نێچیرڤان بارزانی بۆ رووداو: سوودانی دڵنیایی لەبارەی ناردنی مووچە و بەردەوامبوونی دا

18-11-2025
سەنگەر عەبدولڕەحمان
سەنگەر عەبدولڕەحمان @sangarrudaw
هەڤپەڤینی رووداو لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
هەڤپەڤینی رووداو لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق دڵنیایی لە بەردەوامیی ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان داوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، حیزبە کوردستانییەکان پێکەوە دەتوانن داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکەن.
 
رۆژی سێشەممە، 18-11-2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ سەنگەر عەبدولڕەحمان، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو لە دهۆک رایگەیاند، لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق باسیان لە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، لەوانەش پرسی مووچە کردووە.
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، بڕیاری ناردنی مووچەی مانگی 9 دراوە و سوودانی دڵنیایی داوە لەوەی ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێ.
 
لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "کاتی ئەوە هاتووە پێکەوە دابنیشین و بە کرداری هەنگاو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان بنێین."
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی:
 
رووداو: ئەمڕۆ لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی کۆبوونەوە، باسی هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقتان کرد یان هەر لەبارەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا قسەتان کرد؟
 
نێچیرڤان بارزانی: هەردووکیان، باسی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا کرا، بەتایبەتی بابەتی مووچە، هەروەها باسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق کرا. خۆتان ئاگادارن، دوێنێ شەو شیعەکان بڕیاریان دا وەک یەک بلۆگ کاربکەن. ئەوان بڕیاری خۆیان داوە. (سوودانی) باسی ئەو هەنگاوانەی کرد، کە ئەوان ئێستا پێکەوە دوو لیژنەیان پێکهێناوە، هەم بۆ قسەکردن لەگەڵ کورد، هەم بۆ ئەوەی ئەو پێوەرانە چین ئەوانەی سەرۆکوەزیرانێک هەڵدەبژێرن بۆ عێراق.
 
رووداو: هەنگاوی کرداری بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق کەی دەستپێدەکات؟
 
نێچیرڤان بارزانی: ئەوەی من هەستم کرد لە دیدارم لەگەڵ هەموویان، حەزدەکەن بە زووترین کات حکومەتی عێراق پێکبێت. ئێمەش پێمانوایە کە ئەوە بۆچوونێکی دروستە کە بە زووترین کات پێکبێت؛ تەبعەن خۆی هەندێک پابەندن بە هەندێک کات و کەی ئەنجامەکان رادەگەیێنرێ، دوایی چ لایەنێک تانەی لێدەدات و دوایی دادگەی فیدراڵی دەبێ..ئەم هەنگاوانە کە بکرێن، دوای ئەوە بە زووترین کات دەستپێدەکرێ.
 
رووداو: لەسەر مووچە هیچ دڵنیاییەکی دا؟
 
نێچیرڤان بارزانی: دڵنیایی دا، بڕیاری مانگی 9یان داوە، دڵنیایی دا کە ئەمە بەردەوام دەبێت.
 
رووداو: بەڵام دوو مووچە لە مەترسیدایە
 
نێچیرڤان بارزانی: هیوادارم وانەبێت، چونکە بە بۆچوونی من، هیچ بیانوویەک بۆ ئەوە نییە. حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو پابەندییانەی کە هەیبووە جێبەجێی کردووە. ئێستا ئەرکی ئەوانە ئەم پابەندییە جێبەجێ بکەن و نەیکەن بە کێشە، پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
 
رووداو: ئێستا ماڵی شیعە خۆیان رێکخستووەتەوە و بە شاندێک گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان دەکەن. ماڵی کوردی چی لێدێ؟
 
نێچیرڤان بارزانی: بەخوا ماڵی کوردی پەرتەوازەیە ئێستا. من ئەمڕۆ لە قسەکانیشم گوتم، پێشتریش گوتوومە، ئێمە پێویستە شتێک بدۆزینەوە، کاخەزێکی هاوبەش بدۆزینەوە و ئیشی لەسەر بکەین کە کورد پێکەوە لە بەغدا بەشداربن نەوەک بە جیا، چونکە ئەوەی کە گرنگە ئەوەیە، ئێمە پێکەوە بین دەتوانین داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکەین. لێرە رەنگە هەندێ جار کێشەمان هەبێ، بەڵام نابێ لە بەغدا ئەو کێشانە هەبن. پێویستە ئێمە وەکو یەک بلۆگ، ناڵێم دەبێت ببین بە یەک بلۆگ، بەڵام دەبێت چوارچێوەیەکی ئیشکردنی پێکەوەییمان هەبێ لە بەغدا.
 
رووداو: کاک نێچیرڤان، هەمیشە بۆ ئەم شتانە دەستپێشخەریت هەبووە و هەمیشەش خێری لێکەوتووەتەوە، بە نیاز نیت بۆ ئەمەش دەستپێشخەری بکەیت؟
 
نێچیرڤان بارزانی: من ئەمڕۆ لە قسەکانم ئاماژەم بەوە کرد، ئەوەش کە جەنابی سەرۆک بارزانیش تاڕادەیەک ئاماژەی بەوە دا، با بزانین چۆن دەبێت، بەڵام ئێمە بەدڵنیاییەوە کاری لەسەر دەکەین. ئیش لەسەر ئەوە دەکەین لە بەغدا دەبێت پێکەوە کاربکەین.
 
رووداو: لانیکەم لەگەڵ یەکێتی
 
نێچیرڤان بارزانی: لەگەڵ هەموو لایەنەکان، بەتایبەتی یەکێتی.
 
رووداو: باسی ئەوە دەکرێ دوای هەڵبژاردن هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەنگە خێراتر بکرێن.

 

نێچیرڤان بارزانی: من پێموایە ئەوەش دەرگەیەک دەکاتەوە بۆئەوەی ئێمە دیسانەوە دانوستان بکەین لەسەر پرسی پێکهێنانی حکومەت. ئێستا ئەوەی عێراق تەواوبوو، کاتی ئەوە هاتووە پێکەوە دابنیشین و هەنگاوەکانی دروستبوونی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بە کرداری هەنگاوی بۆ بنێین.
 
رووداو: یەکێتی مەیلی لەوە هەیە هەردوولا ببەستێت بە یەکەوە، پۆستەکانی بەغدا و هەرێم بکەن بە یەک پاکێج.

 

نێچیرڤان بارزانی: هیچ کێشەیەک نییە، ئێمە ئەوە بە کێشە نابینین.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە