حاکم رزگار: یاسای تیرۆر تا تەوابوونی وادەکەی کارپێکراوە بۆ تاوانباران

19-07-2016
گۆڤەند مستەفا
نیشانەکردن حاکم رزگار
A+ A-

رووداو - هەولێر

دادوەر و شارەزایەکی یاسایی دەڵیت: "یاسای تیرۆر تا تەوابوونی وادەکەی کارپێکراوە بۆ تاوانباران و ئەوانەی پێش ئەو وادەیە دەستگیرکراون بەو یاسایە دادگایی دەکرێن".


حاکم رزگار محەممەد ئەمین، دادوەر و شارەزای یاسا، لەکاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاژێر 8:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، لەبارەی پرسی کۆتاییهاتنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، کارکردن بەو یاسایە رایگەیاند "من پرسەکە زۆر بە ئاڵۆزی نابینم و بە گرفتێکی گەورەشی نابینم".

رزگار محەممەد ئەمین، دەڵێت: "یاسای ژمارەی 3ی ساڵی 2006 بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، کە پەرلەمانی کوردستان دەریکرد، بۆ دووساڵ دەریکرد، ئەو یاسایە لە فیقهی جینائی ئێمە پێی دەڵێین ئەو یاسایانەی کە ماوەکەیان دیاری کراوە، بەتەواوبوونی ماوەکەیان، جێبەجێ ناکرێن".

رزگار محەممەد ئەمین، ئاماژە بەوە دەدات، "تایبەتمەندییەکانی ئەو یاسایە ئەوەیە، ئەو تاوانانەی لەو ماوەیەی یاساکە کاری پێدەکرێت روویداوە، با کاتی یاساکەش کۆتاییهاتبێت، ئەو یاسایە لەسەر کەسی تاوانبار هەر بەردەوام دەبێت، بە مەرجێک لەو کاتەدابووبێت کە یاساکە ماوەکەی ماوە".

ئەو دادوەر و شارەزای یاسایە، دەشڵێت: "واتە یاسای ژمارەی 3ی ساڵی 2006 بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بەسەر هەموو ئەو تاوانانە جێبەجێ دەکرێت، کە لە 16-7-2016 و پێش ئەو ماوەیە روویانداوە، واتە ئەو سزایانەی بەپێی ئەو یاسایە دەرچوونە جێبەجێ دەکرێن، هاوکات دەعواش ئیقامە دەکرێت لەبارەی ئەو تاوانانەی لەو ماوەیەدا روویانداوە".

رزگار محەممەد ئەمین، ئاماژە بەوەش دەدات، "بەڵام ئەو تاوانانەی لە ئەمڕۆوە روودەدات، بەو یاسای ژمارە 3یە ناتوانی پێی داداگایی بکەی، بەڵام یاسای دیکە هەیە".

حاکم رزگار محەممەد ئەمین، دادوەر و شارەزای یاسا، دەڵێت: "یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003 کە لە پەرلەمانی کوردستانەوە دەرچووە، ماددەی 156ی یاسای سزای عێراقی ژمارە 111ی ساڵی 1969ی راگرت، کە پەیوەندی هەیە بەو تاوانانەی دژی ئاسایش و ئارامی و سەروەری دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت".

گوتیشی: "دەتوانین لەسەری جێبەجێی بکەین، ئەوەش دادگا بڕیار دەدات، ئەمە کاری دادگا جینائییەکان و دادگای لێکۆڵینەوەیە، تەنانەت ئەنجوومەنی دادوەریش وەکو ئەنجوومەن، کە ئیدارەی دادگا دەکات، ئەویش مافی بەسەرەوە نییە، ئەو دادگایەی لێکۆڵینەوە دەستپێدەکات، یان دادگاکانی تاوان، ئەوان دەتوانن قسە بکەن کە ئەم یاسایە چ ماددەیەک لەسەری جێبەجێ دەبێت".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە