حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان ئومێد لەسەر ترامپ هەڵدەچنن

18-10-2017
فواد حەقیقی
نیشانەکردن ترەمپ رۆژهەلاتی کوردستان
A+ A-

رووداو- هەولێر

حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان پێشوازی لە سیاسەتی نوێی ئەمریكا بەرامبەر ئێران و بەتایبەت سوپای پاسداران دەكەن و پێیانوایە ئەمە دەبێتە هۆی پێشخستنی خەباتی رۆژهەڵاتی كوردستان.

رۆژی هەینی رابردوو دۆناڵد ترامپ، سەرۆكی ئەمریكا، لە گوتارێكدا ستراتیژی نوێی وڵاتەكەی بەرامبەر رێككەوتننامەی ئەتۆمیی ئێران راگەیاند و داوای هەمواركردنەوەی كرد، راشیگەیاند كە ناتوانن پەسەندی بكەن. ترامپ رێككەوتننامەی ئەتۆمیی لەگەڵ ئێران بە یەكێك لە خراپترین رێككەوتننامەكانی مێژووی ئەمریكا وەسف كرد.

سەرۆكی ئەمریكا حكومەتی ئێرانی بە رژێمێكی بەدكاری ئاینیی ناساند و راشیگەیاند، بەهۆی ئەوەی سوپای پاسداران لە سەرتاسەری جیهان پشتگیری و هاوكاریی گرووپە تیرۆریستییەكان دەكات، سزای زیاتری بەسەردا دەسەپێنن.

هەر دوای گوتارەكەی ترامپ، وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا سوپای پاسدارانی ئێرانی خستە نێو لیستی ئەو دامەزراوانەی بەر سزا ئابوورییەكانی دەكەون، لەمەودواش بە مادەی تیرۆر مامەڵەی لەگەڵدا دەكات.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا لە راگەیێندراوێكدا ئاشكرای كرد كە سزاكانی بەسەر 4 قەوارەی دیكەدا سەپاندوون، لەنێویاندا كۆمپانیایەكی چینی هەیە، بەهۆی پەیوەندییەكانی لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران.

حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان پێیانوایە ئەمانە هەنگاوی باشن دژ بە كۆماری ئیسلامی گیراونەتەبەر. بەتایبەت هەوڵی ئەمریكا بۆ سنوورداركردنی چالاكییەكانی سوپای پاسداران لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست كە حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان پێیانوایە ئەمە لاوازبوونی كۆماری ئیسلامیی ئێرانی لێدەكەوێتەوە.

رەزا كەعبی، جێگری سكرتێری گشتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان، پێیوایە دۆناڵد ترامپ هەر لە سەرەتای هاتنە سەركارییەوە سیاسەتی لەمجۆرەی بەرامبەر ئێران هەبووە. كەعبی دەڵێ: "گوشارەكان، لەڕووی ئابووری، سیاسی و تەنانەت سەربازیشەوە كۆماری ئیسلامیی ئێران لاواز دەكات و چیدیكە ناتوانێ بێ هیچ بەربەستێك لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەسپی خۆی تاو بدات".

تەیموور مستەفایی، ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، پێیوایە، گەمارۆدانی سوپای پاسداران نیشانەی ئەوەیە كە ئەمریكا سیاسەتێكی جددی بەرامبەر ئێران دەگرێتەبەر، ئەمەش لە ئێران كێشە دروست دەكات، رەوشی ئابووری خراپتر دەبێت و چالاكییەكانی سوپای پاسداران سنووردار و دواتریش لاواز دەبێت و ئەمەش دەرفەتی چالاكی بۆ حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەڕەخسێنێ.

رەزا كەعبیش باس لەوە دەكات كە كورتكردنەوەی دەستی سوپای پاسداران لە ناوچە و گەڕانەوەیان بۆ بنكەكانیان لە ناوخۆی ئێران كاریگەریی زۆر خێرای لە ناوخۆی ئێراندا دەبێت، بە جۆرێك كە خەڵك ناڕەزایەتی دەردەبڕن. ئەو لەسەر ئەو باوەڕەیە لە ساڵانی رابردوودا ئێران كێشەكانی خۆی هێناوەتە دەرەوەی سنوورەكان و لە ناوخۆدا خۆی وەك هێزێكی خاوەن هەژموون لە قەڵەمداوە "سوپای پاسداران لە ناوخۆدا لاواز دەبێ و خەڵكیش متمانە بەخۆبوونیان بەرز دەبێتەوە".

ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2006 ەوە تاكوو 2011 حەوت بڕیارنامەی دژی ئێران پەسەند كردووە و بەهۆی بڕیارنامەكانەوە كۆمەڵێك گەمارۆ بەسەر ئێراندا سەپێنران. ئەمە جگە لە گەمارۆ یەك لایەنەكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران كە هەموویان كاریگەریی خراپیان لەسەر ئابووریی ئێران هەبووە.

كاریگەریی گەمارۆكان بەجۆرێك بوو كە مەحموود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆككۆماری پێشووی ئێران، بە رێبەری وڵاتی راگەیاندبوو چیدی ناتوانێ بەرپرسایەتی ئەو رەوشە قبوڵ بكات. هەر بۆیەشە سەید عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران، هەر لە سەردەمی مەحموود ئەحمەدی نەژاددا بڕیاری دا دانوستاندن لەگەڵ ئەمریكا بكرێ.

دۆناڵد ترامپیش لە كاتی راگەیاندنی سیاسەتی نوێی وڵاتەكەی بەرامبەر ئێران، باسی لەوە كرد كە كۆماری ئیسلامی بەهۆی گەمارۆكانەوە بە تەواوەتی لە رووخان نزیك بوو، بەڵام باراك ئوباما، سەرۆككۆماری پێشووی ئەمریكا، دەستی ئێرانی گرت و لە لەنێوچوون رزگاری كرد.

حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانیش هەمان رەخنەیان هەیە و پێیانوایە بەهۆی سیاسەتی ئەمریكاوە لە سەردەمی ئۆباما، ئێران توانی زیاتر بەهێز بێت و پەل بۆ چوار پایتەختی وڵاتانی رۆژهەڵات بهاوێ‌: عێراق، سووریا، لوبنان و یەمەن.

حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بە ئومێدەوە دەڕواننە ستراتیژی نوێی ئەمریكا دژی ئێران و پێیانوایە لە درێژخایەندا كاریگەری لەسەر حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانیش دەبێت و بزووتنەوە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانیش دەبوژێنێتەوە.

بەپێی هەندێ ئامار، سوپای پاسدارانی ئێران خاوەنی 800 كۆمپانیایە. 5 هەزار بەڵێندەر و 130 هەزار هێزی كاری هەیە كە 35 هەزار كەسیان خەڵكی شارەزا و پسپۆڕن. سوپای پاسداران لە بەشە جۆراوجۆرەكانی ئابووری ئێراندا لە دروستكردنی قوتابخانە و نەخۆشخانەوە بگرە تا بواری نەوت و گازی ئێران سەرمایەگوزاری كردووە. بۆیە گەمارۆ خستنە سەر سوپای پاسداران دەتوانێت كاریگەری لەسەر ئابووریی ئێران هەبێت. ئەمە جگە لەوەی كێشە بۆ سوپا خۆیشی دروست دەبێت.

بۆ سوودوەرگرتن لەم قۆناغە نوێیە، حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە بە یەكگرتووییان دەتوانن كەڵكی لێوەربگرن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەوان هێشتا پەرتەوازەن.
عەبدوڵڵا موهتەدی، سكرتێری گشتی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران، دەڵێ لەگەڵ حدكا بڕیاریان داوە هەوڵێكی نوێ بۆ لێكنزیككردنەوەی حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بدەن.

رەزا كەعبی، جێگری سكرتێری كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان جەخت دەكاتەوە كە حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەبێت خۆیان ئامادە بكەن، راهێنانی زیاتر بە پێشمەرگە بكەن و خەڵكیش بۆ هەر رووداوێك ئامادە بكەن. بۆ ئەمەش پێویستە حیزبەكان پلان و بەرنامەی هاوبەشیان هەبێت.
تەیموور مستەفاییش دەڵێت: "رەنگە لە داهاتوودا بژارەی جیاواز بێنە سەرڕێ و كۆماری ئیسلامی دەتوانێ بەرەوڕووی قەیرانی جیاواز بێتەوە، بۆیە پێداگری لەسەر هاودەنگی حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەكەمەوە، لەو حاڵەتەدا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش باشتر مامەڵەمان لەگەڵ دەكات".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە