هاوژینی شیلان بە گریانەوە: خودا حەقی ئێمە لەوانە بستێنێتەوە کە ئەو منداڵانەیان بێ دایک کرد
رووداو دیجیتاڵ
شیلان ئیسماعیل دوای 17 رۆژ بێهۆشی گیانی لەدەستدا؛ 7 منداڵی لەدوای خۆی جێهێشت و گومان لە هەڵەی پزیشکی دەکرێت.
شیلان ئیسماعیل، ژنێکی تەمەن 38 ساڵ، دوای 17 رۆژ لە بێهۆشی لە نەخۆشخانەیەکی زاخۆ گیانی لەدەستدا. مەرگی شیلان خەمێکی قورسی لەلای هاوژین و کەسوکارەکەی دروستکرد.
شڤان گوللی، هاوژینی شیلان، بە دەنگی پڕ لە گریانەوە باسی لەوە کرد کە چۆن دوای 15 ساڵ پێکەوەژیان، خەمێکی گەورە پشتی چەماندووە و جگە لە باوەشکردن بە منداڵەکانی و فرمێسک رشتن، هیچ رێگەیەکی دیکەی نییە بۆ دەربڕینی خەمەکەی.
شڤان گوللی دەڵێت، "چی بڵێین، خودا حەقی ئێمە لەوانە بستێنێتەوە کە ئەم منداڵانەیان بێ دایک کرد. خودا حەقی ئێمەیان لێبستێنێتەوە."
لەماوەی 17 رۆژی رابردوودا، بێهۆشبوونی شیلان یەکێک لە کاریگەرترین هەواڵەکان بووە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ.
یاسین گوللی، برای هاوژینی شیلان لەوبارەوە دەڵێت، "تاوەکو ئێستا سکاڵامان لەسەر کەس تۆمارنەکردووە دوای پرسە بڕیاری خۆمان دەدەین."
رۆژی 1ی مانگی ئایار، شیلان ئیسماعیل بۆ ئەوەی منداڵی حەوتەمی ببێت، سەردانی نەخۆشخانەی ژنان و منداڵبوونی زاخۆی کرد. بە گوتەی بنەماڵەکەی، دوای نەشتەرگەرییەکەی بە 40 خولەک، رەوشی تەندروستیی تێکچووە.
بنەماڵەکەی دەڵێن، جۆری خوێنی شیلان B+ بووە، بەڵام بە هەڵە خوێنی A+ـی پێدراوە، ئەمەش بووەتە هۆی تێکچوونی باری تەندروستی و دواتر گیانلەدەستدانی.
داواکاری گشتیی زاخۆ لەسەر ئەم رووداوە دۆسیەی لێکۆڵینەوەی بۆ شەش کارمەندی نەخۆشخانەکە کردووەتەوە، کە دووانیان پزیشکن.
شیلان چۆن مرد؟ لەڕووی زانستی پزیشکییەوە بزانە
شیلان چۆن مرد؟ لەڕووی زانستی پزیشکییەوە بزانە