رووداو دیجیتاڵ
کەم رۆژ هەیە هێزە ئەمنییەکان دەست بەسەر دەیان کیلۆ مادەی هۆشبەردا نەگرن و باندی مامەڵەکاریش دەستبەسەر نەکەن.
رۆژی 16-11-2023، ئاسایشی هەولێر پێنج بازرگانی دەستگیرکرد کە دەیانویست 100 کیلۆ مادەی هۆشبەر لە دهۆک و هەولێرەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا بگوێزنەوە.
ئەرکان عومەر، ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان گوتی، "[بازرگانەکان] چەندین شێواز و تەکنیک بەکاردەهێنن تا مادە هۆشبەرەکانیان پێ بگوازنەوە، بەڵام چاودێریی هێزە ئەمنیەکان چڕتر کراوەتەوە، دەبینی کە زۆر بە ئەستەم لە دەست هێزەکان دەربازیان دەبێت".
بازرگانێکی مادەی هۆشبەر کە لە ئاسایشی کەسنەزان دەستگیرکراوە، باس لەوە دەکات، چۆن لە سنوورەکانی سەردەشت و پشدەرەوە مادەی هۆشبەری بۆ هەولێر گواستووەتەوە.
ئەو دەڵێت، "لە ئێران بۆمان دەهاتە پشدەر و من لەسەر رێگای هەولێر وەرمدەگرت و لەنێو کۆڵانەکان دابەشمدەکرد، یەکترمان دەناسی بۆ دابەشکردن".
ئاڵوودەبوویەکیش کە ماوەی دوو ساڵ کریستاڵی کێشاوە، هەشت مانگە کەوتووەتە دەست ئاسایش. تەمەنی 39 ساڵ و دانیشتووی هەولێرە. مادە هۆشبەرەکانی بە دلیڤەری بۆ هاتووەتە بەر دەرگای ماڵ.
ئەو ئاڵوودەبووە دەڵێت، "من کە مەشروبخۆرم زەحمەتتر لە مادەی هۆشبەر مەشروبم دەست دەکەوت، تەلەفۆن بکە و بۆت دێتە بەر دەرگای ماڵ".
لە ماوەی ئەم ساڵدا، ئاڵودەبوو و بازرگانی مادەی هۆشبەر لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستان دەستگیرکراون. بازرگان و ئاڵودەبوو لەنێو هۆڵی زیندان پێکەوەن. ئەوانەی نیازیشیان وایە واز لە مادەی هۆشبەر بهێنن لە سەنتەرێکی چاکسازی و لەژێر چاودێریی پزیشک نین.
لە زیندان بەکارهێنەر، بازرگان و تاکفرۆش بەتایبەت ئاشنای یەک دەبن و کە ئازاد دەبن زیاتر لە یەکتری نزیک دەبنەوە.
ناوە ناوە هێزەکانی ئاسایش مادە هۆشبەرەکان دەسووتێنن و لە نێو دەبردرێن.
محەممەد حەمید، ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان دەڵێت، "بەپێی یاسا ئەو دەسەڵاتەمان پێدراوە کە تەنیا چارە لەنێوبردنە کە بەو شێوازە ناوە ناوە مادەکان لە بەین دەبەین".
بەپێی ئەو ئامارانەی رووداو لە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی نەهێشنی مادە هۆشبەرەکانی هەرێمی کوردستان دەستی کەوتوون، لە ساڵی 2019 هەزار و 182 بازرگان و بەکارهێنەری مادە هۆشبەرەکان دەستگیرکراون، هەروەها 618 کیلۆگرام مادەی هۆشبەریش دەستی بەسەردا گیراوە.
ساڵی 2020 ژمارهی تۆمهتبارانی دهستگیركراو هەزار و 295 کەس بووە، هەروەها بڕی 692 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە.
ساڵی 2021 ژمارەی بەکارهێنەر و بازرگانانی مادەی هۆشبەر بەرزبووەتەوە بۆ هەزار و 943 کەس، هەروەها 705 کیلۆگرام مادەی هۆشبەریش دەستی بەسەردا گیراوە.
لە 2022 ژمارەی بازرگان و ئاڵودەبووانی دەستگیرکراو گەیشتووەتە سێ هەزار و 747 کەس، هەروەها 764 کیلۆگرام مادەی هۆشبەریش دەستی بەسەردا گیراوە.
لە هەشت مانگی ئەم ساڵی 2023شدا، دوو هەزار و سێ ئاڵوودەبوو و بازرگان دەستگیرکراون و هەزار و 827 کیلۆ مادەی هۆشبەریش دەستی بەسەردا گیراوە.
لە باشووری کوردستان تاقیگە و کارگەی دروستکردنی مادەی هۆشبەر نییە، بەڵام ئاسایش کێڵگەی مادەی هۆشبەری لە هەرێمی کوردستان دۆزیوەتەوە و خاوەنەکانیان دەستگیرکراون. هەروەها چەند جۆرێک حەبی ماوە بەسەرچوو دەکڕدرێن و بە قاچاخ دەبردرێنە ئێران و سووریا بۆ دروستکردنی مادەی هۆشبەر و دووبارە هەوڵی هێنانەوەیان دەدرێت.
سەرمەند کەریم، چالاکوانی بوارەکەیە و دەڵێت، "مادەی هۆشبەر لە حاڵەتەوە بووەتە دیاردە و رۆژ دوای رۆژ بازرگانی پێوە زیاد دەبێت و بەکارهێنەری زیاتر دەبن و ئاسانتر دەست دەکەوێت، بەپێی ئامارەکانیش ئەوە بە روونی دیارە".
هەرێمی کوردستان سنوورێکی بەرفراوانی لە گەڵ دوو وڵاتی بەرهەمهێنەری مادەی هۆشبەر هەیە کە ئێران و سووریان. بۆیە بووەتە رێڕەوێکی گرنگی بازرگانی مادە هۆشبەرەکان. دەیان تەکنیک و رێوشوێن بۆ گواستنەوە گیراونەتە بەر، رێگای سەخت و شار تاقی کراونەتەوە، بازرگانان کەسانی نێوخۆیی و بیانیشیان تێدایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ