زاگرۆس فەتاح: سەرۆک بارزانی ئامادەیی خۆی بۆ هەموو هاوکارییەک بۆ حکومەت و خانەوادەکە دەربڕیوە

18-11-2022
گۆڤەند مستەفا
زاگرۆس فەتاح، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی و نوێنەری سەرۆک بارزانی
زاگرۆس فەتاح، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی و نوێنەری سەرۆک بارزانی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

زاگرۆس فەتاح، بە نوێنەرایەتی سەرۆک مەسعود بارزانی گەیشتە پارێزگای سلێمانی و بەناوی سەرۆک بارزانی سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانییانی تەقینەوەکەی شارەکە کرد و رایگەیاند کە سەرۆک بارزانی ئامادەیی خۆی بۆ هەموو هاوکارییەک بۆ حکومەت و خانەوادەکە دەربڕیوە.
 
رۆژی هەینی 18-11-2022، زاگرۆس فەتاح، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و نوێنەری سەرۆک بارزانی گەیشتە پارێزگای سلێمانی و بە یاوەری لەگەڵ هەڤاڵ ئەبوبەکر سەردانی بریندارەکانی رووداوەکەی شەوی رابردووی کرد.
 
کاژێر 07:38 خولەکی ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 17-11-2022 دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە سلێمانی بیسترا و دواتر دەرکەوت کە خانوویێکی سێ نهۆمی بەهۆی تەقینی سیتسمی غازی ماڵەکە، بە تەواوی رووخاوە و چەند ماڵێکی دیکەش زیانیان پێگەیشتووە، بەهۆی رووداوەکە تاوەکو ئێستا 11 کەس گیانیان لەدەستداوە و 12 کەسی دیکەش برینداربوون. هەروەها 4 کەس بێسەروشوێنن. 
 
زاگرۆس فەتاح، نوێنەری سەرۆک بارزانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "هاتووینەتە شاری سلێمانی تا لە نزیکەوە لە رەوشی ئەم کارەساتە دڵتەزێنەی کە بەسەر خانەوادەیەکی بەڕێزی سلێمانی، بنەماڵەی شێخ عەبدولڕەحمانی سیرێ هاتووە، هاوخەمی خۆمان رابگەیێنین بە خانەوادە بەڕێزەکەیان کە بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە کۆمەڵێکیان گیانیان لەدەستداوە، لە هەمانکاتیشدا کۆمەڵێک بریندارن. هیوای زوو چاکبوونەوەیان بۆ دەخوازین." 
 
زاگرۆس فەتاح ئاماژەی بەوە دا لەلایەن سەرۆک بارزانییەوە راسپێردراوە، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە هەڵسەنگاندنێک بۆ بارودۆخەکە بکەن و بزانن چ پێداویستییەکیان هەیە "بە تایبەتی لایەنە فەرمییەکانی حکومی کە جەنابی پارێزگاری سلێمانی هەر لە دوێنێوە ماندوبووانە توانیویەتی ئیدارەیەکی باشی رەوشەکە بکەن. تیمەکانی فریاگوزاری ئەوەی لە توانایاندابووە لە دەستیان هاتووە بیکەن بۆ بریندارەکان و هەم لە شوێنی کارەساتەکە کە توانیویانە کۆمەڵێکیان رزگار بکەن." 
 
نوێنەرەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی گوتی: "جەنابی سەرۆک بارزانیش هاوخەمی و پاڵپشتی خۆی دەربڕیوە هەم بۆ تیمی حکومی و هەم خانەوادە بەڕێزەکە هەر شتێکیان پێویست بێت بتوانین بۆیان دابین و فەراهەم بکەین. هەر داواکارییەک هەبێت جەنابی پارێزگار لێرەیە وەکو نوێنەری حکومەت و وەکو سەرۆکی ئیدارەی سلێمانی، لە رێگەی جەنابیانەوە هەر شتێکیان پێویست بێت ئێمە ئامادەین بۆیان دابین بکەین، خانەوادەکەشیان بە هەمان شێوە." 
 
سەبارەت بە دوایین زانیارییەکانیش لەسەر قوربانییەکان و هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی ئەوانەی بێسەروشوێنن، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند: "پرۆسەکە بەردەوامە، بەپێی زانیاری دۆستەکانیان چوار کەس لەوێ ماون، تیمەکانمان زۆر بە پیشەیی و ئاگایانە کاردەکەن. داوا لە هاووڵاتییان دەکەین دەرفەتیان بدەن کارەکانی خۆیان بکەن و قەرەباڵخی دروست نەکەن." 
 
بە گوتەی پارێزگاری سلێمانی "تاوەکو ئێستا 11 کەس بوونەتە قوربانی و گیانیان لەدەستداوە، 12 کەس برینداربوون، 8 لە بریندارەکان نەخۆشخانەیان جێهشتووە. 4 لە بریندارەکانیش لەژێر چاودێری چڕدان." 
 
هەڤاڵ ئەبوبەکر گوتیشی: "هاتنە سەر هێڵی هەموو لایەنەکان بە هەموو جیاوازی و ناکۆکییەکانیانەوە کە ئێستا لە کوردستان هەیە ئەم کارەساتە یەکیخستوون، هیوادارم ئەمە بکەینە دەرفەتێک بۆ ئاشتبوونەوە و ئاشتی و سەقامگیری، چونکە ئێمە دەبێت لە خەم و خزمەتی میللەتەکەمانەوە بین، دواجار چۆن ئێمە لە شین و کۆستەکاندا بە یەکەوەین، دەبێت لە دەستکەوت و شادی و کارەکانیشمان بەیەکەوە بین." 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فازڵ میرانی

سوودانی و شاندێکی پارتی پرسی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و دۆخی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد

سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی لە شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد و رایگەیاند، پێویستە هاوئاهەنگی لەنێوان هێزە سیاسییەکاندا هەبێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان و تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکان.