تیمی وەزاریی یەکێتی: داوامان کرد بەو پارەیەی بەغدا مووچە دابەش بکرێت
رووداو دیجیتاڵ
تیمی وەزاریی یەکێتی دەڵێت، لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا داوایان کردووە بەو پارەیەی لە بەغداوە هاتووە، مووچە دابەش بکرێت و لەگەڵ ئەوەشدا داوا بکرێت ئەو بەشەی دیکە کە ماوە بنێردرێت، بەڵام لایەنی سەرەکی هەبوون کە دژی بۆچوونی ئەوان بوون.
تیمەکە لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ (دووشەممە، 18-3-2024) بڵاویکردەوە، دەشڵێت یەکێتی بە حیزب و تیمی حکومەتیشەوە، سیاسەتێکی میانڕەوانەی گرتووەتەبەر لەگەڵ لایەنەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و، هاوسەنگی راگرتووە لەپێناو پاراستنی سەقامگیری و بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد.
هەر بەرەبەیانیی ئەمڕۆ گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا هۆکاری دروستبوونی کێشەی لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوە گەڕاندەوە "لایەنێکی سەرەکی و پێکهێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای لایەنێکی ئۆپۆزسیۆن کەوتن" و گوتی "ئەوان رێنیشاندەری ناحەزانی هەرێمی کوردستان بوون بۆ دروستکردنی فشار بۆ بڕینی مووچەی فەرمانبەران."
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەغدا تەنیا 59٪ـی مووچەی فەرمانبەرانی ناردووە؛ "نە سووکایەتی قبووڵ دەکەین و نە جیاکاری لەنێوان فەرمانبەرانمان دەکەین... سیاسەتی برسیکردن بە هەموو شێوەیەک رەتدەکەینەوە و دژی دەوەستین."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، حکومەت و "بەتایبەت"ـی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران سەرقاڵی چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی هەموو فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانن.
ئەو دوو راگەیێندراوە لەبارەی مووچە لەکاتێکدان؛ لە 11ـی ئادارەوە وەزارەتی دارایی عێراق نزیکەی 560 ملیار دیناری خستووەتە سەر هەژماری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی شوباتی هەرێمی کوردستان. بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ خشتەی دابەشکردنی مووچە رانەگەیێندراوە و حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای پارەی زیاتری کردووە بۆ ئەوەی لە یەک کاتدا خشتەی تەواوی مووچەخۆران رابگەیێنێت.
وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، پارەی ئەو لیستانەی ناردووە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆی ناردوون، بەڵام لیستی وەزارەتی پێشمەرگە، ناوخۆ، ئاسایش و ئەنجوومەنی ئاسایش، تەنیا بە ژمارە نێردراوە نەوەک بە زانیاری وردەوە.