، و ھەموو كەسێكیش دەتوانێت لە ژێر سایەی ئارامی و ئاسایشی ئەم شارە ژیانی خۆی گوزەر بكات بێ ھیچ جیاوازییەك".
بەپێی میدیاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان ئەو کەسەی کوژراوە ناوە راستەقینەکەی (یاسین بولوت)ە و ناسراوە بە "شوکری سەرحەد". بەڵام بە گوێرەی ناسنامەکەی کە پێی بووە ناوی یوسف مورادە.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی فوراتی پارتی کرێکارانی کوردستان یاسین بولوت لە ساڵی 1957 لە شاری قەرسی باکووری کوردستان لەدایکبووە، ساڵی 1978 پەکەکەی ناسیوە و لە کاتی کودەتاکەی 12ی ئەیلولی 1980دا لە تورکیا دەستگیرکراوە و لە زیندانی ئامەد زیندانی کراوە.
یاسین بولوت ساڵی 1991 لە زیندان ئازادکراوە، پاشان رووی لە چیا کردووە و بووەتە گەریلا. ماوەی 15 ساڵ ئەندامی کۆمیتەی شەهیدانی پەکەکە بوو لە باشووری کوردستان.
سامان نادر، بەڕێوبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی بە (رووداو)ی راگەیاند: "ئەو پیاوەی گیانی لە دەستداوە بەپێی ئەو ناسنامانەی کە پێی بووە، ناوی یوسف موراد بووە، تەمەنی 65 ساڵە، چوار فیشەکی لەپێشەوە بەرکەوتووە و هەر لە شوێنی رووداوەکە گیانی لەدەستداوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ