هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی لەبارەی سووتاندنی ئاڵای کوردستان لە بەغدا بڵاوکردەوە و دەڵێت: ھیچ بیانوو و پاساوێک جێگەی قبووڵکردن نابێت کە دەستدرێژی بێت بۆ خاک و ئاڵاکەمان کە قوربانیمان بۆداوە.
بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاڵای کوردستان بە "شکۆی نەتەوەیی و قوربانیدان و بەرهەمی خوێنی شەھیدان" دادەنێت و دەشڵێت "ئێمە مێژووی خۆمان خۆشدەوێت کە مێژووی برایەتی و پێکەوەژیان و یەکدی قبووڵکردن و سەرنەوینەکردنە بۆ دووژمنانی خاک و گەلەکەمان."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا بافڵ تاڵەبانی رایدەگەیێنێت، "لە ھەمووکات زیاتریش پێویستمان بە یەکخستنی ریزەکانی گەلەکەمانە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تەحەددییەکان و لەگەڵ دڵسۆزەکانمان لە بەغدا و ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی وڵاتەکەمان لەھەڕەشەکان بپارێزین."
بەیانی ئەمڕۆ شەممە 17-10-2020 ، لایەنگرانی حەشدی شەعبی بارەگای لقی 5ی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئاڵای کوردستانیان لە بەغدا سووتاند. ئەم رووداوە کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و بەرپرسانی هەرێمی کوردستانیش بە تووندی ئیدانەی ئەو رووداوەیان کرد و شەرمەزاریان کرد. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا دەکەن بەزووترین کات لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکرێت و بکەرانی ئەو رووداوە بدرێنە دادگا.
دەقی پەیامەکەی بافڵ تاڵەبانی
ئاڵای پیرۆزی کوردستان، شکۆی نەتەوەیی و قوربانیدان و بەرهەمی خوێنی شەھیدانمانە، ھیچ بیانوو و پاساوێک جێگای قبوڵکردن نابێت کە دەستدرێژی بێت بۆ خاک و ئاڵاکەمان کە قوربانیمان بۆداوە.
ئێمە مێژووی خۆمان خۆشدەوێت کەمێژووی برایەتی و پێکەوەژیان و یەکترقبوڵکردن و سەرنەوینەکردنە بۆ دوژمنانی خاک و گەلەکەمان.
پاراستنی پیرۆزییە نەتەوەییەکانمان ئەمانەتی باوباپیران و نیشتمان و یەکێتییەکەی مامە، کەدەستیپێوەدەگرین و دەیپارێزین.
لەھەمووکات زیاتریش پێویستمان بە یەکخستنی ڕیزەکانی گەلەکەمانە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تەحەددییەکان و لەگەڵ دڵسۆزەکانمان لە بەغدا و ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی وڵاتەکەمان لەھەڕەشەکان بپارێزین.
ھەر شەکاوە بێت ئاڵای پیرۆزی کوردستان.
بافڵ تاڵەبانی
ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ