رووداو دیجیتاڵ
شارەوانیی پاریس ماڵێک لەسەر قەڵای هەولێر بەناوی ماڵی پاریس دەکاتەوە و جەخت لە بەهێزیی پەیوەندییەکانیشی لەگەڵ کورد دەکاتەوە.
ئان هیدالگۆ لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ئاڵا شاڵی نێردراوی رووداو بۆ پاریس دەڵێ: "هەنگاوی داهاتوو لەگەڵ هەولێر نۆژەنکردنەوەی خانوویەک لەناو قەڵای هەولێر، کە دەبێتە 'ماڵی پاریس' و بۆ ژنان تەرخان دەکرێت.
هیدالگۆ کە 12 ساڵە سەرۆکی شارەوانییە، کردنەوەی رێڕۆی پێشمەرگە لە پاریس و ماڵی پاریس لە هەولێر بە نموونەی دیاری پەیوەندییەکی پتەو دادەنێت، سەرۆکی شارەوانیی پاریس سەرسامی میوزیک و گۆرانی و کولتووری کوردییە و دەڵێت: "ئاشقی گەلی کورد و کولتوورەکەی و هێزی ئەو گەلە بووم بەرگریی دەکات".
ئانا هیدالگۆ هەروەها دەڵێت: "هەنگاوی داهاتوو لەگەڵ هەولێر، بە دیاریکراوی بریتییە لە نۆژەنکردنەوەی خانوویەک لەناو قەڵای هەولێر، کە دەبێتە 'ماڵی پاریس' و بۆ ژنان تەرخان دەکرێت. ئێستا سەرقاڵی ئەو پڕۆژەیەین، شاندێکی تەکنیکی شارەوانیی پاریس لە مانگی کانوونی یەکەم (دیسەمبەر) سەردانی هەولێریان کرد. بە ڕاستی هیواخوازم بتوانم لە کاتی کردنەوەی ئەو شوێنەدا ئامادە بم، هەرچەندە ئەو کاتە من چیتر سەرۆکی شارەوانی نابم، بەڵام هیوام وایە کاتێک ماڵەکە دەکرێتەوە لەوێ بم."
دەقی گفتوگۆی ئاڵا شاڵی لەگەڵ ئانا هیدالگۆ، سەرۆکی شارەوانیی پاریس
رووداو: زۆر سوپاس بۆ ئەو گفتوگۆیە، رۆژی ئاڵای کوردستانە، رێزیش لە بەڕێزتان گیرا بەرامبەر ئەو کارانەی بۆ هاوکاری کورد و کوردستان کردووە، هەستتان چۆنە بۆ رۆژی ئاڵای کوردستان ؟
ئان هیدالگۆ: بەڕاستی زۆر کاریگەر بووم و هەستێکی پڕ سۆزم هەیە، سەرەتا لەبەر ئەوەی ئەمڕۆ رۆژێکی گرنگە بۆ کوردستان، هەروەها دەبینم دۆستەکانم لە دەورمن لێرە، چ جەنابی وەزیر کە بە تایبەت هاتووە، چ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئینستیتوتی کورد و ئەو هەڵبژێردراوانەی لە دەورم کۆبوونەتەوە.
ئەمە ساتێکی پڕ لە سۆزە، چونکە لە ماوەی ئەو هەموو ساڵەدا من سەرۆکی شارەوانی بووم، نزیکەی 12 ساڵ وەکو سەرۆکی شارەوانی پاریس، ئێمە ئەم دۆستایەتییەمان پەروەردە کردووە، چونکە بەهاکانی گەلی کورد ئەو بەهایانەن لە ناخی دڵی مندا وەکو سەرۆکی شارەوانی پاریس و وەک فەڕەنسییەک دەنگ دەدەنەوە.
رووداو: چ هەنگاوێکی تازە هەیە لەنێوان پاریس و هەولێر، لە چوارچێوەی دەستەخوشکایەتی نێوانیاندا؟
ئان هیدالگۆ: سەرەتا ئێمە بە شێوەیەکی بەردەوام کار لەگەڵ هەولێر دەکەین، لە چوارچێوەی کۆمەڵەی نێودەوڵەتی سەرۆک شارەوانییە فەڕەنکۆفۆنەکاندا،ئێمە پێکەوە پابەندی هەندێ بابەتین بۆ نموونە کێشەی گۆڕینی کەش و هەوا، بەڵام هەنگاوی داهاتوو لەگەڵ هەولێر، بە دیاریکراوی بریتییە لە نۆژەنکردنەوەی خانوویەک لەناو قەڵای هەولێر، کە دەبێتە 'ماڵی پاریس' و بۆ ژنان تەرخان دەکرێت. ئێستا سەرقاڵی ئەو پڕۆژەیەین، شاندێکی تەکنیکی شارەوانی پاریس لە مانگی کانوونی یەکەم (دیسەمبەر) سەردانی هەولێریان کرد. بە ڕاستی هیواخوازم بتوانم لە کاتی کردنەوەی ئەو شوێنەدا ئامادە بم، هەرچەندە ئەو کاتە من چیتر سەرۆکی شارەوانی نابم، بەڵام هیوام وایە کاتێک ماڵەکە دەکرێتەوە لەوێ بم.
رووداو: دەمەوێت بزانم ئایا ماڵی پاریس لە قەڵای هەشت هەزار ساڵەی هەولێر دەکەنەوە دووبارە؟
ئان هیدالگۆ: بەڵێ، ئەمە بە راستی ئەو پڕۆژەیەیە ئێمە پێوەی پابەندین و هیواخوازم ئەم ماڵە کە ئێستا خەریکە شێوە وەردەگرێت، ببێتە هێمایەکی زۆر جوان و شوێنێکی زیندووی ئەو دۆستایەتییەی نێوان پاریس و کوردستان.
رووداو: دوای کردنەوەی رێڕۆی پێشمەرگە لە پاریس، دوای ئەوە چ کاردانەوەیەکتان بۆ هات ؟
ئان هیدالگۆ: لێرەشدا، دەزانن، ئەمە رێگەیەک بوو بۆ ئەوەی سوپاسی گەلی کورد و پێشمەرگە بکەین لە پێناو ئازادیی ئێمەدا جەنگاون، هەروەها بۆ ئەوەی ناوی پێشمەرگە و مێژووەکەی لە مێژووی شاری پاریسدا تۆمار بکەین بە ناونانی ئەو ڕێڕەوەی بۆ پێشمەرگە تەرخانکراوە لە شوێنێکی زۆر جوانی پاریس لە کەناری ڕووباری سیێن، بۆ ئێمە ئەمە رێگەیەکە بۆ گوتنی 'سوپاس'، و من یادەوەرییەکی نایابم لەو ڕۆژەدا هەیە بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، کە ڕێز و پێزانینێکی زۆرم بۆی هەیە.
رووداو: کولتوور و میوزیکی کوردی زۆر دەوڵەمەندن، ئایا چۆن دەتانەوێ هاوکاری کولتوور و میوزیکی کوردی بکەن ؟
ئان هیدالگۆ: بە بڕوای من ئەمە کولتوور و میوزیكێکی کراوەیە. بۆ من، ئەوە بەرجەستەی شتێک دەکات... دەزانن من لە ئیسپانیا لە دایکبووم و خاوەنی کولتووری دەریای نێوەڕاستم، بۆیە خۆم لەم مۆسیقایەدا دەبینمەوە. پێم وایە ئاوازەکانی و ئەو نەرمییەی تێیدایە، وادەکات ئەم مۆسیقایە بە شێوەیەکی گەردوونی پەیامەکەی بگەیەنێت."
رووداو: ئایا بەنیازن ساڵی داهاتوو نەورۆزێکی گەورە ساز بکەن لە پاریس؟
ئان هیدالگۆ: پێموایە هەموومان پێکەوە ساڵی نوێی کوردی ساز دەکەین وەکو ئەوەی هەموو ساڵێک دەیکەین، و پێموایە دەرفەتمان دەبێت یەکدی ببینینەوە، بەتایبەتی لە ئینستیتوتی کورد، رەنگە لە هۆتێلی شاریش بێت. توانای ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی ئەم دۆستایەتییەی نێوان پاریس و گەلی کورد بە راستی لە شارەکەماندا ریشەی داکوتاوە، و باوەڕم وایە هەمیشە پێویستمان بەوەیە بیرمان بێت چ شتێک بۆ گەلی کورد بکەین.
رووداو: دوایین پرسیارم، پەیامتان چییە بۆ کورد و کوردستان، بەڕێزتان زۆر خۆشەویستن لای کورد، لە هەرێمی کوردستان و لای کوردی ئەورووپاش زۆر ناسراون ؟
ئان هیدالگۆ: بە راستی من کەمێک هەست دەکەم کوردم، ئەوەتا پێتانی دەڵێم. من ئاشقی گەلی کورد و کولتوورەکەی و هێزی ئەو گەلە بووم بەرگریی دەکات، بەڵام بەرگرییەک بە داهێنانێکی زۆرەوە، بەتایبەتی بە هێزی ژنانەوە. بۆیە دەمەوێت بڵێم: بژی کورد، بژی کوردستان و بژی ژنانی کورد.
رووداو: جلی کوردیت وەرگرت، ئەو جلە دەپۆشیت؟
ئان هیدالگۆ: بە دڵنیاییەوە هەروەها ئەم مەدالیا بچووکەشم پێگەیشتووە لێرە لە یەخەم داوە. زۆر سوپاس بۆ ئێوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ