دوای حەوت رۆژ لە دیارنەمانی، تەرمی گەنجە ونبووەکەی دهۆک دۆزرایەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
دوای حەوت رۆژ لە دیارنەمانی گەنجێک لە شاری دهۆک، ئەمڕۆ تەرمەکەی لە باڵەخانەیەکی تەواونەکراودا دۆزرایەوە. گوتەبێژی پۆلیس دەڵێت، شوێنی ئەشکەنجە بە جەستەیەوە نییە.
 
ئەمڕۆ هەینی 17-11-2023، موقەدەم هێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دوێنێ پێنجشەممە، هاونیشتمانییەک پۆلیسی ئاگادارکردەوە لە دیارنەمانی خزمێکی بۆ ماوەی شەش رۆژ؛ دەستبەجێ پۆلیس لێکۆڵینەوەی دەستپێکرد و ئەمڕۆ تەرمەکەی لە باڵەخانەیەکی تەواونەکراودا لە نێو دهۆک دۆزرایەوە.
 
گەنجەکە ناوی هاریوان حوسێنە، تەمەنی 37 ساڵە و باوکی کچێکە و پێشمەرگە بووە؛ گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک دەڵێت، ئەو شوێنەی تەرمەکەی تێدا دۆزراوەتەوە شوێنی ئاسانسوارە لە باڵەخانە تەواونەکراوەکەدا.
 
بەگوێرەی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی پۆلیس، هاونیشتمانییەکە لە باڵەخانەکە کەوتووەتە خوارەوە؛ هێمن سلێمان ئاماژەی بەوەکرد، "شوێنی ئەشکەنجە و گولـلە بە جەستەی ئەو هاونیشتمانییەوە نییە؛ نازانین رووداوەکە خۆکوژییە یان کەسێک هۆکار بووە".
 
بۆ زانینی هۆکاری راستەقینەی مردنی ئەو هاونیشتمانییە، لێکۆڵینەوەکانی پۆلیسی دهۆک بەردەوامن.
 
بەگوێرەی پۆلیسی هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو 455 رووداوی کوشتنی ئەنقەست، بە هەڵە و خۆکوشتن لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.