لە سەیرانگەکانی دهۆک 500 تۆن خاشاک کۆکرایەوە

 رووداو - دهۆک 

لە پارێزگای دهۆک بەراورد بە ساڵانی رابردوو سەیرانگە و دەشتەکان خاوێنترن، لەگەڵ ئەوەشدا رێکخراوەکانی ئەو پارێزگایە داوای هۆشیاری زیاتر لە خەڵک دەکەن بۆ پاکڕاگرتنی سەیرانگەکان.

بەرپرسانی پارێزگای دهۆک دەڵێن هاوکاریکردنی لایەنە جیاوازەکان بووەتە هۆی زیاتر بڵاوکردنەوەی هۆشیاری، هەروەها ئەوانەش کە سەرپێچی رێنماییە ژینگەییەکان دەکەن، سزای تووندیان بەسەردا دەسەپێنن.

ئه‌حمه‌د محەممەد، هاونیشتمانییەکی پارێزگای دهۆکە و بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش لەگەڵ خێزانەکەی هاتووەتە سەیران، لەبارەی پاکوخاوێنیی سەیرانگەکان دەڵێ "هەرچەندە زیاتر سەیرانگەکان پاکتر بن، زیاتر دڵی مرۆڤ خۆشدەکەن، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەگەر پیس بێت و دڵی مرۆڤ خۆشنابێت. من هاتوومەتە سەیران، کە تەواوبووم زبڵەکە کۆدەکەینەوە و دەیخەینە نێو نایلۆنێک. بۆچی ببینە هۆی نەخۆشی بۆ خەڵک!".

ئەمساڵ نزیکەی 500 تۆن خاشاک لە سەیرانگەکانی پارێزگای دهۆک کۆکراوەتەوە، ئەمەش بەراورد بە ساڵی 2016 کەمبووە، چونکە لەو ساڵەدا نزیکەی 700 تۆن بوو، هەروەها لە ساڵی 2015ـیشدا 1000 تۆن بوو.

 

پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار