رووداو-هەولێر
گرووپێك بە ناوی پارێزەرانی شكۆی ئیسلام لە هەرێمی كوردستان، بە بڵاوكردنەوەی راگەیەندراوێك بوونی خۆیان وەك گرووپی پارێزەری شكۆی ئیسلام راگەیاند و هۆشداری ئەوە دەدەن، كە "لەهەر شوێنێك و بە هەر شێوەیەك بێت، تەنانەت ئەگەر پێویست بكات لە رێگەی جیهادیشەوە، دژی ئەو كەسانە دەوەستینەوە، كە سوكایەتی بە شكۆی ئیسلام دەكەن." بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێریش دەڵێت"هەر گرووپێك مۆڵەتی یاسایی نەبێت، رێوشوێنی یاسایی لەبەرامبەردا دەگرینە بەر".
گرووپی پارێزەرانی شكۆی ئیسلام لە هەرێمی كوردستان رەخنەی تووند لە حیزبە ئیسلامییەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێت، كە "ئەوەندەی بەتەنگ دەنگدەر و هەڵبژاردنەكان و كورسی پەرلەمان و بەرژەوەندییە حیزبەكانییانن، نیو هێندە بە تەنگ پاراستنی شكۆ و مێژوو و كەرامەتی ئیسلام و مسوڵمانانەوە نین."
ئەو گرووپە، حیزبە ئیسلامییەكانی هەرێمی كوردستان تۆمەتبار دەكات بەوەی، "خاڵی هەرە گرنگی بنەمای ئیسلامیان فەرامۆشكردووە، كە جیهاد و پاراستنی ئیسلام و شكۆی ئیسلامە."
تاریق نووری، بەرێوەبەری ئاسایشی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەر گرووپ و رێكخراوێك، كە دروستدەبێت، دەبێت لە وەزارەتی ناوخۆ مۆڵەتی وەرگرتبێت و مۆڵەتپێدراوبێت، هەر رێكخراو و گرووپێك و هەر گردبوونەوەیەك ئەگەر بە رەسمی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ رێگەی پێنەدرابێت، نایاساییە و هەر جوڵە و چالاكییەكی نایاسایی بكات، رێ و شوێنی یاسایی لە بەرامبەریدا دەكرێت."
بەرپرسی ئاسایشی هەولێر سەبارەت بەوەی، كە ئەو گرووپە باسی جیهاد و تووندوتیژی دەكەن، گوتی، "بە دڵنیاییەوە ئێمە بەدواداچوونی بۆ دەكەین و ئەگەر پێویستیش بكات رێوشوێنی یاساییان لەبەرامبەردا دەگرینە بەر، ئێستا ناتوانین زانیاری وردیان لەسەر بدەین، بەڵام لێكۆڵینەوەی خۆمان دەكەین و پاش ئەوەی هەموو شتێكمان بۆ روونبووەوە، دەرەنجامەكان رادەگەیەنین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ