لە هەولێر دوو کەس بە تۆمەتی بردنی 20 ملیۆن دۆلاری خەڵک دەستگیردەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
بە تۆمەتی بردنی پارەی نزیکەی 800 کەس کە زیاتر لە 20 ملیۆن دۆلارە، دوو کارمەندی کۆمپانیایەکی خانووبەرە لە هەولێر دەستگیرکراون. خاوەنی کۆمپانیاکە دەڵێت، خەڵک بێ پرس موڵکیان کردووە بەناوی دوو کەسەکە و ئەوان ئاگادار نین.
ئەوانەی پارەکانیان بردرداوە دەڵێن، موڵک، یان پارە یان هەر کەرەستەیەکی دیکەیان دابێت بەو دوو کەسە، بە پسووڵە و مۆری فەرمی پێیانداون. کۆمپانیاکەش دەڵێت، فەرمانبەرەکانیان رادەستی یاسا کردووە و هەموو مامەڵەکان "بێ پرس"ـی ئەوان کراوە.
رووداو لەگەڵ دوو لەو کەسانە قسەی کرد کە دەڵێن پارەیان لای کۆمپانیاکەیە. یەکێکیان کە 20 هەزار دۆلاری لای کۆمپانیاکەیە گوتی: "ئێمە مامەڵەمان زۆربووە و لای ئێمە زۆر جێگەی متمانە بوون. ئێمە بە پسووڵە کارمانکردووە و مۆری کۆمپانیای لەسەرە، بەڵام خاوەنی کۆمپانیاکە دەڵێت لەگەڵ لقێکدا کارتان کردووە و پەیوەندی بە ئێمەوە نییە."
یەکێک لە پسوولەکان دەست رووداو کەوتووە، کە وەرگرتنی بڕی 20 هەزار دۆلارە و "بەرپرسێک" و کارمەندێکی کۆمپانیاکە واژۆیان کردووە و لە دوو شوێنیش مۆری لێدراوە.
ئەوانەی پارەیان بەو کەسانەداوە دەڵێن، دەیانەوێت لە دادگە دۆسیەکە یەکلایی بکەنەوە.
هاونیشتمانییەکی دیکە کە پارەی لای کۆمپانیاکەیە و لە دادگە سکاڵای تۆمار کردووە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کۆمپانیاکە پارەی 110 کەسی لایە، ئەو کەسانەش تێیاندایە نوێنەری 20 بۆ 30ـی کەسن، بەگشتی پارەی نزیکەی 800 کەسیان لایە، پسوولە هەیە و بە فەرمی بووە؛ مامەڵەکانیش لەنێوان مانگێک بۆ شەش مانگدا کراون."
پارە چۆن دراوە بەو کەسانەی لە کۆمپانیاکەدا بوون؟
ئەو کەسانەی تۆمەتبارن بە بردنی پارەکان، شوقە، خانوو، دووکان، پارە، شیش و کەرەستەی دیکەیان بە قەرز کڕیوە.
ئەو هاونیشتمانییەی کە پارەی داوە بە کۆمپانیاکە دەڵێت: "ئێمە کۆمەڵێک شوقەمان لە یەکێک لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون کڕیوە، متمانەمان بە کۆمپانیاکە هەبووە و نەمانخستووەتە سەر ناوی خۆمان، دوای ماوەیەک رۆشتووین شوقەکان بفرۆشین، بەڵام بەبێ ئاگاداری ئێمە فرۆشراون. گوتومانە پارەکەمان بدەنەوە، دەڵێن نییە و شوقەش فرۆشراوە، ئەمڕۆ و سبەیان پێکردووین و وا شەش مانگە بەردەوامە."
هاونیشتمانییەکی دیکە کە پارەیەکی "زۆری" بە کۆمپانیاکە داوە دەڵێت، "هەموو ئەو مامەڵانەی خەڵک لەگەڵ کۆمپانیا کردوویەتی لە سەرەتاوە تاوەکو کۆتایی کۆمپانیا کردوویەتی و بەڕێوەبەر و خاوەن و ژمێریاریی هەموویان ئاگاداری بوون، پارێزەرەکەشیان ئاگاداری دۆسیەکانە و تەنیا دەیانەوێت خۆیان لە بابەتە بدزنەوە."
خاوەنی کۆمپانیا: ئەوەی کراوە بە دزی ئێمەوە کراوە
دوو کەس لەو کۆمپانیایەی تۆمەتبار کراوە بە بردنی پارە دەستگیرکراون و لە یەکێک بنکەکانی پۆلیس لە هەولێر راگیراون.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەو دوانەی دەستگیرکراون ناویان (م. ع و د. ع)ـە، یەکێکیان بەڕێوەبەری لقێکی کۆمپانیاکەیە و ئەوی دیکەش جێگریەتی.
یەکێک لە خاوەنی کۆمپانیاکە نەیوست ناوی خۆی ئاشکرا بکات و بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "خەڵک پارەی هێناوە لای فەرمانبەرەکان دایناوە بۆ ئەوەی کڕین و فرۆشتنی پێوە بکەن، بەنزیکەی پارەکان موڵکەکان ماون و ئامادەن و نەفەوتاون، بەڵام ئێستا موڵک نافرۆشرێت و خەڵکیش هەمووی داوای پارەی خۆی دەکاتەوە."
ئەو بازرگانەی خانووبەرە گوتیشی، "ئێمە [دوو فەرمانبەرەکەمان] بە گرتن داوە، لەبەر ئەوەی بەبێ پرسی کۆمپانیا و بە دزییەوە پسوولە و مۆری کۆمپانیایان بەکارهێناوە بۆ وەرگرتنی پارە، بەڵام مامەڵەیان پێوەکردووە و دزی و ساختەچێتی تێدا نییە؛ پارەکانیش لەنێو موڵکەکاندا هەن و نەفەوتاون، بەڵام رەنگە زەرەریان هەبێت."
خاوەنی کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەدا "بۆیان دەرکەوتووە" لە دوو ساڵی رابردوودا ئەو خەڵکەی پارەی بەو دوو فەرمانبەرە داوە "قازانجی زۆر"یان وەرگرتووە و سێ مانگ جارێک حیساباتیان کردووە.
لەبارەی بەهای ئەو پارەی کەوتووەتە لای فەرمانبەرانی کۆمپانیاکە، ئەو بازرگانەی خانووبەرە گوتی، "ئەو پارانەی دەگوترێت 30 بۆ 50 ملیۆن دۆلارە خەیاڵییە و راست نییە. ئێستا نزیکەی 20 ملیۆن دۆلار موڵک هەن، دوای ئەوە ئەو دووکەسەمان بە گرتنداوە، سەرقاڵی حساباتی موڵک و پارەی خەڵکین، بزانین موڵکەکان بەهێندەی پارەکان دەبن یان نا".
دوای دەستگیرکردنی دوو تۆمەتبارەکە ئەوانەی پارەیان پێداون زیاتر دەترسن لە فەوتانی پارەکەیان. خاوەنی کۆمپانیاکەش ئاماژە بەوە دەکات، ئەوان گەرەنتی دانەوەی پارەی خەڵک ناکەن. گوتیشی: "گەرەنتی ناکەین، چونکە ئەو خەڵکە بەبێ پرس و بە بێ ئاگاداری کۆمپانیا پارەی خۆیان داوەتە فەرمانبەران و گوتوویانە کاری پێوەبکەن، ئەوە لە سیستمی کۆمپانیای ئێمەدا نییە، قەدەخەیە و فەرمانبەر نابێت ئیش بە پارەی خۆشییەوە بکات نەوەکو خەڵک".
ئەو خاوەن کۆمپانیایەی عەقارات گوتی: "خەڵک متمانەی زۆری بە فەرمانبەرەکان هەبووە و موڵکی خۆیان بەناوەوە کردوون، ئێستا موڵکەکان هەموویان بەناوی ئەوانەوەن".
زیاتر لە 20 ملیۆن دۆلار مامەڵە بە پسووڵە و مۆری کۆمپانیاوە کرابێت چۆن خاوەنی کۆمپانیاکە ئاگادار نەبووە؟ ئەمە پرسیاری ئەو کەسانەیە پارەیان پێداون. لەمبارەیەوە خاوەنی کۆمپانیاکە گوتی: "پسووڵەکان لە دەرەوەی سیستم کراون. وەسڵیان پێدراوە کە ئەوەندە پارەی هێناوە بۆ کڕینی فڵان موڵک، فەرمانبەرەکەش بە ئێمەی نەگوتووە. ئەوانەشی پارەیان پێداون یەک کەس پرسی ئێمەی نەکردووە".
بە گوتەی ئەو خاوەن کۆمپانیایە، ئەوانەشی پارەیان پێداون دەزانن پەیوەندی بە کۆمپانیاکەوە نییە. گوتیشی: "فەرمانبەرەکانیش کاتێک پارەیان وەرگرتووە بەو خەڵکەیان گوتووە، کە پەیوەندی بە کۆمپانیاکەوە نییە و خۆیان کاری پێوەدەکەن، بۆیە پارەکە لای کۆمپانیا نییە و لای ئەو دوو کەسەیە".
فەرمانبەرەکان لە زیندانن و خاوەنی کۆمپانیاکە دەڵێت: "ئەوان لە زیندانن و هەڵنەهاتوون و پارەکەش رەتناکەنەوە، موڵکەکانیش ماون، بەس خەڵکەکە تووشی دڵەڕاوکێ بوون و خەڵکیش لە بازاڕدا ژمارەکان گەورە دەکەن".
لەبارەی ئەوەی خەڵک رووی لە کوێ بکات بۆ وەرگرتنەوەی پارەکەی لەکاتێکدا دوو تۆمەتبارەکەش لە زیندانن، خاوەنی کۆمپانیاکە گوتی: "هیچ پەیوەندی بە ئێمەوە نییە، بەڵام ئێمە هاوکاری خەڵکەکە دەبین بۆ حسابات، چونکە ئێستا حیساباتەکە لای ئێمەیە و ژمێریارمان داناوە وردبینی دەکەن، بزانن هە رکەسە و چەندی لایە بۆ ئەوەی مافەکانیان نەفەوتێت."