رووداو دیجیتاڵ
رۆژی هەینی 17-12-2021 پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی بە سپۆنسەری میدیایی تۆڕی میدیایی رووداو دەستی بە چالاکییەکانی کرد. لە فیستیڤاڵەکەدا کۆنسوڵی ئێران لەسەر پێدانی "خەڵاتی شکۆمەندی" بە فیلمسازێکی ئێرانی، فیستیڤاڵەکەی جێهێشت.
فیستیڤاڵەکە بە فیلمی "ماڵی دالیا" کە لە دەرهێنانی دانا کەریم-ە، دەستیپێکرد. هەر لە یەکەم رۆژی چالاکییەکان چەند خەڵاتێک دابەشکران، خەڵاتی شکۆمەندی درایە محەممەد رەسولۆف، دەرهێنەر و فیلمسازی ئێرانی. پێدانی ئەو خەڵاتەش بەو فیلمسازە ئێرانییە ناڕەزایەتیی کۆنسوڵی ئێرانی لە سلێمانی لێکەوتەوە و هۆڵی فیستیڤاڵەکەی جێهێشت.
محەمەد رەسولۆف، فیلمسازێکی سەربەخۆی ئێرانیی بەنێوبانگە و خاوەنی چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتییە. پێشتر بەهۆی نێوەڕۆکی فیلمەکانیەوە، چەندین جار لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە دەستگیرکراوە و پاسپۆرتەکەشی لێ سەندراوەتەوە.
دانەر عومەر، بەڕێوەبەری دەزگای فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی لەبارەی زویربوونی کۆنسوڵی ئێران لە سلێمانی لەسەر پێدانی ئەو خەڵاتە بەو فیلمسازە ئێرانییە، قسەی بۆ هادی سەلیمی، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی کرد و گوتی، "ماوەی چوار ساڵە کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوکارێکی باشی ئێمە بوون، بەتایبەت لە خولی یەکەمدا فیلمی (محمد رسول اللە) کە لە سەرتاسەری هەموو وڵاتانی عەرەبی نمایشکردنی قەدەخە کرابوو، ئێمە لە فیستیڤاڵی سلێمانی نمایشمان کرد".
دانەر عومەر دەشڵێت، "فیستیڤاڵی سلێمانی تایبەتمەندییەکی خۆی هەیە کە سەکۆیەکی ئازادە بۆ هەموو فیلمسازەکان، بەڵام رێگەنادەین هیچ کەسێک ئەجێندای خۆی لێرە بخاتەڕوو. پێدانی خەڵاتی شکۆمەندی شتێکی کەسی نییە، زیاتر بۆ ئەوەیە بڵێین ئازادی بۆ فیلمسازەکان".
بەڕێوەبەری دەزگای فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی باسی لەوەش کرد، "پێدانی ئەو خەڵاتە بە مانای ئەوە نییە دژی کۆماری ئیسلامی قسەمان کردبێت، بڕیارە روونکردنەوەیەکی فەرمییش لەسەر ئەو بابەتە بدەین".
رۆژی هەینی،17-12-2021، پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی بە سپۆنسەری میدیایی تۆڕی میدیایی رووداو دەستیپێکرد؛ چالاکییەکانی فیستیڤاڵەکە بۆ ماوەی حەوت رۆژ بەردەوام دەبن کە تێیدا 143 فیلم لە 35 وڵاتەوە بەشدارن و 116 فیلم لە کێبڕکێدان.
تۆڕی میدیایی رووداو بۆ پێنجەمین خول، سپۆنسەری میدیایی فیستیڤاڵەکەیە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ساڵی 2020 بۆ 2021 دواخرا. لە 143 فیلمە بەشداربووەکە، 116یان کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتەکان. لە 35 وڵاتی جیهانەوە ئەکتەر، دەرهێنەر و رەخنەگرانی سینەمای بەشدارن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ