هەناردەی نەوتی کەرکووک لەرێگەی هەرێمی کوردستانەوە دەستیپێکرد


رووداو دیجیتاڵ

دوای رێککەوتنی رۆژی سێشەممەی نێوان هەولێر و بەغدا، نەوتی کەرکووک بەرەو بازاڕە جیهانییەکان بەڕێکرایەوە.
 
بەرەبەیانیی رۆژی چوارشەممە، 18ـی ئاداری 2026، کاژێر 06:30 خولەک، یەکەمین بڕی نەوتی کەرکووک لە رێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە رەوانەی بەندەری جەیهانی تورکی کرا. بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکووریش دەڵێت، بڕی نەوتی هەناردەکراو لە رۆژانی داهاتوودا زیاد دەکرێ.
 
عامر خەلیل، بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور رایگەیاند: "بە پشتبەستن بە رێنمایییەکانی جەنابی سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی بەڕێز و بە سەرپەرشتی راستەوخۆی بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری دەرهێنان و بە هاوئاهەنگی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، دەستمان کرد بە کارپێکردنی وێستگەی سارالو، بەمەبەستی ناردن و گواستنەوە و کارپێکردنی نزیکەی 250 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا بەرەو وێستگەی پێشابوور، بۆ ئەوەی ئەم نەوتە بگوازرێتەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکی."
 
هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک لە کاتێکدایە، بەهۆی جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران، هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە رێگەی دەریاوە وەستاوە. ئەوەش کێشەیەکی گەورەی بۆ عێراق دروستکردووە کە نزیکەی 92٪ی داهاتی پشت بە نەوت دەبەستێت.
 
لەبارەی پرۆسەکەوە، باڕۆژ عەزیز، نوێنەری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئێمە لێرەین بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی سەرۆکی حکومەت و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان. بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەغدا توانیمان ئەم پرۆسەیە سەرکەوتووانە ئەنجام بدەین بۆ ئەوەی باری دارایی وڵات ببوژێتەوە."
 
هەروەها بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور بە رووداوی گوت، لە رۆژانی داهاتوودا بڕی نەوتی هەناردەکراو بۆ 300 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرزدەبێتەوە.