بارزانی: ئیتر شتێک نەماوە بەناوی کۆبوونەوەی پێنج قۆڵی

19-01-2017
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
"واز لە پرۆسەی سەربەخۆیی کوردستان ناهێنین"
"واز لە پرۆسەی سەربەخۆیی کوردستان ناهێنین"
نیشانەکردن داڤۆس بارزانی
A+ A-

رووداو- داڤۆس

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکی هاوبەشی تەلەڤزیۆنی کە پەیامنێری رووداو تێیدا بەشداربوو لە داڤۆسەوە رایگەیاند: "رێککەوتنی پارتی و یەکێتی دەبێ هەبێت و کاتیش لەبارە بۆ چارەسەری قەیرانەکان".


مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "رێککەوتن لەگەڵ یەکێتی زۆر گرینگە و کاریگەری دەبێت لەسەر حیزبەکانی دیکەیش، بەڵام پارتی بە دڵنیاییەوە ناگەڕێتەوە ئەو کۆبوونەوانەی کە پێی دەڵێن پێنج قۆڵی، هەموو حیزبەکان دەبێت بەشدار بن لەگەڵ یەکێتی و هەموو حیزبەکان، نەک لەگەڵ یەکێتی و چوار حیزبەکە کە پێیان دەڵێن پێنج حیزبی سەرەکی".

بارزانی هەروەها گوتی: "من نە ئەو موستەڵەحەم قبوڵە و نە جارێکی دیکەیش پارتی کۆبوونەوەی پێنج قۆڵی ئەنجام دەدات، کۆبوونەوەکە دەبێت فراوانتر بێت. بەلانیکەمیەوە ئەو حیزبانەی لە حکومەت و پەرلەمان بەشدارن، ئەوانەی حکومەت دەبێت بەشدار بن و ئەوانی دیکەیش دەبێت راوێژیان پێبکرێت. من شەخسی خۆم رێگر نیم لەوەی هەموویان بەشدارن بن لە کۆبوونەوەکە، بەڵام پێنج قۆڵی تەواو".

"واز لە پرۆسەی سەربەخۆیی کوردستان ناهێنین"

سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە سەربەخۆیی و گشتپرسی لە هەرێمی کوردستان گوتی: "من کە چوومە بەغدا ئەم بابەتەمان لەگەڵ بەغدا باسکردووە و ئەگەر ئێمە لەگەڵ بەغدا بگەینە تەفاهوم رێگا خۆشدەکات بۆ زۆر لە وڵاتانی دیکەیش کە بەبێ کێشە ئیعترافمان پێبکەن، لەبەر ئەوە ئێمە بەردەوام دەبین و تا ئەو جێگەی کە مەجالی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا هەبێت و بگەینە ئەنجامێکی ئەرێنی پێویست ناکات ئێمە هەنگاوی دیکە بنێین، بەڵام ئەگەر لەوە نائومێد بوین بەدڵنیاییەوە هەنگاوی دیکە دەنێین".

بارزانی بە جەختکردنەوە لەوەی کە ،ئێمە واز لەم پرۆسەیە ناهێنین گوتی: "ئێمە دەتوانین لەگەڵ عێراقی داهاتوو دوو دراوسێی باش بین بەڵام وەک شەریک نەمانتوانی ببینە شەریکی باش، ئەوە حەقیقەتێکە و ئەوەیش ئیعترافی پێ نەکات نایەوێت راستییەکان ببینرێت". 

رووداو: چەندیدن دیدارتان لە داڤۆس ئەنجامدا لەگەڵ گەورە بەرپرسانی وڵاتان ئەوان دڵنیاییاندا کە بەردەوام دەبن لە پشتیوانی هەرێمی کوردستان دوای گرتنەوەی موسڵیش؟

بارزانی: ئێمە زۆرمان بینی لەو سەرکردانەی کە بەشدار بوون و بەدڵنیاییشەوە دەرفەتێکی باش بوو بۆ ئەوەی ئێمە بۆچوونی خۆمان لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوان روونبکەینەوە و ئەوانیش بەهەمانشێوە بۆچوونی خۆیان بە ئێمە رابگەیێنن، خۆشبەختانە هەر هەموویان بە هەنگاوێکی زۆر رێزەوە سەیری خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگە و خۆڕاگری گەلەکەمان دەکەن، ئەمە جێی سەربەرزی و شانازییە بۆ ئێمە، هەموویش جەختیان دەکردەوە کە زۆر موهتەمن بۆ ئێستا و بۆ داهاتوویش کە بەردەوام بن لە پەیوەندییان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و پشتیوانیان بۆ هەرێمی کوردستان.

پرسیار: ئەو کۆڕبەندە ئابوورییە بەو پێیەی کە زیاتر باسی کێشە ئابوورییەکانی جیهان دەکرێت لێرەشدا دوای کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردە جیهانییەکان، ئێستا کە کوردستان بە قەیرانێکی ئابووری تێدەپەڕێت ئەوان لە رووی ئابوورییەوە چۆن دەتوانن یارمەتی هەرێمی کوردستان بدەن؟

بارزانی: ئەوان دەتوانن یارمەتی ئێمە بدەن بۆ ئەوەی سیستەمێکی ئابووری رێکوپێک بۆ کوردستان دروستبکەین بۆ ئەوەی چاکسازییەکی باش لە کوردستان ئەنجام بدەین، بەڵام ئەگەر چاوەڕوانی ئەوە بکرێت کە ئەوان بێن و پارە دەدەن ئەوە زەحمەتە، ئەوە بەو ئاسانیە نییە هەرچەندە ئەگەری هەیە لە زۆر بواردا یارمەتی ماددیش بدەن وەک لە پرسی ئاوارەکان و لەهەندێ پرۆژە کە سوود دەگەیێنن بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، بەڵام لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە ئەوان ئامادەن بێن یارمەتیمان بدەن ژێرخانێکی رێکوپێک و ستاندارد بۆ ئێمە لە کوردستان دابمەزرێنن.

رووداو: داعش لە شنگال و لە کۆبانێ تێکشکێندرا، ئایا وڵاتانی جیهان گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە بۆ ئەوەی داعش جارێکی دیکە لە ناوچەکە سەر هەڵنەداتەوە هاوکاریی زیاتری پێشمەرگە بکەن؟

بارزانی: ئەمە پرسیارێکی گرنگە لەسەر ئەم بابەتە زۆر گفتوگۆمان کردووە لەگەڵ هەموو ئەو بەرپرسانە ئەگەر وا تەسەور بکرێت کە بە تێکشکاندنی داعش لە موسڵ دوای ئەوە لە زۆر شوێنی دیکە تێکشکان کە بە تێکشکانی داعش لە موسڵ داعش تەواو دەبێت ئەوە هەڵەیەکی گەورەیە، داعش وا بە ئاسانی لەناو ناچێت، راستە لە شەڕی رووبەڕوو تووشی شکستی گەورە هاتوون و تووشی شکستی گەورەتریش دێن بەڵام داعش پەنا دەباتە بەر شێوەی دیکە لە تیرۆر، ئەگەری ئەوە هەیە کە رێکخراوێکی دیکە لە داعش پیستر و خراپتر دروست بێت لە ژێر ناو و رەنگی دیکە، پرسی تیرۆر ئەوە نییە بە سەرکەوتنێکی سەربازی لە شارێک یان جەبهەیەک کۆتایی پێدێت. شەڕێکی درێژخایەنە و پێویستی بە هاوکاریی هەمە لایەنەیە.

پرسیار: قەیرانی ئابووری بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە بەڵام دەتوانین بڵێن ساڵی 2016 ساڵی سەرکەوتنی دیپلۆماسیەتی کورد و پێشمەرگە بوو، بە سەردانیکردنی گەورە بەرپرسانی جیهان بۆ کوردستان و بە تێکشکاندنی داعش؟

بارزانی: بەدڵنیاییەوە 2016 ساڵی سەرکەوتنی گەورەی کوردستان بوو لەڕووی سیاسی و لەڕووی سەربازییەوە ئومێدەوارین ئەمساڵیش ببێتە ساڵی تێپەڕبوونی قەیرانی دارایی.

رووداو: بەمانەوەی داعش لە سووریا مەترسی داعش لەسەر کوردستان و جیهان بەردەوام نابێت؟، هەروەها ئێوە وەک هەرێمی کوردستان ئامادەن بۆ لەناوبردنی داعش هاوکاربن لە سووریا؟

بارزانی: ئەمە راستییەکە کە داعش دەبێت لە عێراق و سووریا تێکبشکێت ئەگینا لە شوێنێک بمێنێت و خۆی دووبارە رێکبخاتەوە مانای ئەوەیە کە ئەو مەترسییە بەردەوام دەبێت لەبەر ئەوە زۆر زۆر گرنگە لە سووریا و لە عێراق پێکەوە تێکبشکێندرێن، بەڵام دوو دۆخی جیاوازە، دۆخی سووریا لەگەڵ دۆخی عێراق قیاس ناکرێت، ئەگەر ئێمە بتوانین هاوکارییەک بکەین ئامادەین بەڵام بەڕاستی ئەوە کاری ئێمە نییە و ئەرکی ئێمەیش نییە. خەڵکی دیکە هەیە لە سووریا کە دەبێت ئەو کارە بکەن.

پرسیار: ئێوە پاڵپشتیتان لە حەیدەر عەبادی کرد لە ئۆپەراسیۆنی موسڵ بەڵام ئەو تاوەکو ئێستا بەشێوەی ئەرێنی نەهاتووەتە پێش لەبەرامبەر کوردستان بەتایبەتی لە هەندێ پرس کە پەیوەندی بە پرسی بودجە و داهاتی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، ئەمە چۆن دەتوانرێ چارەسەری ئەو بابەتە بکرێت؟

بارزانی: ئێستا هەماهەنگی و هاوکاریی ئێمە لەڕووی سەربازییەوە زۆر باشە بەڵام لە بوارەکانی دیکە هیچ پێشکەوتنێک نەبووە، نامەوێت زیاتریش بچمە ناو ئەو وردەکاریانە.


رووداو: ماوەیەکە کەمتر باسی سەربەخۆیی کوردستان دەکرێت، کەی دەتوانین بڵێین کە هەنگاوی کردەیی نراوە، ئایا ئەمساڵ گشتپرسی ئەنجام دەدرێت؟

بارزانی: باشترین شت ئەوەیە کە کاری جددی بۆ بکرێت و قسە کەم بکرێت، قسەی زۆر بکرێت و کاری بۆ نەکرێت سوودی چییە؟ ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین بەڵام دیاریکردنی کات بۆ شتێکی وا گەورە وابزانم زۆر شتێکی تەواو نییە. بەڵام بە زووترین کات هەوڵدەدەین تەواوی بکەین.

پرسیار: هەندێ وڵات دەڵێن ئەگەر بە ئاشکرا لەگەڵ ئەو پرۆسەیە نەبین بەڵام دژی نابین بەتایبەتی وڵاتانی ئەروپی، ئەوە زۆر قسە و باسی لەسەر دەکرێت؟

بارزانی: من کە چوومە بەغدا ئەم بابەتەمان لەگەڵ بەغدا باسکردووە و ئەگەر ئێمە لەگەڵ بەغدا بگەینە تەفاهوم رێگا خۆشدەکات بۆ زۆر لە وڵاتانی دیکەیش کە بەبێ کێشە ئیعترافمان پێبکەن، لەبەر ئەوە ئێمە بەردەوام دەبین و تا ئەو جێگەی کە مەجالی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا هەبێت و بگەینە ئەنجامێکی ئەرێنی پێویست ناکات ئێمە هەنگاوی دیکە بنێین، بەڵام ئەگەر لەوە نائومێد بوین بەدڵنیاییەوە هەنگاوی دیکە دەنێین.

ئێمە واز لەم پرۆسەیە ناهێنین. ئێمە دەتوانین لەگەڵ عێراقی داهاتوو دوو دراوسێی باش بین بەڵام وەک شەریک نەمانتوانی ببینە شەریکی باش، ئەوە حەقیقەتێکە و ئەوەیش ئیعترافی پێ نەکات نایەوێت راستییەکان ببینرێت. 

رووداو: هەڵوێستی وڵاتانی رۆژئاوا لەبارەی سەربەخۆیی کوردستان چییە؟ من وەک پەیامنێری رووداو لە زۆربەی کۆنفرانسی سەرکردەکانی جیهان ئەو پرسیارەم کردووە و زۆربەیان خۆیان لێ لادەدەن، هەندێکیشیان لە پشتی کامێراوە دەڵێن پشتیوانی دەکەین بەڵام ئاشکرای ناکەین، بەئێوە چی دەڵێن؟

بارزانی: هەمان شت بە ئێمەیش دەڵێن.
   
پرسیار: لەبارەی باکووری کوردستانەوە پێشتر ئێوە باستان لەوە کردبوو کە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا جێی خۆی ناگرێت، ئێستا دەبینین کە لە تورکیا بەرپرسانی پارتە کوردییەکان دەستگیرکراون، پێویست دەکات تورکیا سیاسەتێکی نەرمتر بگرێتەبەر؟

بارزانی: ئەوەی کە من لە هەر بۆنەیەکدا بە دەنگی بەرز دەمگوت با شەڕ نەبێت شەڕ شتێکی خراپە و دەرەنجامەکەی خراپە، ساڵێک گفتوگۆ باشترە لە سەعاتێک شەڕ لەو دەرەنجامەی دەترسام کە ئێستا هەیە، بەداخەوە هێشتا کاتی نەهاتووە بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی بەڵام ئێمە هەرکات ببینین کە دەرفەت هەیە درێخی ناکەین بۆ ئەوەی پرۆسەکە دەستپێبکاتەوە بەداخەوە زۆر شتی خراپ لە تورکیا روویداوە.

رووداو: چاوڕێ چی دەکەن لە ئیدارەی نوێی ترەمپ؟ لەکاتێکدا جێگری ترەمپ لەگەڵ ئێوە وەک یەکێک لە سەرکردەکانی جیهان قسەی کردووە؟

بارزانی: خۆشبەختانە زۆربەی ئەوانەی کە لە ئیدارەی ترەمپ بەرپرسیاریەتی گەورە وەردەگرن ئاشنان و دۆستن لەگەڵ شەخسی من و لەگەڵ هەرێمی کوردستان، جێگری سەرۆکی تازە هەڵبژێردراویش بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ کردم و جەختیکردەوە لەسەر دۆستایەتی و پشتیوانی، بۆیە ئێمە ئومێدەوارین کە پشتیوانی رەنگە زیاتریش ببێت نە وەکو کەمتر ببێت.

پرسیار: داهاتووی رۆژئاوای کوردستان و هەروەها سووریا چۆن دەبینن؟ لەکاتێکدا کۆبوونەوەی ئەستانا بەمنزیکانە بەڕێوەدەچێت و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش داوایکردووە بەشدار بێت لەو کۆبوونەوەیەدا؟

بارزانی: حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشدار نابێت ، ئێمە دەمانویست هاوکار بین لایەنی کوردی بچن بەشدار ببن، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەشدار نابێت و بانگهێشتیش نەکراون، بەگشتی رەشبینم بە دۆخی سووریا زۆر ئاڵۆز بووە، بەداخەوە داهاتوویەکی گەش نابینم نە بۆ سووریا و نە بۆ کورد بە تایبەتی.

پرسیار: ئەی چی بکرێت باشە؟

بارزانی: ئەوە پرسیارێکی زەحمەتە، رووسیا و ئەمریکا بەو هەموو گەورەیی خۆیانەوە تێیدا ماون و پێیان چارەسەر ناکرێت، زۆر ئاڵۆز بووە و کاتی دەوێت.

رووداو: پێش ئەوەی سەردانی داڤۆس بکەن کۆبوونەوەی سەرکردایەتی پارتیتان ئەنجامدا و داواتانکرد کە دەبێت چارەسەرێک بۆ کێشەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بکرێت و پارتی دەیەوێت رێککەوتنێک لەگەڵ یەکێتی ئەنجام بدات، ئایا تەنیا لەگەڵ یەکێتییە یان دەیەوێت لەگەڵ هەرچوار پارتە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستان رێکبکەوێت؟

بارزانی: بەدڵنیاییەوە رێککەوتن لەگەڵ یەکێتی زۆر گرینگە کە پارتی و یەکێتی بگەنە رێککەوتن و کاریگەری دەبێت لەسەر حیزبەکانی دیکەیش، بەڵام پارتی بە دڵنیاییەوە ناگەڕێتەوە ئەو کۆبوونەوانەی کە پێی دەڵێن پێنج قۆڵی، هەموو حیزبەکان دەبێت بەشدار بن، لەگەڵ یەکێتی و هەموو حیزبەکان، نەک لەگەڵ یەکێتی و چوار حیزبەکە کە پێیان دەڵێن پێنج حیزبی سەرەکی".

من نە ئەو موستەڵەحەم قبوڵە و نە جارێکی دیکەیش پارتی کۆبوونەوەی پێنج قۆڵی ئەنجام دەدات، کۆبوونەوەکە دەبێت فراوانتر بێت. بەلانیکەمیەوە ئەو حیزبانەی لە حکومەت و پەرلەمان بەشدارن، ئەوانەی حکومەت دەبێت بەشدار بن و ئەوانی دیکەیش دەبێت راوێژیان پێبکرێت. من شەخسی خۆم رێگر نیم لەوەی هەموویان بەشدارن بن لە کۆبوونەوەکە، بەڵام پێنج قۆڵی تەواو.

پرسیار: هەندێ لایەن باس لەوە دەکەن کە ئەگەر کەسی یەکەمی پارتە سیاسییەکان کۆببنەوە ئەگەری هەیە قەیرانەکان زووتر تێبپەڕێندرێت و چارەسەرەکان خێراتر بن، ئێوە راتان چییە؟

بارزانی: ئەم قەیرانە حیزبەکان دروستیانکردووە نازانم دەتوانن چارەسەری بکەنەوە یان نا بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەوان دروستیانکردووە، با بەرپرسی یەکەمی حیزبەکان کۆببنەوە، کێ رێگری لێکردوون، خۆ مەکتەب سیاسی سەرکردایەتین و هەموویان هەمیشە کۆدەبنەوە، بەڵام من لەگەڵ ئەوە نیم کە بەرپرسی یەکەمی حیزبەکان کۆببنەوە، چونکە وانییە ئەگەر حیزبن دەبێت سەرکردایەتی حیزبەکان پیکەوە ئەو کارانە ئەنجام بدەن گەر مەسەلەی شەخسیشە ئەی بۆ ئەو هەموو بانگەشەیە دەکەن و باسی دیکتاتۆریەت و فەردیەت دەکەن؟ ئەمانە مانای چییە؟

رووداو: بۆچی چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئەوەندەی خایاند؟ شەقام داوای چارەسەرکردنی کێشەکان دەکەن بۆچی ناکرێت؟ 

بارزانی: منیش دەپرسم بۆ چارەسەر ناکرێت؟ بۆ نایەنە پێشەوە؟ چەندجار من بانگهێشتم کردن؟ من بانگهێشتم کردن بابێن دابنیشن و چارەسەری ئەم قەیرانانە بکەین بەڵام دانانیشن و ئامادە نین رێکبکەون، ئێستا ئومێد بەخوا پێدەچێت تۆزێک جەوەکە باشتر بووبێت و ئامادەیی زیاتریشیان هەبێت بۆ ئەوەی دابنیشن و قەیرانەکان چارەسەر بکەن، ئێستا دۆخەکە لەبارترە بەڵام منیش ئەو پرسیارە دەکەم بۆچی نایەنە پیش؟

من دەستپێشخەرییەکم کرد و هەموو دەرگایەکم کردەوە، ئەگەر نا ئەوکاتە رەنگە ئێمەیش بەرنامەی دیکەمان هەبێت. هەندێ لە حیزبەکان سەرکردەشیان دیار نییە کە کێن، کێن ئەو سەرکردانەی کە دەبێت پیکەوە دابنیشن و کێشەکان چارەسەربکەن؟ جارێ دەبێت بگەڕێین بزانین کێن سەرکردەکان.

پرسیار: بۆچی تاوەکو ئێستا سەردانی تارانت نەکردووە؟

بارزانی: هەرکات دۆخەکە گونجاو بوو دەڕۆم 

رووداو: دوای گرتنەوەی حەلەب چۆن دەڕواننە دۆخی رۆژئاوای کوردستان؟ پێتانوایە لەبەر ئەو ناکۆکیانەی نێوانیان زۆر شت لەدەست بدەن؟

بارزانی: ناکۆکییەکانی لایەنە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان زۆر کاریگەری نەرێنیان هەبووە، بەداخەوە ئیرهابێکی زۆر سەیر دروستبووە لە رۆژئاوای کوردستان بەرامبەر ئەو کوردانەی کە لەگەڵ ئەو لایەنەی دەسەڵاتدارن نین، ئەوەی حەلەب رێککەوتنێک بووە کە من نهێنییەکانی نازانم، زۆر شت هەیە کە پشتی پەردەیە و ئێمە نایزانین بەڵام جارێکی دیکە دەیڵێم کە هیچ خۆشبین نیم بە داهاتووی رۆژئاوای کوردستان.

پرسیار: ئەمریکا زۆر جار دەڵێت نازانن یارمەتی چ لایەنێکی کوردی بدەن لە رۆژئاوای کوردستان؟

بارزانی: ئەمریکا زۆر باش یارمەتی پەیەدەی داوە چۆن نازانن یارمەتی کێ بدەن.
 

پرسیار: هێزەکانی پێشمەرگەی رۆژئاوای کوردستان دەروازەیان بۆ نەکراوەتەوە؟

بارزانی: نەخێر، ئێمەیش نامانەوێت و وەک زۆر جاریش باسمکردووە نابێت خوێنی کورد بەدەستی کورد بڕژێت ئەگینا لەمێژ بوو ئێمە دەمان ناردنەوە بەڵام هەموو شتێکیش سنووری خۆی هەیە و وەک عەرب دەڵێن، سەبریش سنووری خۆی هەیە.

رووداو: سبەی جەنابتان لە پانێڵێک بەشدارن لە داڤۆس و مژاری گەرمیش سووریا و عێراقە، داواتان لە بەرپرسانی جیهان هەم لە سیاسییەکان و هەمیش لە ئابووریەکان چییە؟

من شتێكى دياريكراوم نييه‌ داواى بكه‌م، سبه‌ى گوێ ده‌گرم و ئەوکاتە منیش لەبەر رۆشنایی قسەکانی ئەوان بۆچوونى خۆم ده‌ڵێم، پیشنیازی خۆم دەبێت، ئه‌گينا شتێكى دياريكراوم نييه‌ بچم به‌وانه‌ بڵێم ئه‌مه‌ بكه‌ن و ئەوە بکەن، ئه‌م قسانه‌ى ئێستا کردم‌ له‌وێش دەیکەم کە باسی سووریاتان کرد و باسی عێراقتان کرد لەوێش هەمان قسە دەکەم، شتی دیکەم پێ نییە لەوێ بیکەم.

رووداو: ئەی رۆڵى جيهان چى ده‌بێت بۆ چاره‌سه‌رى قەیرانی سووریا

بارزانى: قه‌يرانى سووريا له‌وه‌ ده‌رچووه‌ له‌كۆڕبه‌ندێكى وا چاره‌سه‌ر بۆ قەیرانی سووریا بدۆزرێته‌وه‌، من پێموايه‌ رێككه‌وتنێك هه‌يه‌ له‌نێوان ئەمریکا و رووسیا، هەندێکی رەنگە توركيا به‌شداربێت، ئێران به‌شداربێت، هه‌ندێك ئوردن به‌شدار بێت، هه‌ندێك عێراق به‌شداربێت، به‌ڵام رێککەوتنە‌ ئه‌ساسييه‌كه‌ له‌نێوان ئه‌مريكا و رووسيايه‌ وه ‌كه‌سيش نازانێت به‌ وردى چی بووه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ خۆ ماندوو كردنه‌ و ده‌بێت بزانين ئه‌وان چ بڕيارێكيانداوه‌ و چى ده‌كه‌ن.

پرسيار: له‌په‌راوێزى ئه‌و كۆڕبه‌نده‌ جیهانییە کە به‌شدارن، به‌تايبه‌ت هه‌ندێك رێكخراوى نێوده‌وڵه‌تى هه‌ن باس له‌وه‌ ده‌كرێت هه‌ندێكجار بەرێکەوت وا رێككه‌وتووه‌ رێكخراوێك هاتووه‌ و چاوه‌ڕوانی دەکرا‌ شتێكى ناخۆش بڵێت له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان، كه‌چى بەپێچەوانەوە ستايشى مافى مرۆڤ و ره‌وشى هه‌رێمى كوردستانى كردووه‌ لەگەڵ ئەو لایەنانە شتێكى وا روويداوه؟

بارزانى: سه‌باره‌ت به‌ ئێمه‌ ئه‌و رێكخراوه‌ى له‌هه‌موويان ئيعتبارى زياتره‌ و راستگۆترە و ئەمینترە‌، خاچى سوورى نێوده‌وڵه‌تييه‌، سه‌رۆكه‌كه‌يان هەفتەیەک پێش ئێستا هات بۆ هه‌رێمى كوردستان، ئه‌وان زۆر زۆر مه‌منون و زۆر رازين له‌ ره‌فتارى هه‌رێمى كوردستان و زۆريش په‌سه‌ندى ره‌فتارى ده‌سه‌ڵاتى ده‌زگا ئه‌منييه‌كان و پۆلیسی هه‌رێمى كوردستانيان كردووه‌، به‌نیسبه‌تى ئێمه‌ شه‌هاده‌تى ئه‌وان شه‌رته‌، خه‌ڵكى دیکەيش هه‌ندێكجار لايه‌نگرن هه‌ندێكيش هەندێکجار بەڕاستی موغريزانه‌ راپۆرت دەدە‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ى به‌لاى ئێمه‌وه‌ مه‌به‌سته‌ رێكخراوى خاچى سووره‌، ئه‌ويش زۆر زۆر هه‌ڵوێستيان ئەرێنییە ‌و زۆر رازين له‌ هه‌رێمى كوردستان.

رووداو: خه‌ڵكى كوردستان زۆر به‌تامه‌زرۆوە هەمیشە کە بەڕێزتان‌ سه‌ردانى ئه‌وروپا ده‌كه‌ن به‌تايبه‌تی له‌م كۆڕبه‌نده‌ گرنگانه‌ى جيهان به‌شدار ده‌بن، هه‌ميشه‌ حه‌ز ده‌كه‌ن بزانن به‌ڕێزتان به‌ چ ئومێدێكه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ كوردستان و چيان پێ ده‌ڵێن چونكه‌ بارودۆخه‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ ناخۆشه‌ له‌كوردستان ئێستا و ئومێدیان بە بەڕێزتانە.

بارزانی: ئەوەی من پێمکرابێت کردوومە و ئەوەی پیشمبکرێت دەیکەم بەڵام عەسای سیحريم پێ نييه‌، پێويسته‌ ته‌وقعاتيش له‌ جێگاى خۆى بێت، ئه‌گه‌ر پێمكرابا زۆر شتم ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌مان پێكراوه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر من سه‌فه‌رێكم بكه‌م يه‌كسه‌ر چاوەڕوانی ئه‌وه‌ بكه‌ن کە گەڕامەوە گۆڕانێكى بنه‌ڕه‌تى له‌هه‌موو شتێك رووده‌دات، پێويسته‌ تۆزێك واقيعیتر بن خەڵکی خۆشمان.

پرسيار: ئێستا كه‌ کورد سیاسەتێکی دیپلۆماسی سەرکەوتووی هەیە و زۆربەی وڵاتانی جیهان بەتایبەتی ئەوروپا لەسەر ئاستێکی باڵا پێشوازی لە بەڕێزت دەکرێت و وەک سەرۆکی وڵاتێک پێشوازیت لێدەکرێت بەڵام هەندێ لایەنی عێراقی هەیە بەتایبەتی لە عێراق هەوڵی لەباربردنی ئەو دیپلۆماسییەتەی کورد دەدەن کە هەیە زۆرجار ئەو هەوڵەشیان داوە ئایا لەو هەوڵانەیان سەرکەوتوو بوون؟

بارزانى: به‌داخه‌وه‌ نه‌ك هه‌ندێك لايه‌نى عه‌ره‌بى عێراقى، به‌ڵكو هه‌ندێك كورديش تێكه‌ڵ بوونه‌ له‌گەڵ ئەوان لەو هه‌وڵە خراپانەدا. به‌ڵام سوپاس بۆ خوا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوونه‌ و سه‌ریش ناکەون.

پرسيار: له‌ سه‌ردانەکەی مالیکی بۆ تاران باسیکردبوو دەبێت پێشمه‌رگه‌ بكشێته‌وه لەو شوێنانەی کە ئێستا ئازادی کردوون.

بارزانى: با هەر بۆ خۆی بڵێت مالیكى، پێشمه‌رگه‌ نه‌ به‌ قسه‌ى مالكى ده‌كشێته‌وه‌ و نه‌ كه‌سيش ده‌توانێت پێشمه‌رگه‌ ئيجبار بكات بكشێنه‌وه‌ له‌و شوێنەی کە پێويسته‌ لێى بن.

پرسیار: ئەو شوێنانەی کە دیاری کراون ناکشێنەوە؟

بارزانی: دیارە سنوورەکە کوێیە و رێککەوتووین لەسەریشی ئێمە هه‌ماهه‌نگيمان هه‌يه‌ له‌گه‌ڵ سەرۆکوەزیران بەڕێز عه‌بادى ، لەگەڵ سوپای عێراقی، لەگەڵ ئەمریکا، لەبەر ئەوە خه‌ڵكى ديكه بۆخۆیان چى ده‌ڵێن با بيڵێن.
پرسيار: له‌سه‌ر داهاتووى موسڵ ئێستاش ترسى ئەوە هەیە کە رێكنەکەوتنێک هه‌بێت یان ‌حاڵەتێک هەبێت لە رێککەوتنەکە پاشگەز ببنەوە لێی؟

بارزانى: بۆچوونی من وابوو، پلانی دواى رزگاركردنى موسڵیشمان هەبێت لەگەڵ پلانی سەربازی، به‌ڵام پەلەیان بوو لايه‌نه‌كانى ديكه‌‌. رێككه‌وتنه‌كه‌ ئه‌وه‌يه‌ کۆمیتەیەکی باڵا  له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا پێکبهێندرێت بۆ ئەوەی هاوکار بن ئەگەر هه‌ر شتێكی نەخوازراو روويدا زوو کۆنترۆڵی بکەن و نەهێڵن تەشەنە بکات، بەڵام بەڕاستی پێشمەرگە زۆر بەباشی پابەند بووە بە رێککەوتنەکە و سوپای عێراقیش پابەندی تەواوی کردووە، پلانه‌كه‌ زۆر به‌ رێكوپێكى به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، پێنج خولەک پێش ئەوەی بێمە ئێرە‌ هه‌واڵ هات كه‌ قه‌زاى تلكێفيش تەواوبووە و به‌ ته‌واوى رزگار كراوه‌.

پرسیار: پێشمەرگە لەڕووی نێودەوڵەتییەوە بە هێزێکی فەرمی دەناسرێت ئەگەر هاتوو داواکرا لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانیش پێویست بە هاوکاریی پێشمەرگە هەبێت ئایا پێشمەرگە دەچێتە ئەو شوێنانە؟

بارزانی: ئاسان نییە ئێمە پێشمەرگە بنێرینە دەرەوەی هەرێمی کوردستان، بەڵام بزانین لەکوێ و چۆن داواکارییەکی وابکرێت، ئەگەرچی مەبدەئییەن زۆر زەحمەتە پێشمەرگە بنێرینە دەرەوەی هەرێمی کوردستان.

رووداو: ستایشکردنی پێشمەرگه لە هەموو جیهان دەکرێت و سەرۆکی فەرەنسا بەتایبەتی هەمیشە ئاماژەی پێدەدات، زۆربەی پسپۆڕانی جیهان ئێستا کە باسی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ دەکرێت باس لەوە دەکەن کە عێراق رووبەڕووی چەند قەیرانێک دەبێتەوە، بەڕێزتان چی دەڵێن؟

بارزانی: عێراق رووبەڕووی زۆر قەیران بووەتەوە، قەیران ئەوەندە زۆرە لە عێراق، تەرکیزەکە ئێستا لەسەر شەڕی داعشە و لەسەر رزگارکردنی موسڵە، هەماهەنگی ئێمەیش هەر لەو بوارەدایە ئەگینا ئەوەی دیکە هەمووی قەیرانە، سەرۆکی فەرەنسا رۆژی دووەمی ساڵی نوێ هات و پێکەوە چووینە 12 کیلۆمەتری موسڵ، هەموو بەرەکانی پێشەوەی شەڕی بینی، زۆریش خۆشحاڵ بوو و ئێمەیش زۆر خۆشحاڵ بووین زۆریش سوپاسی دەکەین و رێزمان هەیە بۆی، دوای ئەو سەرۆکوەزیرانی تورکیاش هات دیسان هەر چووینەوە هەمان شوێن ئەمە هەمووی دەلیلی گرنگیدانە بە هەرێمی کوردستان و بە پێشمەرگە.

رووداو: وێنەکانتان لە میدیاکانی جیهان بڵاوبووەوە بەتایبەتی لە فەرەنسا زۆر باسی لێکرا، من باسی ئەو ئایدۆلۆژییە دەکەم کە چۆن رووبەڕووی دەبنەوە دوای کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ؟

بارزانی: دەبێت هاوکار بین و هەوڵبدەین لەگەڵ بەغدا بە هاوکاریی یوئێن و هاوپەیمانان نەهێڵین کێشەی وا رووبدات، ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی رۆڵێکی ئەرێنی ببینین بۆ چارەسەری گرفتەکان، بابزانین چۆن دەبێت هێشتا شەڕەکە تەواو نەبووە و شەڕی قورس رەنگە لەوبەری دیجلە زیاتریش بێت.

پرسیار: لەبارەی شنگالەوە ئێستا ئەمریکایش هاتووەتە سەر خەت و لە چەند بۆنە و رێوڕەسمێکدا ئاماژەت بەوەکردووە کە نابێت شەڕی براکوژی دروستبێتەوە لە هەرشوێنێک کوردی لێبێت، پەکەکەش پێداگری دەکات لەوەی کە لە شنگال دەمێنێتەوە، چارەسەر بۆ ئەوە چییە و دەبێت چی بکرێت؟

بارزانی: کاتێک کە پێویست بوو پێشمەرگە بچن بۆ کۆبانێ رۆڵی خۆیشیان بینی و هەموو جیهانیش دەزانێت کە پێشمەرگە نەیهێشت کۆبانێ بکەوێت، کە کارەکەیان تەواو کرد پێشمەرگەمان کشاندەوە، پەکەکەش دەبێت هەمان شێوە بکات، لەگەڵ ئەوەش خەڵکی شنگال خۆیان بڕیار دەدەن ئێمە ئەو دەرفەتەمان بۆ خەڵکی شنگال رەخساندووە و زیاتریش دەیڕەخسێنین کە خۆیان هەڵبژاردن بکەن، چیان هەڵبژارد ئێمە رێز لەوە دەگرین و دەبێت هەموو لایەنەکانی دیکەیش رێز لە بڕیاری ئەوان بگرن، بە هیچ شێوەیەکیش رێگە بە پەکەکە نادەین کە ئەوان سیغەیەکی موعەین بەسەر خەڵکی شنگال بسەپێنن.

پرسیار: پێتوایە گشتپرسییەک بکرێت بۆ ئەوە؟

بارزانی: خۆیان چیان پێ خۆش بێت ئێمە پشتگیرییان دەکەین.

پرسیار: ئێستا ترس هەیە لە عێراق کە لایەنێک دەیەوێت زۆرینە بسەپێنێت پێشتر رێککەوتن لەسەر ئەوە بوو کە دەبێت تەوافوق لە عێراق هەبێت، دەستووری عێراق بەهەمانشێوە نووسراوەتەوە،لەو حاڵەتەدا زۆرجار کورد لە مافەکانی خۆی بێبەش دەکرێت، دەبێ چیبکرێت؟ 

بارزانی: لە دەستووری عێراق کە بەداخەوە خەڵکێک هەیە نە دەستوور دەخوێننەوە نە بیریان دەمێنێت، هاتووە کە مانەوەی عێراق بە یەکپارچەیی مەرجی سەرەکیی ئەوەیە کە پابەندبن بەو دەستوورەوە، زۆر لەمێژە کە ئەم دەستوورە فڕی دراوە، نە پابەند دەبن پێوەی و نە کاریشی پێکراوە، وە مەترسیترین هەنگاو ئەمەیە کە ئێستا ئاماژەت پێدا کە بانگەوازە بۆ حوکمی زۆرینە، هەمیشە ژمارەی ئێمە کەمترە و لە پەرلەمان ئەگەر بوو بە دەنگدان هەمیشە ئێمە دۆڕاوین، لەسەر ئەو بنەمایە ئێمە کاتی خۆی بەشدار بووین و هەموو شتێکمان کرد کە بنەما تەوافوقە و ئەوەی پەیوەندی بە کوردەوە هەیە نابێ بسەپێندرێت بە زۆرینە و کەمینەی دەنگ.

بەداخەوە ئێستا پەنایان بردووەتە بەر ئەوە و بەداخەوە هەندێ کوردیشیان لەگەڵە، لەبەر ئەوە بەهیچ شێوەیەک ئەمە قابلی قبوڵ نییە و لەسەر ئەو پرسە بە جیددی رادەوەستین و ئەگەری هەیە هەندێ بڕیاری زۆر گەورەش بدەین، هیچ بیانوویەک نەماوە ئێمە بەشدار بین لەو پەرلەمانە، لەگەڵ لایەنەکانی دیکەیش راوێژ دەکەین، بەڵام ئەوە پرسێکە کە بڕیاردان لە چارەنووس و ئەو پرسانەی کە پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە بە زۆرینە و کەمینەی دەنگەکان بەهیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە.

پرسیار: زۆرجار کێشە ناوخۆییەکان براونەتە بەغدا..

بارزانی: نە ئەو رێگایە دەدەین و نە قابلی قبوڵیشە و نە سەریش دەگرێت ئەو هەوڵانە، بە راوێژ لەگەڵ لایەنەکانی دیکەیش بڕیاری پێویست دەدەین لەمبارەیەوە.

پرسیار: خەڵک داوا دەکەن مافی ژیانیان دەستەبەر بکەن، مووچە باشتر بێت و دۆخەکە باشتر بێت، دۆخی ئابووری کەی چارەسەر دەکرێت؟

بارزانی: مەعقول نییە کەسێک وابیربکاتەوە کە ئیمکانیات هەیە و ئەو قەیرانە بەردەوام بێت، ئەوە دیارە کە ئێمە تووشی شەڕی داعش بووین، شەڕی داعش زۆر بارقورسی هەیە، خەڵک لە دوورەوە سەیر دەکات بەڵام بێنە ناو شەڕەکە کە دەبینن چەند لە لایەنی ماددیەوە بارقورسییە، 1050 کیلۆمەتر سنوورە، تۆ ئەگەر ئیهمالی بکەی داعش دێت و گورزێک لەتۆ دەوەشێنێت، بۆ ئەوەی ئیهمالی نەکەی دەبێت هێڵی بەرگریت بەهێز بێت، لەولاوە بودجە بڕا، زۆر کەس دەڵێن بودجە بڕا بۆ ئەوەی ئێمە نەوتمان هەناردەکرد، مالیکی بودجەی بڕی دواتر ئێمە نەوتمان هەناردە کرد، دابەزینی نرخی نەوت، نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارە کە ئەوانە هەمووی بارقورسی بوون لەسەر ئێمە و هەروەها سیستەمی ناسەرکەوتووی ئیدارەی ئێمەش و ئەو گەندەڵییەی کە هەیە ئەوەش هۆکاربوو، بە دڵنیاییەوە ئەگەر 600 ملیار دۆلارمان هەبوایە وەک دەڵێن هەمانە دۆخی کوردستان بەوشێوەیە نەدەبوو.

هەموو بودجەی عێراق لە چەند ساڵی رابردوو ناکاتە 600 ملیار دۆلار چۆن من یان پارتی ئەو پارەیەمان دەستکەوتووە، هەندێ شت هەیە ئەگەر بەس ئەقڵی خۆت بەکاربهێنی ئەو باسانە ناکرێت. هەموو هەوڵێک دراوە کە زوو ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت، بەنیسبەت ئێمە زۆر ناخۆشە کە ببینم گەلی ئێمە ئازار ببینێت و تووشی زەحمەت ببێت و منداڵیان لە دۆخێکی ناخۆشدا بێت، بەڵام بەڕاستی دۆخەکە واهاتووەتە پێش، ئێمەیش تەنیا ئێستا ئەو نەوتەمان هەیە کە دەیفرۆشین، با هەموو دنیا بێن، حیزبەکانی ناوخۆ بێن، پارە هەر ئەوەندەیە وەرن ئەو پارەیە دابەشبکەن، گەلی ئێمەیش دەبێت سەبری هەبێت، بەڵام هێرشێکی زاڵمانەیش هەیە و موبالەغەیش دەکرێت و هاندانیش هەیە، پێویستە خەڵکی ئێمەیش ئەو دۆخە لەبەرچاو بگرن، هەوڵەکان بەردەوامن و دەبێت بەردەوامیش بن و هەموو هەوڵێک بدەین بۆ ئەوەی ئەو قەیرانە داراییە چارەسەر بکرێت، بەس ئەوەش دۆخەکەیە.

رووداو: پسپۆڕانی ئابووری دەڵێن نابێت عێراق و هەرێمی کوردستان هەمیشە پشت بە نەوت ببەستن چونکە ئەو بەرزی و نزمییە دەتوانێت ئەو وڵاتانە رووبەڕووی ئەو قەیرانانە بکاتەوە، بۆچی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا هەوڵی نەداوە لە بەشەکانی دیکەدا بەرهەمی زیاتری هەبێت و بتوانێت قەیرانی ئابووری چارەسەربکات؟

بارزانی: ئەوە راستە و رای منیش لەگەڵ ئەوە بووە ئێمە دوو خاڵی بەهێزمان هەیە کە یەکێکیان کشتوکاڵە و یەکێکیان گەشتوگوزار کە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمەودوا زۆر زۆر گرنگی بەو دوو کەرتە بدات، هیچ گەرەنتییەک نییە کە نەوت هەمیشە بەردەوام بێت، ئەمانە دوو سەرچاوەی زۆر زۆر گرینگن، ئەو قەیرانە تا ئاستێکی زۆر بۆ خەڵکیش دەریخست کە دەبێت متمانەیان لەسەر خۆیان بێت، بۆ نموونە پرسی کشتوکاڵ لە گوندەکان بووژاوەتەوە، جاران خەڵک لە گوندەکانەوە دەهاتنە ناو شار و دەیانویست مووچەخۆر بن، ئەو ژمارە زۆرە مووچەخۆریش لە هیچ شوێنێکی جیهان نییە کە ئەوەش یەکێکە لە هەڵە زۆر زۆر گەورەکان، بۆیە ئەمەش رەنگە زۆر یارمەتیدەر بێت کە خەڵکەکە بڕوا بهێنێت کە دەبێت زیاتر متمانەیان بەخۆیان هەبێت، خەڵک دەتوانێت خۆی بژیەنێت بۆ نموونە ئێستا ژیانی ئەوانەی لە گوندەکانن زۆر باشترە لەوانەی لە شارەکانن کە ئەوەش ئەزموونێک بوو. هیچ شتێک هەمووی خراپ نییە و هیچ شتێکیش هەمووی باش نییە.

پرسیار: دەڵێن زۆرجار کورد هێلکەکانی لە یەک سەبەتە دادەنێت، دەکرێت کورد ئێستا دەروازەی دیکەیشی هەبێت بۆ هەناردەکردنی نەوت بۆ نموونە لەڕێگەی ئێرانەوە؟

بارزانی: لە هەرکوێ رێگە بدەن ئێمە ئامادەین ئەوە دەمێنێتەوە سەر لایەنەکانی دیکە، هەرکەس رێگە بدات ئێمە پێمانخۆشە و ئامادەیشین هاوکار بین لەو بارەیەوە.

رووداو: سەرۆکوەزیرانی تورکیاهاتە هەرێمی کوردستان، ئایا هیچ رێککەوتنێکی ئابووری کراوە؟

بارزانی: شاندێکی گەورەی لەگەڵ بوو کە کۆمەڵیک وەزیری گەورە بوون، لە وزە و بازرگانی کە لەگەڵ حکومەتی هەرێم کۆمەڵێک کۆبوونەوەی گرنگیان ئەنجامدا و گەیشتنە هەندێ رێککەوتنی باش، کە دەتوانم بڵێم ئومێد هەیە بۆ باشتر بوونی دۆخەکە.
 

داڕشتنەوە؛ عومەر شایان


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە