ئایدن مەعرووف: پیرۆزبایی لە 'نەتەوەی تورکمان' دەکەم
رووداو دیجیتاڵ
بەبۆنەی رۆژی زمان و کلتووری تورکمانی، ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند" هیوادارین ئەو بۆنەیە ببێتە مایەی خۆشگوزەرانی و پێکەوژیانی ئاشتیانەی زیاتری پێکهاتەکان."
رۆژی هەینی، 17-11-2023، ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی رۆژی زمان و کولتووری تورکمان، پەیامێکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە: "رۆژی17ـی 11ـی هەموو ساڵێک رۆژی زمان و کولتووری نەتەوەی تورکمانە، ئامانجی پتەوکردن و دەوڵەمەندکردنی فرەیی کولتووری لە هەرێمی کوردستان ئەم رۆژەی وەکو بۆنەیەکی فەرمی بۆ نەتەوەی تورکمان دیاریکردووە."
دەشڵێت: "بەم بۆنەیەوە لەناخی دڵەوە پیرۆزبایی لە نەتەوەی تورکمان دەکەین و ھیوادارین ئەو بۆنەیە ببێتە مایەی خۆشگوزەرانی و پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی زیاتری پێکھاتەکان."
لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان لە 25ی کانوونی یەکەمی ساڵی 2019، رۆژی 25ی شوبات وەکو رۆژی رۆژنامەگەریی تورکمانی و رۆژی 17ی تشرینی دووەمیش وەکو رۆژی فەرمیی زمان و کولتووری تورکمان ناسێندرا و بە دەنگی رەھای پەرلەمانتاران پەسندکرا.
رۆژی هەینی، 17ـی تشرینی دووەمی 2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "رۆژی زمان و کولتووری تورکمانی له تهواوی خوشک و برایانی تورکمان له ههرێمی کوردستان پیرۆز دهکهم. ههموو پشتگیرییهک له مافهکانی پێکهاتهی تورکمان و تهواوی پێکهاته نهتهوهیی و ئایینییهکانی کوردستان دووپات دهکهینهوه."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەشڵێت: "ههمووان دڵنیا دهکهینهوه، که ههرێمی کوردستان بۆ ههمیشه به وڵاتی پێکهوهژیان بۆ ههمووان دهمێنێتهوه."
دیاریکردنی رۆژی 17-11 بە رۆژی زمان و کولتووری تورکمانی، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لە 17-11-1993، یەکەم قوتابخانەی تورکمانی بەناوی "دوغوش" لە هەولێر کرایەوە.
لە پەرلەمانی کوردستان، له ساڵی 2009 كورسیی کۆتا بۆ پێكهاتەی تورکمان دیاری کرا، کە 5 کورسییە. تورکمانەکان وەزیرێکیشیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام لە پەرلەمانی عێراق کۆتایان نییە و لە حکومەتیش هیچ پۆستێکیان پێنەدراوە.
لە یاسای زمانە فەرمییەکان لە هەرێمی کوردستان، ژمارە 6ـی ساڵی 2014شدا، لە پاڵ زمانی کوردی و عەرەبی، زمانەکانی تورکمانی، سریانی، ئەرمەنی، بە زمانی فەرمی ناسێندراون.
لە هەرێمی کوردستان 19 قوتابخانەی تورکمانی هەن؛ 15 لە هەولێر، سێ لە کفری و یەک لە سلێمانی. نزیکەی 3000 قوتابی لەو قوتابخانانە دەخوێنن.