رووداو - رانیە
شەوی دووشەممە 18-1-2016 هونەرمەند جێگیر عەزیز كوژرا، پۆلیسی هەولێریش دەڵێت "لەماڵی هاوڕێیەكی بووە و دوای ئەوەی بووە بە شەڕیان، یەكێك لە هاوڕێكانی بە سێ چەقۆ كوشتوویەتی".
رۆژی سێشەممە تەرمی هونەرمەند جێگر عەزیز لە زێدی خۆی لە گۆڕستانی رانیە بەخاكسپێردرا. هاوڕێیانیشی بە گۆرانی "گوڵەباغ"، کە یەکێکە لەو گۆرانیانەی ئەو هونەرمەندە کلیپی بۆ کردووە، ماڵئاوایان لە تەرمەکەی کرد.
جێگر عەزیز، خوێندکاری ئەکادیمیای هونەرەجوانەکانی هەولێر بووە و چەند ساڵێکە وەک موزیکژەن و دەنگخۆشێکی گەنج دەرکەوتووە.
بەگوتەی هاوڕێکانی شەوی دووشەممە 18-1-2016 لەگەڵ سێ برادەری خۆییدا لە دانیشتنێکدا بوون لە ماڵی هونەرمەندێکی دۆستیان، لەسەر پرسێک دوو هاوڕێی بووەتە دەمەقاڵەیان، جێگر عەزیز نێوبژیوانی کردوون، لە ئەنجامدا سێ چەقۆی بەرکەوتووە.
هەرچەندە جێگر عەزیز گەێندراوەتە نەخۆشخانە، بەڵام پاش دوو کاژێر گیانی لەدەستدا.
پۆلیسی هەولێر سێ كەسی دەستگیركردووە، كە تۆمەتباری كوشتنی جێگر عەزیزن، کەسوکاری هونەرمەندەكەش چاویان لە پۆلیسە بۆ ئەوەی بکوژی جێگر سزابدات.
کارزان عەزیز، برای هونەرمەند جێگر عەزیز دەڵێت "لە تەمەنێکی بچوک ئارەزووی هونەری دەکرد و ئێمەش زۆر هاوکاریمان کرد بۆ ئەوەی خۆی پێبگەێنێت، ئەو رووداوە ئێمەی سەرسام کرد، چونکە براکەم گرفت و کێشەی لەگەڵ کەس نەبوو".
هێمن حەسەن، هاوڕێی هونەرمەند جێگر عەزیز دەڵێت "جێگر زۆر خەونی مابوو بیان هێنێتەدی، بەداخەوە نەیتوانی ئێمە هەمیشە کە دەمانگوت کەی بەرهەمێکی دیکەمان پێشکەش دەکەی ئەو دەیگوت جارێ زووە و تەمەنم ماوە، بەڵام بەداخەوە ئاواتەکانی نەهاتنەدی".
لەبارەی وردەكاری رووداوەكە، هۆگر عەزیز گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر دەڵێت "لەماڵی برادەرێکیان دانیشتوون و مەشروبیان خواردووەتەوە و گۆرانیان گوتووە، دواتر بووەتە شەڕ و دەمەقاڵێ. یەکێکیان سێ چەقۆی لێدواوە و کوشتوویەتی".
لە دوای کوژرانی جێگر عەزیز، پۆلیسی هەولێر بە پێی ماددەی 406 لەیاسای سزادانی عێراقی سێ کەسی دەستگیر کردووە، کە یەکێکیان بە تۆمەتباری سەرەکی کوژرانی ئەو هونەرمەندە دادەنرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ