پێشبینی دەکرێت ئەمشەو لە بەشێکی پارێزگای هەولێر تەم بێت

رووداو دیجیتاڵ
 
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سبەی کەشوهەوا جێگیر دەبێت و پلەی گەرما هاوشێوەی ئەمڕۆ دەبێت. کەشناسێک ئاماژە بەوە دەکات، پێشبینی دەکرێت رۆژی دووشەممە شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستانی بگرێتەوە؛ باس لەوەش دەکات، ئەمشەو لە سنووی پارێزگای هەولێر تەم دروست دەبێت.
 
رۆژی هەینی 19-01-2024، کەشناسیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، سبەی ئاسمان نیمچەهەور دەبێت و پلەی گەرما نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ.
 
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە کاژێر 12:00ـی ئەمشەوەوە لە بەشێکی سنووری پارێزگای هەولێر تەم دروست دەبێت و تاوەکو کاژێر 04:00ـی بەرەبەیان بەردەوام دەبێت.
 
ئەو کەشناسە ئاماژەی بەوە کرد، پێشبینی دەکرێت 22ـی ئەم مانگە شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان بگرێتەوە و بۆ ماوەی شەش رۆژ بەردەوام بێت.

 

ئاراس جەبار گوتیشی، دواتر شەپۆلێکی سەرما هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر دەبارێت.
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرما سبەی بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت:
 
هەولێر؛ 17 پلەی سیلیزی
سلێمانی؛ 16 پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 15 پلەی سیلیزی
کەرکووک؛ 19 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە؛ 17 پلەی سیلیزی
زاخۆ؛ 16 پلەی سیلیزی
گەرمیان؛ 21 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران؛ 8پلەی سیلیزی
سۆران؛ 14 پلەی سیلیزی