لە کەرکووک دوو کرێکار لە مەنهۆڵی گەڕەکێکدا گیانیان لەدەستدا

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە کاتی کارکردن و پاککردنەوەی ئاوەڕۆیەک لە گەڕەکی دەروازەی کەرکووک دوو کرێکار گیانیان لەدەستدا و کرێکارێکی دیکەش بێ هۆشە.
 
عەبدولباری بەرزان لەدایکبووی 2010 و ریاز بورهان لەدایکبووی ساڵی 2009، ئەو دوو کرێکارەن کە لە رووداوەکەی گەڕەکی دەروازە گیانیان لەدەستدا.
 
شایەدحاڵەکان دەڵێن: کرێکارەکان چوونەتە نێو ئاوەڕۆکانەوە بە مەبەستی پاککردنەوە، بەڵام پێدەچێ ئۆکسجین نەمابێت و لەهۆش خۆیان چووبن.
 
ئەم پیاوە بەر لە رووداوەکە کرێکارەکانی بینیوە، دەڵێت: "شەش مێرمنداڵ بوون و هۆشداریم پێدان لەوەی بەبێ کەرەستەی خۆپارێزی نەچنە خوارەوە، بەڵام بەقسەیان نەکردم."
 
عیماد ئەڵاوێردی، شایەتحاڵە و دەڵێت: "گوتم باشە کوڕم تۆ دەچیتە نێو ئەو مەنهۆڵە ماسکت پێیە، ئامێری خۆپارێزیت پێیە؟ گوتی مامە هیچم پێ نییە. ئێ گوتم بابە خراپە تۆ دەخنکێی! گوتی کەسابەتەکەی ئێمە ئەمەیە، رۆژی بە بیست هەزار دینار ئیش دەکەم. کاتێک تەماشام کرد سەرپەرشتیارەکە و هاوڕێکانی لەخۆیان دەدەن، گوتمان چییە، گوتیان دووانمان لێرەن و یەکێکی دیکەش لەوێیە، بینیم هەناسەیان لێبڕابوو، ئەوەی دیکە لەو سەرەوە وا بوورابووەوە، سەری لەناو سیاناوەکەبوو."
 
بێستوون موئەیەد، شایەتحاڵێکی دیکەیە و دەڵێت: "لەگەڵ دراوسێکان هاوارمان کرد، دووان لەم مەنهۆڵە و یەکێکی دیکەیان لەوێدا بوو، سێ کەسی دیکەشیان لەگەڵبوو، دیاربوو گازی کردبوو، کاریگەری هەبوو، منیش دابەزیم و قاچیم بە پەت بەست و رایانمانکێشا." 
 
هاوڕێیان کرێکارەکانن لەنەخۆشخانەی ئازادی چاوەڕوانی بیستنی هەواڵێکی باشن لەسەر تەندروستی کرێکاری سێیەم کە لەبەشی چاودێری چڕەو دۆخی ناجێگیرە.
 
رەهێڵ ئەحمەد، یاریدەدەری ئێشکگری کارگێڕی لە نەخۆشخانەی ئازادیی کەرکووک دەڵێت: "دووانیان دۆخیان زۆر خراپ بوو؛ یەکێکیان هەر هات دڵی وەستابوو، ئەوەی دووەمیش لە سەرەمەرگدا بوو، ئەوەی سێیەم تەمەنی 20 ساڵبوو، دۆخی باشتربوو، گڵاسکۆی شەش بوو، واتە بە کەمی جووڵەی چاو و دەمی هەبوو، ئەوەیان فریاکەوتن و رەوانەی چاودێریی چڕ کرا."
 
لەسەر گیان لەدەستدانی کرێکارەکان، پۆلیس بانگهێشتی سەرپەرشتیار و ئەو سێ کرێکارەی دیکەی کردووە کە لەگەڵیان بوونە لەو پڕۆژەیە و کاریان کردووە. 
 
بەپێی بەدواداچوونەکانی تیمەکانیش، نێو مەنهۆڵی ئاوەڕۆکان مەترسیدارە لەسەر هەناسەدانی مرۆڤ، هەر ئەوەش هۆکاری لەخۆچوونیان بووە.