98 کەس لە سنە بە یاری ئاگرین برینداربوون

رووداو دیجیتاڵ 

فریاکەوتنی پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت: "98 کەس بە یاری ئاگرینی چوارشەممە سووری بریندار بوون".
 
رۆژی سێشەممە، 18ـی ئاداری 2025، حوسێن جەعفەری، بەڕێوەبەری بەشی فریاکەوتن لە بەرێوەبەرایەتیی رووداوەکانی زانکۆی پزیشکی سنە رایگەیاند: "تەنیا ئەمڕۆ لە پارێزگاکە 98 کەس بە یاری ئاگرین بریندار بوون".
 
حوسێن جەعفەری گوتی: "یەکێک لە بریندارەکان دەستی چەپی لێبووەتەوە و بووەتە کەسێکی خاوەن پێداویستیی تایبەت".
 
حوسێن جەعفەری رایگەیاند: "29 کەس لە سنە، 13 کەس لە سەقز، 13 کەس لە بانە، 10 کەس لە بیجار، 4 کەس لە دێولان، 11 کەس لە کامیاران، 7 کەس لە دیواندەرە ، 10 کەس لە قوروە و یەک کەس لە مەریوان برینداربوون. دوو کەس لە بریندارەکان بەشێک لە جەستەیان لەدەستداوە".
 
بەگوێرەی فریاکەوتنی پارێزگاکان، لە ورمێ 65 کەس، لە کرماشان 31 و لە لوڕستان، 9 کەس بە یاری ئاگرین برینداربوون.
 
تاکو ئێستا فریاکەوتنی پارێزگای ئیلام هیچ ئامارێکی لەم بارەوە بڵاونەکردووەتەوە.
 
لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان رێوڕەسمی چوارشەممە سووری ئێوارەی رۆژی سێشەممە کە دوایین سێشەممەی مانگی رەشەمێیە بەڕێوەدەچێت. 
 
لەو بۆنەیەدا خەڵک ئاگر دەکەنەوە و بە دەوریدا شایی دەکەن، بەڵام لەم ساڵانەدا بەهۆی بەکارهێنانی یاری ئاگرین خەڵکێکی زۆر بریندار دەبن یان گیانلەدەستدەدەن.