رووداو دیجیتاڵ
دوێنێ زیاتر لە 14 هەزار پارچە زەوی لە سنووری هەولێر دابەشکرا و لە لیستی ناوەکاندا، ناوی کەسێک بە "گا" هاتووە کە زەوی پێ دەدرێت. بەرپرسێکی شارەوانی دەڵێت: "کێشەکە لە هەڵەی چاپ روویداوە".
سەربەست مەولوود، بەڕێوەبەری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەوەی کە بڵاوبووەتەوە بەهۆی هەڵەی چاپەوە لەکاتی تیروپشکی شارەوانییەکان دروستبووە، دیارە بە وردی تەماشا نەکراوەتەوە پێش بڵاوکردنەوە و ئەو هەڵەیە روویداوە".
لە لیستی ئەو کەسانەی دوێنێ زەوییان وەرگرت، کەسێک بە ناوی "گا" بەرامبەر زەوی ژمارە (2965b) سەیدان، دانراوە و کۆدی وەرگرتنی زەوییەکەی 0.3851044393 دانراوە، ئەوەش کاردانەوەی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروستکرد.
بەڕێوەبەری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی گوتی: "لە سەتان هەزار ناو دەکرێت هەڵەیەکی چاپ رووبدات، رەنگە پیتەکانی دەوروبەری نەنووسرابن، دواتر لە رێگەی کۆدی کەسەکەوە هەمان ژمارەی زەوی دەدرێتە ناوە راستەکە".
27ـی ئاداری 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دابەشکردنی زەوی بۆ ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانە دا کە سوودمەند نەبوون.
لە قۆناخی یەکەمی تیروپشک و دابەشکردنی زەویدا، کۆتایی ساڵی رابردوو لە هەولێر پێنج هەزار پارچە زەوی، لە سلێمانی 6 هەزار و 577 زەوی، لە دهۆک هەزار زەوی، لە زاخۆ هەزار و 241 پارچەزەوی و لە گەرمیان دوو هەزار و 474 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکران.
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەر یان پێشمەرگە و خانەنشینێک تەرخان دەکرێت 200 مەتر دووجا دەبێت و دابەشکردنەکەش بە تیروپشک و بە گوێرەی سیستمی خاڵبەندی دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ