لاهور شێخ جەنگی: تووندوتیژی لە خۆپیشاندانەکاندا قبوڵناکرێت

18-12-2017
حەکیم داود
نیشانەکردن خۆپیشاندان
A+ A-

رووداو - هەولێر

لاهور شێخ جەنگی، بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاری رایگەیاند، خۆپیشاندان مافێکی رەوای خەڵکە، بەڵام تووندوتیژی لە خۆپیشاندانەکاندا قبوڵناکەن.

دوای خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆی شار و شارۆچکەکانی کوردستان، لە توویتێکدا لاهور شێخ جەنگی رایگەیاند، خۆپیشاندان مافێکی دیموکراسییە و داواکانی خەڵکیش رەوان بۆ بۆ چاکسازی و ژیانێکی باشتر.

لاهور شێخ جەنگی رایگەیاندووە "داوا لە خۆپیشاندەران دەکەم بە هێمنی و دوور لە تووندوتیژی بجوڵێنەوە، چونکە تووندوتیژی قبوڵناکرێت. دەبێ ئاسایش و سەلامەتی کوردستان بپارێزین".

لە راگەیێندراوێکیشدا، بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاری دەڵێت "دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ داوا رەواکانی خەڵک و خۆمان بە پشتیوانی خەڵکی وڵاتەکەمان دەزانین لەپێناو باشترکردنی دۆخی گوزەران و حوکمڕانیەکی شایستە، بەڵام داواکارین کە خۆپیشاندانەکان بەئاراستەی هەڵەدا نەبرێن و پشێوی لێنەکەوێتەوە، دۆخی ئاسایش و ژیانی هاووڵاتییان نەکەوێتە مەترسییەوە".

لاهور شێخ جەنگی، کە برازای جەلال تاڵەبانییە، ئاماژەی بەوەشکردووە، پاراستنی دامودەزگا مەدەنی و حکومییەکان و بارەگاکان ئەرکی هەموو لایەکە، نابێت بەهیچ جۆرێک پەنا بۆ سووتاندن و تووندوتیژی ببرێت، دەبێ خەڵک خۆیان لە ئاژاوەنانەوە بپارێزن، چونکە ئەوە دەبێتە بەلاڕێدابردنی داوا رەواکانیان و رێگر دەبێت لەهەر چاکسازی و بونیادنانێک لە وڵاتدا. "ئێمەش بەهەموو شێوەیەک رێگر دەبین لە هەر دەستێک بۆ نانەوەی پشێوی و کاولکاریەک لە وڵاتدا".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە