لە خەلەکان 6 کەس بە رووداوێکی هاتووچۆ برینداربوون

 
رووداو دیجیتاڵ

لە رووداوێکی هاتووچۆدا لەسەر رێگەی دووکان - رانیە لە ناحیەی خەلەکان دوو ئۆتۆمبێل بە تووشی پێکدادان بوون بەهۆیەوە شەش کەس برینداربوون.
 
رۆژی دووشەممە، 18-03-2024، مەڵبەند حەمەد، بەڕێوەبەری تەندروستیی ناحیەی خەلەکان بە رووداوی راگەیاند، کاژێر 7:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ، ئۆتۆمبێلێکی جۆری نیسان سەنی لەگەڵ نیسان پاترۆڵێک کە ژمارەی حکومیی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانە، تووشی پێکدادان بوون و لە ئەنجامدا شەش کەس برینداربوون.
 
رووداوەکە لە نزیک گوندی ئاریشە روویداوە کە رێگەی ئەو سنوورە گوشارێکی زۆری لەسەرە و بە گوتەی مەڵبەند حەمەد، "هیچ مەرجێکی سەلامەتی تێدا نەماوە."
 
بەڕێوەبەری تەندروستیی ناحیەی خەلەکان ئاماژەی بەوەکرد، فریاگوزاری سەرەتایی بۆ بریندارەکان کراوە و دەنێردرێن بۆ نەخۆشخانە "بریندار لە هەردوولایە و برینی سەرنشینەکانی نێو نیسان سەنییەکە سەختترە."
 
لەبارەی هۆکاری رووداوەکەش، مەڵبەند حەمەد گوتی، "هێشتا ئەنجامی لێکۆڵینەوە و هێڵکارییەکە دەرنەچووە، بەڵام بەپێی زانیاریی سەرەتاییەکان، ئۆتۆمبێلە نیسان سەنییەکە لەکات و شوێنی هەڵەدا ویستوویەتی پێشڕەوی بکات و خۆی بە نیسان پەترۆڵەکەدا کێشاوە."