رووداو- پشدەر
یوسف هەموو رۆژێ 5 كیلۆمەتر رێ بە سواری كەر دەبڕێ بۆئەوەی بگاتە گوندەكەی دراوسێیان كە قوتابخانەكەی ئەوی لێیە.
ئەم مێرمنداڵە دانیشتووی گوندی بادینباڵی سەرووە لە قەزای پشدەری سەر بە ئیدارەی راپەڕین. بە هۆی نەبوونی قوتابخانە لە گوندەكەی خۆی رۆژانە بە سواری كەر دەچێتە گوندی دارەشمانە.
یوسف محەممەد تەمەنی 10 ساڵە و هەموو بەیانییەك لە كاژێر 7 سواری پیرە گوێدرێژەكەی دەبێت و بە نزیكەی 50 خولەك دەگاتە قوتابخانەكەی "چەند رۆژێك بەپێ رۆیشتم بۆ قوتابخانەكەم، بەڵام زۆر هیلاك و برسی دەبووم و جانتاكەشم زۆر قورس بوو، بۆیە ئێستا بە گوێدرێژ دەچمە قوتابخانە، رۆژانە جانتای خوشكەكەشم لەگەڵ خۆم لەم گوێدرێژە باردەكەم".
ئەو گوێدرێژە بەلای یوسفەوە هیچ جیاوازییەكی نییە لەگەڵ ئۆتۆمبێل "چونكە پێی دەچم بۆ قوتابخانە و كاروباری ماڵەوەشی پێ جێبەجێ دەكەم".
ئەو گوێدریژەی یوسف پێی دەچێتە قوتابخانە تەمەنی 20 ساڵە و ماوەی 15 ساڵە لەلایەن خێزانەكەی یوسفەوە بەخێودەكرێت.
باوكی یوسف 3 منداڵی لە قۆناغی بنەڕەتی و 2 منداڵی لە قۆناغی ئامادەیی و 2 منداڵی دیكەشی لە زانكۆ و پەیمانگا دەخوێنن و خۆیشی سەرقاڵی ئاژەڵداریە لەو گوندەی كە تەنیا خۆی و ماڵی براكەی لێ دەژین. ئەو دەڵێت "تا ئەو كاتەی منداڵەكانم دەگەڕێنەوە لە قوتابخانە زۆر نیگەرانم، چونكە دەترسم دووچاری رووداوێك ببن لە رێگا، بەتایبەتی كە رێگاكە قەرەباڵغە بەهۆی ئەو ئۆتۆمبیلانەی لە دەروازەی كێلێ كاردەكەن".
محەممەد خدر، باوكی یوسف دەڵێت بەهۆی قورسیی جانتاكانیان ئەركی خوێندنی منداڵەكانی گرانە، چونكە رێگەیان دوورە، كوڕەكەی زۆر بێ تاقەت دەبێت، بۆیە بە ناچاری بە گوێدرێژ دەچێتە قوتابخانە".
باوكی یوسف ناتوانێت داوای كردنەوەی قوتابخانە لە گوندەكەیان بكات، چونكە تەنیا دوو ماڵ لە گوندەكە هەن. بەڵام داوا لە پەروەردە دەكات ئۆتۆمبێل بۆ منداڵەكانی بە كرێ بگرێت، چونكە ناوچەكەیان زۆر ساردە و لەمەودوا ئەگەری بەفر و باران زۆرە لە ناوچەكەیان، ئەوكات هاتوچۆ بە پیادە و گوێدرێژ بۆ منداڵەكانی ئەستەم دەبێت.
هەندێك لە گوندەكانی باشووری كوردستان، تاوەكو ئێستا قوتابخانەیان نییە، ئەو گوندانەشی قوتابخانەیان هەیە قوتابیان تەنیا دەتوانن چەند پۆلێكی قۆناغی بنەڕەتی لە گوندەكەیان بخوێنن، بۆیە زۆربەی منداڵی گوندەكان وەكو یوسف بە سواری كەر دەچنە قوتابخانە.
لەو قوتابخانەیەی یوسف لێی دەخوێنێت، لەكۆی 77 قوتابی، نزیكەی 50یان بەپێ هاتوچۆ دەكەن.
حەسەن عەبدوڵڵا، بەڕِێوەبەری قوتابخانەی دارەشمانەی بنەڕەتی كە یوسف لێی دەخوێنێ، دەڵێت "یوسف زۆر حەزی لە وەرزشە و لە وانەی كۆمەڵایەتی زیرەكە و ئاگادارین كاتێكیش لە قوتابخانە دەگەڕێتەوە هاوكاری باوكی دەكات و دەچێتە لای ئاژەڵەكان و رۆژانەش كە دێتە قوتابخانە، گوێدرێژەكەی لە شوێنێكی دوور لە قوتابخانە دەبەستێتەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ