کۆیە داوای ئیدارەی سەربەخۆ دەکات

20-01-2014
خۆپێشاندان
خۆپێشاندان
نیشانەکردن خۆپێشاندان ، کۆیە
A+ A-
رووداو - کۆیە

بەشێک لە دانیشتوانی قەزای کۆیە و دەوروبەری لە خۆپێشاندانێکدا، کە لەلایەن کۆمەڵەی بەدواداچوونی داواکارییەکانی کۆیەوە رێکخرابوو، لە رێگای یاداشتێکەوە کە ئاراستەی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان کراوە، داوایانکرد لە ماوەی مانگێکدا بریاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بە ئیدارەکردنی کۆیە کە لە رۆژی ٢-٥-٢٠١١ وە دەرچووە بخرێتە واری جێبەجێکردنەوە.

هەروەها داواکرا جیا لە پترۆ دۆلار، بۆ ئاوەدانی زیاتری ناوچەکە لە کێڵگەی نەوتی شیواشۆک ساڵانە داهاتی شیرینی نەوت بۆ قەزای کۆیە و دەورووبەری تەرخانبکرێت .

خۆپیشاندەران داواکاریشبوون بەهۆی گرینگی و هەڵکەوتەی جوگرافییەوە ناحیەی تەق تەق بکرێت بە قەزا و هەریەک لە گوندەکانی ئیلنجاغ و سماقوڵی بکرێن بە ناحیە، کە لە رابردوو لەلایەن سەرکردایەتی کوردەوە بەڵێنیان پێدراوە .

خۆپیشاندەران داواکاری دانیشتوانی کۆیە و دەورووبەریان لە رێگای قایمقامی کۆیەوە ئاراستەی هەرسێ سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت و پەرلەمانی کوردستان کرد .

بە گەرانەوە بۆ مێژوو کۆیە لە رابردوو دا لیوا بووە و دواتر بە قەزا و لە لایەن رژێمی پێسووی بەعسەوە لە ساڵی ١٩٨٨ کۆیە کرا بە ناحیە و تەق تەق کرا بە گوندو دێگەڵە تێکدرا، لە بیستەکانی سەدەی رابردووش کۆیە هاوشانی نەجەف پاڵێوراو بووە بۆ بوون بە پارێزگا ، بۆیە خۆپیشاندەران رایانگەیاند ئەگەر تا رۆژی ١٨ مانگی دووی داهاتوو داواکانیان جێبەجێ نەکرێت، رێوشوێنی دیکە دەگرنەبەر .

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە