رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ 17ی کانوونی یەکەم، رۆژی ئاڵا چوار رەنگە گەشاوەکەی کوردستانە، لە زۆرینەی شارەکانی باشووری کوردستان بەرز راگیرا.
ئەو شوێنانەی یادەکەیان تێداکرایەوە، دامودەزگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوون، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە بەیانیی زوو ئاڵای کوردستانی لە قوتابخانەی قەندیلی بنەڕەتی لە تەکیەی کاکەمەند بەرز کردەوە.
ئەو قوتابخانەیە لە لافاوەکەی چەند رۆژی رابردوو زیانی زۆری پێکەوتبوو.
پەرلەمانی کوردستان لە رێوڕەسمێکی تایبەت، ئاڵای کوردستان هەڵکرا و یادەکە بەرز راگیرا.
کەرکووک بەشێک لە قوتابخانە کوردییەکان ئاڵای کوردستان هەڵکرا و لقی سێی پارتی لە رێوڕەسمێکدا یادەکە کرایەوە و ئاڵا چوار رەنگەکەی کورد بەرز کرایەوە.
لە قوتابخانەی دانیێڵ میتران لە سلێمانی قوتابییان لەگەڵ هەڵکردنی ئاڵای کوردستان چەندین چالاکیی جۆراوجۆریان ئەنجامدا.
لە 19ی حوزەیرانی 2004 دا، بە بڕیاری پەرلەمانی کوردستان رۆژی 17ی 12ی وەکو رۆژی ئاڵای کوردستان دیاریکرد.