رووداو - سەردەشت
بە كانیی گڕاوان، گڕاوی سەردەشتێ، گڕاوی رەبەتێ ناوی دەهێندرێت. كانییەكە لە باكووری رۆژئاوای شارۆچکەی رەبەت هەڵكەوتووە و نزیكەی 10 كیلۆمەتر لە شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی كوردستان دوورە.
كانییەكە لە چوار وەزری ساڵ ئاوی لێدەردەچێت، كە بە كەڵكی خواردنەوە نایەت، بەڵام ئاوەكە دوای دەرچوونی لە سەرچاوەكەی، دەبێتە گڵ و بەرد. ئێستا ئاوی كانییەكە بووەتە شاخێک، بە گوتەی دانیشتووانی ناوچەكە، شاخەكە ساڵ بە ساڵ گەورەتر دەبێت.
رۆژانە گەشتیارێكی زۆر لە شارەكانی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان، تەنانەت باشووری كوردستانیش سەردانی كانییەكە دەكەن و قاچ و قولیان لە ئاوەكە هەڵدێنن. لەنێو خەڵكدا وا بڵاوبووەتەوە كە ئاوی كانییەكە، چارەسەرە بۆ خوران و حەساسییەی پێست. تەنانەت هەندێك لە گەشتیاران ئاوی كانییەكە لەگەڵ خۆیان دەبەنەوە.