رێباز حەملان: مەسرور بارزانی لەگەڵ سوودانی زۆر پێداگریی کرد 4 مووچەکەی ئەم ساڵ خەرجبکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ
 
یاریدەدەرێکی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "مووچەی مانگی 9 بەزووترین کات دێت" و "جەنابی سەرۆکوەزیران کاک مەسرور لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی زۆر زۆر پێداگریی کرد کە دەبێت هەر چوار مووچەکەی ئەم ساڵ خەرج بکرێت."
 
وەکو رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی، "حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت، مانگانە رادەستکردنی 120 ملیار دینار لە داهاتی نانەوتی بە بەغدا لەکاتی خۆی، پرسی میزان موراجەعە و لیستی مووچە، هەمووی بە رێکوپێکی کراوە و هیچ کێشەیەک نەماوە لەلایەن هەرێمی کوردستان و هیچ پابەندییەک نەماوە جێبەجێی بکات، بۆیە دەبێت ئەوانیش ئەو چوار مووچەیە خەرج بکەن."
 
رێباز حەملان ئاماژەی بەوەش کرد، "نەناردنی مووچەی مانگی 9 بە هیچ شێوەیەک پەیوەندیی بە نەناردنی 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتییەوە نییە." گوتیشی، دەبێت ئەمڕۆ و سبەی عێراق بڕیار لە ناردنی مووچەی مانگی ئەیلوول بدات، "بەڵام لەوانەیە ئالیەتی ناردنەکەی بکەوێتە هەفتەی داهاتوو."
 
"بڕیاری ناردنی مووچەی مانگی ئەیلوول دراوە"
 
هەر ئەمڕۆ سێشەممە 18ی تشرینی دووەمی 2025 بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق گوتی، رۆژی دووشەمە 17-11-2025 لە کۆبونەوەیەکی نێوان محەممەد شیاع سوودانی، فوئاد حوسێن، تەیف سامی و خۆی دا بڕیاری ناردنی مووچە دراوە.
 
بەنگین رێکانی رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە یان سبەی چوارشەممە 19ی تشرینی دووەم، 120 ملیار دینارەکە بۆ بەغدا دەنێردرێت.
 
لەبارەی چارەنووسی دوو مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق گوتی، "هەفتەی داهاتوو شاندێکی تەکنیکی لە هەولێرەوە دەچنە بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی دوو مووچەی ئەم ساڵ."
 
رۆژی 26-10-2025 بەغدا 945 ملیار و 817 ملیۆن دیناری وەکو تەمویلی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خستەسەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان.
 
هەمان رۆژ وەزارەتی دارایی لیستی مووچەی مانگی 8ی بڵاوکردەوە و لە سێ رۆژی 27، 28 و 29ی تشرینی یەکەمدا مووچەی ئەو مانگەی بەسەر فەرمانبەران و مووچەخۆرانی دا دابەشکرد.